خەدیجە گۆز: بە دڵنیاییەوە هیوای ژنان لە هەڵبژاردن دا دەردەکەوێت!

خەدیجە گۆز پاڵێوراوی پارتی چەپی سەوز لە هەرێمی یەکەمی ئەنقەرە بۆ پەرلەمان ڕایگەیاند، هیوا و خەباتی ژنان لە دەنگداندا نیشان دەدەن و داوای لە ژنان کرد، بۆ خەباتی ئازادی و یەکسانی دەنگ بە پارتی چەپ سەوزی بدەن.

خەدیجە گۆز وتی، هەڵبژاردنەکانی ١٤ی ئایار هەم بۆ مێژووی تورکیا و هەم بۆ ژنان هەڵبژاردنی زۆر گرنگن.

 گۆز ئاماژەی بە هەڵوێستی پارتی چەپی سەوز بۆ خەباتی ژنان کرد و وتی، "ئەو ژنانەی، کە لە نێو هاوپەیمانیی ڕەنج و ئازادیدا لە دەوری یەک کۆبوونەتەوە، سیاسەت و خەباتی خۆیان لەسەر شەقامەکان، بزووتنەوەی فێمێنیستی و خەباتی ساڵەهای ساڵی بزووتنەوەی ژنان لە ناو پارتی چەپی سەوزدا بە یەک گەیاند. ئەمە هەم لە بەیاننامەی پارتی و هەم لە کەسایەتیی ژناندا دەبینرێت. لە نێو ئەم حیزبەدا، ژنان هێزی سەرەکین. ڕاستەوخۆ بۆ خۆی و ژنانی دیکە تێدەکۆشێت دەکات. بەم شێوەیە، هەوڵ دەدەن نوێنەرایەتیی ژنان بکەن. منیش پاڵێوراوی پارتی چەپی سەوزم. لەبەر ئەوەی ئێستا دەرفەتمان هەیە، کە تێکۆشانی ژنان، تێکۆشان لە شەقامەکان، لە ماڵەکان، لە کارگەکان، لە زانکۆکان بگەیەنینە پەرلەمان. پارتی چەپی سەوز ئەم ڕێگایە نیشان دەدات".

گۆز ئاماژەی بەوەدا، خاڵی دەستپێکی ڕاگەیاندن و بەیاننامەی حیزبەکەیان بۆ هەڵبژاردنی ژنان لەبارەی گەڕاندنەوەی ڕێککەوتننامەی ئیستەنبولە و ڕایگەیاند، ئەمە تەنها بەڵێنێک نییە بۆ هەڵبژاردن. لەم وڵاتەدا نزیکەی ٣٢ ملیۆن ژن مافی دەنگدانیان هەیە و دەڵێت،  "زۆربەشیان دەنگ دەدەن. پێش هەموو شتێک، ژنانی گەنج، ژنانی زەحمەتکێش، ژنانی عەلەوی، ئەو ژنانەی، کە ساڵەهای ساڵە داوای ئازادی و یەکسانی دەکەن و خەباتی بۆ دەکەن، ڕوو لەم حیزبە (پارتی چەپی سەوز) دەکەن. بە بۆچوونی من ئەمە کاریگەری لەسەر دەنگدان دەبێت."

خەدیجە گۆز ڕاشیگەیاند، پردێکی فێمینیستی لە نێوان ژنانی کورد و ژنانی تورکیا لە ڕێگەی تێکۆشانی ژنانەوە دروست بووە و داوای لە هەموو ژنان کرد بۆ بەهێزکردنی ئەم خەباتە لە ناو پارتی چەپی سەوزدا یەکبگرن و لە دەوری یەک کۆببنەوە.

ژ.ت