هێرشی سەر کارمەندانی ژن تیڤی شەرمەزارکرا
دەوڵەتی تورک لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان ئۆتۆمبیلێکی ژن تیڤی کردە ئامانج و کارمەندێکی کوشت و کارمەندێکی تری بریندار کرد، لە هامبۆرگ بە گردبوونەوەیەک ئەم هێرشە شەرمەزارکرا.
دەوڵەتی تورک لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان ئۆتۆمبیلێکی ژن تیڤی کردە ئامانج و کارمەندێکی کوشت و کارمەندێکی تری بریندار کرد، لە هامبۆرگ بە گردبوونەوەیەک ئەم هێرشە شەرمەزارکرا.
بە ئامانجی شەرمەزارکردنی دەوڵەتی داگیرکەری تورک کە ڕۆژی پێنج شەممە لەسەر ڕێگەی قامیشلۆ_عامودا هێرشی کردە سەر کارمەندانی ژن تیڤی، لە شاری هامبۆرگی ئەڵمانیا، گردبوونەوەیەک ئەنجامدرا.
گردبوونەوەکە لەلایەن مەجلیسی ژنانی ڕۆژبین لە هامبۆرگ و ڕێکخراوی بەرگری لە ڕۆژئاواوە ڕێکخرا، لە گردبوونەوەکەدا، وێنەی کارمەندی ژن تیڤی نەجمەدین فەیسەڵ حاجی کە لە هێرشەکەدا شەهیدبوو بەرزکرایەوە، لەگەڵ بەرزکردنەوەی پانکارتی "پێویستە سوپای داگیرکەری تورک دەستی لەسەر کوردستان بکشێنێتەوە".
نوێنەری مەجلیسی ژنانی ڕۆژبین، لەیلا کایا، گوتی: "بە کوشتنی ئەوان، ناتوانن تێکۆشانمان بوەستێنن. کوردان ئازادیخوازن، باجی ئازادی هەرچییەک بێت، تازە لەم ڕێگەیە پاشەکشە ناکەن".
چالاکوانی مافەکانی ژنان، ئەنجا فلاچ بەناوی بەرگری لە کوردستانەوە قسەی کرد، ئاماژەی بەوە کرد، دەوڵەتی تورک ڕۆژئاوای کوردستان و هەموو دەسکەوتەکانی کوردان دەکاتە ئامانج، لەڕێگەی پەدەکەوە هەوڵی هەڵگیرساندنی شەڕی ناوخۆی کوردان دەدات. هەروەها دووپاتی کردەوە، ئەمە هێرشێکی نامەردانەیە دژی تێکۆشانی ئازادیی ژنان، دەوڵەتانی ڕۆژئاوا بە پشتیوانیکردنی ئەردۆگان و بێدەنگبوونیان، لانی کەم، هێندەی قڕکەران تاوانبارن.
لە گردبوونەوەکەدا، لەگەڵ شەرمەزارکردنی هێرشەکە، درووشمەکانی "ژن، ژیان، ئازادی" و "ئەردۆگانی تیرۆریست" و "بژی بەرخۆدانی ڕۆژئاوا" بەرزکرانەوە.