جارێکی دیکە دیدار لەگەڵ پارێزەران لە رێبەری گەلی کورد قەدەغەکرا

رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کە لە گۆشەگیرییەکی دژواردایە، جارێکی دیکە بۆ ماوەی شەش مانگ قەدەغەکرا، کە بتوانێت چاوی بە پارێزەرانی بکەوێت. ناوەرۆکی بڕیارەکە بە پاساوی ئەمنی بە پارێزەران رانەگەیەندراوە.

بە گوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی مێزۆپۆتامیا، پاڕێزەرانی نوسینگەی یاسایی سەدە لە ٦ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣ بۆ ئەوەی بتوانن موەکیلەکەیان ببینن و بە داواکاری دیداری سەردانی دادگای جێبەجێکردنی سزای بورسایان کردووە، بەڵام دوای ئەو سەردانە پارێزەران زانیویانە کە لە ٣١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ بۆ شەش مانگی دیکە دیداری پارێزەران لە موەکیلەکەیان قەدەغەکراوە.

پارێزەران داوایان کرد، کە ناوەرۆکی بڕیارەکە بزانن و داواشیان کرد پەڕاوەکانی دۆسیەکەیان بخرێتەبەردەست، بەڵام دادگا بە پاساوی 'ئەمنی' ئەو داواکارییەی رەتکردەوە. پارێزەران لە دژی بڕیاری قەدەغە لە دادگای باڵا تانەیان پێشکەش کرد، بەڵام ئەو تانەیەش رەتکرایەوە.

نوسینگەی یاسایی سەدە لە دژی بڕیاری قەدەغە سەردانی دادگای دەستووری هەمیشەیی دەکات و سکاڵا تۆمار دەکات.

لە ٢٦ی نیسانی ٢٠٢٣دا بۆ شەش مانگ سزای قەدەغەی دیدار لەگەڵ پارێزەران بۆ عەبدوڵا ئۆجالان بڕابووەوە. دوای تەواوبوونی ئەو ماوەیە، پارێزەران بەمەبەستی دیدار جارێکی دیکە داواکارییان پێشکەشکردبووەوە. لە ئەنجامی ئەو داواکارییەش دەرکەوتبوو کە لە ٣١ی تشرینی یەکەمدا سەرلەنوێ ئەو سزایە سەپێندراوەتەوە.

هـ . ب