حەلبوسی و خەنجەر دوای بارزانی چییان پێشکەشی ئەردۆغان کرد

کۆبونەوەی بەرپرسانی عێراق و هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەردۆغانی سەرۆککۆماری تورک و بەرپرسانی میتی تورک ، رێگەی بۆ ناڕەزایی و نیگەرانی جددی عێراقیەکان و کورد کردەوە.

چاودێرێكی سیاسی عێراقی ڕایدەگەیەنێت، تورکیا لە ڕێگەی ئەو سیاسییانەوە دەستێوەردان لە کاروباری ناوخۆیی عێراق دەكات، کە مەترسیدارە و ڕەنگە بەم زووانە ڕوونتر ببێتەوە، دەشڵێت: کۆبوونەوەکان مەترسیدارن و بێدەنگی لە ئۆپەراسیۆن و تاوانەکانی سوپای تورکیا لە عێراق فراوانتر دەکات.

دوێنێ، محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و خەمیس خەنجەر، سەرۆكی هاوپەیمانی سەروەری سوننەكان لەگەڵ تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی توركیا كۆبوونەوە و بەپێی ڕاگەیەندراوی نووسینگەی سەرۆكی پەرلەمان، لە كۆبونەوەكەدا، “تاوتوێی پەیوەندی دۆستانە و هەماهەنگی و هاریکاری نێوان هەردوو وڵات کرا لە سەرجەم بوارەکان، لەگەڵ هاریکاری لە بواری ئاڵوگۆری زانیاری ئەمنیی و هەواڵگریی”.

هەر بەپێی ڕاگەیەنەدراوەکە، ئەردۆغان جەختیكردووەتەوە، لەسەر “پشتیوانییەکانی بۆ عێراق و دامەزراوە دەستوورییەکانی و بەردەوامیی هاریکاری و هەماهەنگیی بەو جۆرەی سەقامگیری لە عێراقدا دەستەبەر دەکات و خزمەت بە گەلی عێراق دەکات”.

دیدارە دووبارەکانی نێوان خەنجەر و حەلبووسی لەگەڵ ئەردۆغان و بەرپرسانی دیکەی تورکیا شەقامی عێراقیی تووڕە کردووە و دەڵێن: ئەوە پێشێلکردنی سەروەریی عێراقە و پرسیار لەسەر دیمەنەکانی کۆبوونەوەکان دروست بووە.

عەلی موسەوی، چاودێری سیاسی عێراقی بە ئاژانسی هەواڵی ڕۆژنیوزی راگەیاندووە: "کۆبوونەوەکانی نێوان خەنجەر و حەلبوسی لەگەڵ تورکەکان پەیامی ئەوەیان هەیە، کە هاوکاری ئابووریی هەیە، کە لە قۆناغی داهاتوودا دەرگاکان بۆ وەبەرهێنانی تورکیا لە عێراق دەکاتەوە.

دەشڵێت: تورکیا لە ڕێگەی ئەو سیاسییانەوە كە بوونەتە شوێن كەوتووی توركیا، بە دەستێوەردان لە کاروباری ناوخۆی عێراق تێوەگلاوە، کە مەترسیدارە و ڕەنگە بەم زووانە ڕوونتر ببێتەوە.

موسەوی وتیشی: کۆبوونەوەکان مەترسیدارن و بێدەنگیی لە ئۆپەراسیۆن و تاوانەکانی سوپای تورکیا لە عێراق فراوانتر دەکات، تورکیا ئەجێنداكانی خۆی بەسەر سیاسەتمەدارە عێراقییەکاندا دەسەپێنێت.

باسی لەوەشكرد، باشتر دەبوو باس لە پێشێلکارییەکانی تورکیا بکەن لە عێراق، نەک گفتوگۆیەکی سیاسی گوماناوی هەبێت.

ف.ق