هەفتەی ٥٨٣ ی ئێشکگری ئازادی: بێ ڕێبەرێتی ژیان نابێ

٥٨٣ هەمین هەفتەی ئێشکگری ئازادی بۆ ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە شاری ستراسبۆرگی فەرەنسا بەردەوامە، کۆمەڵێک لە پاریسەوە هاتن و ئێشکگرییان لە کۆمەڵەی پێشوو وەرگرت.

"ئێشکگری ئازادی"ـی دەسپێشخەریی ئازادی بۆ ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، لەپێناو ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و هەڵگرتنی گۆشەگیری، لە ٢٥ ی حوزەیرانی ٢٠١٢ ـەوە لە شاری ستراسبۆرگی فەرەنسا دەستی پێ کرد، هێشتا بەردەوامە.

ئێشکگرییەکە لە شوێنی هاوبەشی دامەزراوەکانی ئەوروپا، لەلایەن کوردانی ئەوروپا و دۆستەکانیانەوە بەڕێوەچوو. ئەم هەفتەیە، وڵاتپارێزان لە ناوچەی درانسی پاریسەوە هاتن و ئێشکگرییەکەیان بەڕێوەبرد.

فازڵ کۆبانێ و موستەفا گریشکین و محەمەد ئاجار، لەنێو کۆمەڵەی ئێشکگرەکان بوون.

فازڵ کۆبانێ بە ناوی کۆمەڵەکەوە قسەی کرد، ئاماژەی بەوە کرد، ٥٨٣ هەفتەیە بۆ ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ئێشکگری دەکەن و گوتی: "سێ ساڵە هیچ هەواڵێکمان لەبارەی ڕێبەرێتیمانەوە نییە. ئێمە لەبەردەم (سی. پی. تی.) دەوەستین. (سی. پی. تی.) دەڵێت چاوپێکەوتنی کردووە، کەچی هیچ ڕاپۆرتێکی نەخستۆتە ڕوو و هیچ زانیارییەکانی نەداوە". هەروەها بانگەوازی لە کوردان کرد، دەنگیان هەڵبڕن.

هەروەها فازڵ کۆبانێ گوتی: "چەند جار لەپێناو ڕێبەرێتی هاتینە گۆڕەپانەکان بە درووشمی "بێ ڕێبەرێتی ژیان نابێ" بەڵام نابێ تەنها بە گوتن بمێنێتەوە. بەتایبەت گەنجان و ژنان و جڤاک، دەبێت پێکەوە ئەم درووشمە بکەنە پراکتیک".