کاتی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنەکانی تورکیا له دەرەوەی وڵات ڕاگەیەندرا

کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا ڕایگەیاند، بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی کۆمار و پەرلەمان، کە لە ١٤ی ئایار لە ناوخۆی تورکیا بەڕێوەدەچن، لە دەرەوەی وڵات لە ٢٧ی نیسان دا دەنگدان دەستپێدەکات.

بەپێی بەرنامەی دەنگدان، کە لەلایەن کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانەوە ڕاگەیەندراوە، دەنگدان لە دەرەوەی تورکیا لە ٢٧ی نیسان لە ١٧٧ بنکە لە ٧٤ وڵاتدا دەستپێدەکات و دەنگدان تا ٩ی ئایار بەردەوام دەبێت.

دەنگدان لەسەر بنکەکانی دەرەوەی وڵات بە کاتی ناوخۆیی ئەو وڵاتەی دەنگەی تیادا دەدرێت، لە کاتژمێر ٠٩:٠٠ بۆ ٢١:٠٠بەڕێوەدەچێت و لەو شارانەشدا کە باڵیۆزخانە و کۆنسوڵخانەیان تیادایە، دەنگدان لە کاتژمێر ٠٩:٠٠ بۆ ١٨:٠٠ بە کاتی ناوخۆی ئەو شار و وڵاتانە ئەنجام دەدرێت.

دەنگدەران دەتوانن لە یەکێک لە بنکە دیاریکراوەکان، یان لە یەکێک لە سندوقەکانی دەنگدان لە دەروازە سنووری و گومرکییەکاندا دەنگ بدەن. بۆ دەنگدانیش پێویست بەوە نییە، کە پێشتر داوای کات بکەیت و کاتت بۆ دابنرێت.

ئەگەر هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی چووە خولی دووەم، ئەوا دەنگدەران لە نێوان ٢٠ بۆ ٢٤ی ئایار دەتوانن دووبارە بۆ خولی دووەمی سەرۆکایەتی دەنگەکانیان بەکار بهێننەوە.

 ژ.ت