وتەبێژانی کۆمیتەی مناڵانی هەدەپە، نورای تورکمان و حوسێن کاچماز، ڕایانگەیاند: "مناڵێکی ١٤ ساڵ بەناوی "ی. د." لەلایەن پۆلیسەوە ڕفێنراو ئەشکەنجەدرا لە شارۆچکەی لجێ لە ئامەد، بە پاساوی بەشداری لە ئاهەنگی نەورۆزی ئەمساڵ. مناڵەکە ناچارکرا بە سوکایەتیکردن بە کورد و گوتنەوەی دروشمی سەربەخۆیی و هەڵبەستی محەمەدچیک. بۆیە بەتوندی ئەشکەنجەدرا".
ڕاگەیاندراوەکە دەڵێت: "ئەم دۆسیەیە خرایە بەردەستی دادگای تاوانی یەکەمی ئامەد، سێ پۆلیسەکە بەپاساوی نەبوونی بەڵگەی پێویستی تاوانی ئەشکەنجەدان ئازادکران. ئەم پەرەسەندنە، لەگەڵ پاداشتکردنی پۆلیسانی ئەشکەنجەدەر، دەرگا دەکاتەوە لەبەردەم ئەشکەنجەی نوێ، بەم شێوەیە دادوەر پەیامی "ئێمە لەپشتی ئێوەین" دایە پۆلیسە ئەشکەنجەدەرەکان.
تاوانی توندوتیژی دژی مناڵانی کورد، بەزۆر شێوە دژی مناڵانی کورد لەلایەن پۆلیسەوە پیادە دەکرێت. بەرەڵاکردنی تاوانەکە و تاوانباران، دەربازبوون لە سزا و نەبوونی ڕێکاری گونجاو، یەکناگرێتەوە لەگەڵ یاسای نێودەوڵەتی و لۆکاڵی. ئەمە یەکێکە لە سیماکانی سیستەمی یاسایی دووڕووانە، یاساکان بەگوێرەی کەسەکان و جوگرافیا و ڕووداو و مەبەستە سیاسییەکان جێبەجێ دەکرێن. ئەم ستەمە ویژدانی ڕای گشتی بریندار دەکات، نابێت تاوانباران بێ سزا دەربازبن. وەک ئەنجامی دادگایەکی کارا، پێویستە بڕیاری سزادەری پێویست دەربچن، نابێت ئەشکەنجەدەران بێ سزا دەربازبن.
ئێمە وەک هەدەپە، ناوەستین لە تێکۆشانمان دژی سیاسەتی دەربازبوون لە سزا کە ساڵانێکە لە کوردستان پیادە دەکرێت، دژی پەردەپۆشکردنی ئەشکەنجە و تاوانی کوشتن".