لە هەڵبژاردنە خۆجێیەکانی ٣١ ی ئاداری ناوچەی پاسوری ئامەد، سەرەڕای ئەوەی ٢ هەزار سەرباز و پۆلیس وەک دەنگدەر لە دەرەوە هێنرابوون، بەڵام دەم پارتی ٤ هەزار و ٢١٨ دەنگ زیاتری لە ئاکەپە هێناو و شارەوانییەکەی بردەوە.
هاوسەرۆکانی شارەوانی پاسور موراد ئیپەک و فاتمە ئای و ئەندامانی مەجلیس ئەمڕۆ لە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی ناوچەکە، مەرسومی خۆیان وەرگرت و بە فەرمی دەستبەکاربوون.
هاوسەرۆکانی شارەوانی لەبەردەم شارەوانی لەگەڵ گەلدا کۆبوونەوە، دانیشتووانی ناوچەکە پانکارتی "قەیومی خەیاڵی لێرە شاراوەتەوە" بەرزکردەوە، سروودی "وەرنە پێش"یان گوتەوە و سەرکەوتنی هەڵبژاردنیان پیرۆز کرد.
پاشان هاوسەرۆکان و گەل بەرەو شارەوانی بەڕێکەوتن کە لەدەستی قەیوم سەندرایەوە.
لە شارۆچکەی وەیسەل قەرەنی ناوچەی خانە هاوەلی سێرت، هاوسەرۆکانی دەم پارتی ئەنەس جەنگیز و بەرفین ئەڤرەن مەرسومی خۆیان لە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی ناوچەکە وەرگرت. هاوڵاتیان و پەرلەمانتار سەباحەت ئەردۆگان ساریتاش، هاوسەرۆکانی شارەکە ئەشرەف تەکین، ڕەوشەن ئاسڵان و بەڕێوەبەرانی ناوچەکە پێکەوە چوونە شارەوانی.