هەدەپە هێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی سلێمانیی ئیدانه کرد

دەستەی بەڕێوەبەریی ناوەندی پارتی دیموکراتیکی گەلان (هەدەپە) هێرشەکەی دەوڵەتی تورکی بۆ سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی سەرکۆنە کرد و داوای لە نەتەوە یەکگرتووەکان، بەغدا و هەولێر کرد، هەڵوێستێکی ڕوون بگرنەبەر.

هەدەپە لەسەر هێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە" هێرشە سیستماتیکی و بەرنامە بۆ داڕێژراوەکان بۆ سەر خاکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ناوچە مەدەنییەکان، بارودۆخێکی مەترسیداریان بۆ تەواوی ناوچەکە دروستکردووە. هێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی نێونەتەوەیی سلێمانی لە ۷ی نیسانی ۲۰۲۳ بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە کاتێکدا بوو، کە لە ۳ی نیسانی ۲۰۲۳ەوە لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە ئاسمانی تورکیا بە ڕووی فڕۆکەخانەی سلێانی دا داخرا، بەو هێرشەش ئاستی مەترسیەکانی زیاتر کردووە.

لە ڕاگەیاندراوەکەی هەدەپەدا هاتووە: "هەرچەندە ئەو هێرشە بۆ سەر ئەو فڕۆکەخانەیە، کە ساڵانە لەلایەن ملیۆنان هاوڵاتیی مەدەنییەوە بەکار دەهێنرێت و هیچ قوربانییەکی گیانیی نەبوو و ئەوەش ڕای گشتیی هەندێک ئاسودە کردبێت، بەڵام گرنگە هەموو ڕای گشتی بە تایبەتی خەڵکی سلێمانی هێزەکانی پشت ئەو هێرشە ئاشکرا بکەن.

لە ئەنجامی ئەو هێرشی هاوشێوەی پێشوتردا ژمارەیەکی زۆر لە هاوڵاتیانی مەدەنی کوژراون و ئەنجامەکانی لێکۆڵینەوەکان ئاشکرا نەکراون، ئەوەش ڕێگە خۆشکەرە بۆ بەردەوامیدان بەمجۆرە هێرشانە. ئاشکرایە هێزەکانی پشت هێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی دەیانەوێت بە داخستنی هەرێمی کوردستانی عێراق لە بازنەی توندوتیژدا، سوود لە ژینگەی ململانێی نێوان لایەنەکان وەربگرن. لەبەر ئەوەش داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، حکومەتی ناوەندیی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق دەکەین، کە هەڵوێستێکی ڕوون بەرامبەر بە هێرشانە بگرنە بەر، کە ڕاستەوخۆ خەڵکی مەدەنی دەکەنە ئامانج و پرۆسەی ئاشکراکردنی بکەرانی ئەو جۆرە کارانە بە شێوەیەکی ڕوون و ئاشکرا بەڕێوەببەن. ئەگەر بەو شێوەیە نەبێت، ئەم هێرشه هەم تەواوی عێراق و هەم هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی بەرنامە بۆ دانراو و سیستماتیک دەگۆڕێت بۆ ناوەندی ناکۆکی و قەیران. بەو بۆنەیشەوە سەرەخۆشیی خۆمان لە خەڵکی سلێمانی دەکەین و دەمانەوێت بزانن، کە لە بەرامبەر ئەو هێرشە تاریکانەدا لەگەڵیانداین".

ژ.ت