خانەوادەکان داوایان کرد سەردانی ئیمڕالی بکەن

خانەوادەی عەبدوڵلا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد و خانەوادەی زیندانیانی دیکەی ئیمڕالی لە رێگەی پارێزەرانیانەوە داوایان کرد، مافی چاوپێکەوتنیان لە ئیمڕالی پێبدرێت.

عەبدوڵلا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد لە زیندانی پیتی ئێفی ئاسایشی باڵای ئیمڕالی لەژیر گۆشەگیریەکی قورسدایە و دوو ساڵە رێگە بە خانەوادە و پارێزەرانی نادرێت، چاویان پێبکەوێت.

محەمەد ئۆجالان برای عەبدوڵلا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد و مەزلۆم دینچ وەسیەی رێبەری گەلی کورد، عەلی کۆنار برای عومەر خەیری کۆنار، پۆڵات یڵدرم برای هامیلی یڵدرم و مەلیحە چەتین خوشکی وەیسی ئاکتاش، سەردانی داواکاری کۆماری بورسایان کرد. خانەوادەکان لە رێگەی داواکاری کۆماری بورسا، بە هەمان ئامانج داواکاریان پێشکەشی بەڕێوەبەری زیندانی ئیمڕالی کرد.

نوسینگەی یاسایی سەدە، رۆژی ٢ی ئایار، لەبارەی دۆخی عەبدوڵلا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد کە ٢٥ ساڵە لە زینداندایە و دوو ساڵە هیچ زانیاریەک لەسەری نییە و ئەو قسانەی لەبارەیەوە بڵاودەکرێنەوە راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

نوسینگەی یاسایی سەدە باسی ئەوەشی کرد کە لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنەکان هەندێک لایەن بۆ کۆکردنەوەی دەنگ کاری تێکدەری دەکەن و وتی، " بەڕێز ئۆجالان لە دۆخێکی گۆشەگیری قورسدایە و ٢٥ مانگە هیچ زانیاریەک لەسەری نییە. لەگەڵ ئەوەشدا، هەندێک لایەن دۆخی بەڕێز ئۆجالان بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەکار دەهێنن و ئێمەی پارێزەرەکانی ناچارین لەمبارەیەوە روونکردنەوە بدەین."

نوسینگەی یاسایی سەدە ئاماژەی بە گۆشەگیری ئیمڕالی و نەبوونی زانیاری لەبارەی عەبدوڵلا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد و رەتکردنەوەی داواکاری چاوپێکەوتنی خانەوادە و پارێزەران کرد.

نوسینگەکە ئەوەی خستەڕوو کە ئیمڕالی لە یەکەم رۆژەوە کە دروستکراوە و تاوەکو ئێستا لە رووی رۆحی و جەستەییەوە جێگەی رزاندنی زیندانیەکانە و و بۆیەش قبوڵ ناکرێت کە سیستمی گۆشەگیری ئیمڕالی بکرێتە بابەتێکی مەگەزینی.

ف.ق