کاتێک باس لە ئیکۆلۆژیای کۆمەڵایەتی دەکرێت، سەرەتا مورای بوکچین بەبیری مرۆڤدا دێت. بوکچین ساڵی ٢٠٠٦ گیانی لەدەستدا. بیرمەند و تیۆریسیانی ناوداری ئەمریکی بوکچین ڕایدەگەیەنێت، ئیکۆلۆژیا تەنها گرێدراوی سرووشت نییە، بەڵکو لەبنەڕەتدا نایەکسانی و فشارەکانی نێو کۆمەڵگەش دەگرێتەخۆ. بە بڕوای بوکچین، بۆ کۆمەڵگایەکی بەردەوام کە هاوئاهەنگی لەگەڵ سروشتدا بێت، دەبێت بونیادە ستەمکار و هیرارشییەکان نەهێڵرێن و سیستەمێک لەسەر بنەمای دیموکراسی بەشدارانە و ڕاستەوخۆ دابمەزرێت. ئەم بیرۆکانە لە بواری فەلسەفەی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئەمڕۆدا گرنگن. بوکچین لە ڕۆژانی کۆتایی ژیانیدا لە ڕێگەی نامەوە زانیارییەکانی لەگەڵ ڕێبەری گەلی کورد هاوبەش دەکرد و لە ڕیزی ئەو بیرمەندانە بوو کە لە ڕووی تیۆریەوە ئیلهامبەخش بوو بۆ ڕێبەر ئاپۆ. توێژەر و نووسەر جانێت بیهێل، کە لە ماوەی ١٩ ساڵی ڕابردوودا لەگەڵ بوکچین بووە و کاری ئەکادیمی لەسەر شۆڕشی ڕۆژئاوا ئەنجامداوە، قسەی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) کرد.
جانێت بیهێل کە شایەتحاڵی نامەگۆڕینەوەی نێوان بوکچین و ڕێبەر ئاپۆ بوو، ڕایگەیاند، کتێبەکانی بوکچین لەنیوەی ساڵانی نەوەدەکاندا وەرگێڕدران بۆ زمانی تورکی و ساڵی ١٩٩٩ ڕەوانەی ئیمراڵی کران.
بیهێل ڕایگەیاند ڕێبەر ئاپۆ بەم خەباتانە کاریگەربوو لە ساڵی ٢٠٠٤ لەڕێگەی چالاکوانێکی تەڤگەری کوردەوە پەیوەندی بە بوکچینەوە کرد و پەیوەندیی خۆی بە فیکریی بوکچینەوە ڕاگەیاند. بیهێل گوتی: "هەرچەندە بوکچین بەهۆی تەمەن و کێشەی تەندروستییەوە نەیتوانیوە دیالۆگێکی قووڵ بکات، بەڵام بە ئۆجالانی ڕاگەیاندووە کە دڵخۆشە بەوەی تەڤگەری کوردی لە دەستی ڕێبەرێکی وەک ئەودایە. ئۆجالان ئیلهامی لە فیکری ئیکۆلۆژیای کۆمەڵایەتی و دیموکراسی ڕاستەوخۆی بوکچین وەرگرت، گۆڕی بۆ کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیک و پێشکەشی پەکەکەی کرد. لە ماوەیەکی کورتدا، ئەم فیکرە بووە پارادایمی نوێی پەکەکە".
بیهێل ڕایگەیاند دواتر وەک وەفایەک بۆ مورای بوکچین، پەکەکە پەیامی سەرەخۆشی بڵاوکردەوە و بەڵێنی دا کۆمەڵگەیەک لەسەر بناغەی ڕامانەکانی وی دابمەزرێنێت، گوتی: "ئەم پەیامە کاریگەری لە من کرد. لە ساڵی ٢٠١١ لەسەر بانگهێشتی تەڤگەری ئیکۆلۆژی میزۆپۆتامیا لە ئامەد، بەشداری کۆنفرانسێک بووم. لەوێ بینیم، چەندێک فیکری بوکچین لەنێو تەڤگەری کورددا قبووڵکراوە. کاریگەربووم بە گفتوگۆی پارێزەرانی مافەکانی ژنان و پارێزەرانی مافەکانی مرۆڤ و ژینگەپارێزان".
هەروەها ڕایگەیاند ساڵی ٢٠١٤ یەکەمجار چووەتە ڕۆژئاوا، لە ٢٠١٥ و ٢٠١٩ دیسانەوە سەردانی ڕۆژئاوای کردووە، جەختی کردەوە پاش شەڕی داعش زۆر شت لە ڕۆژئاوا گۆڕا و تێکۆشانی هاوبەش سەریهەڵدا، متمانەی نێوان گەلانی هەرێمەکە بەتایبەت کورد و عەرەب پتەوتر بوو.
هەروەها تیشکی خستەسەر مامەڵەی تەڤگەری کورد لەگەڵ تیۆرەکان، گوتی: "سەرەتا تیۆرەکان بەڕاستی دەستنیشان دەکات، بەگوێرەی پێویستییەکانی دەجووڵێتەوە، دەیانگۆڕێت، دەیانگەیەنێت بە ئەنجامێک و پاشان ئەزموونیان دەکات. لە شۆڕشی ڕۆژئاواشدا ئەمە ڕوویدا. هێزی جێبەجێکردنی تیۆرەکان زۆر بەهێزە".
بیهێل ڕایگەیاند چەندین جۆر دیموکراسی هەن، پێویستە هەموو بزووتنەوە دیموکراسیخوازەکان دژی ڕژێمە دەسەڵاتخوازەکان یەکبگرن، بۆ پاراستنی مۆدێلی ڕۆژئاوا پێویستە پشتیوانییەکی نێونەتەوەیی هەبێت، گوتی، پێویستە هەمووان فشار لە حکومەتەکانیان بکەن و پشتگیری لە ڕۆژئاوا بکەن.