خۆپیشاندانەکان لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بە داواکاری ئازادی و ژیان دەستیان پێکرد تادێت گەورەتر دەبن.
وێڕای خۆپیشاندان پێکهاتە و نەتەوە جیاجیاکانی ئێران، خوێندکارانیش تیایدا بەشدارن و رۆڵی گرنگ دەگێڕن. خوێندکارانی زانکۆی ئیرشاد لە تاران ناڕەزایەتیان دەربڕی.
خوێندکاران لە مریوانیش ناڕەزایەتییان نیشاندا.
هەر لە مەریوان هاوڵاتیان رژانە شەقامەکان، ئاگریان کردەوە و ناڕەزایەتیان دەربڕی. لەلایەکی ترەوە کاسبکاران و دوکانداران دەرگای دوکانەکانیان داخست.
لە رێورەسمی بەخاکسپاردنی تەرمی عیرفان زەمانی هێزەکانی دەوڵەتی ئێران تەقەیان لە خەڵک کرد.
لەلایەکی ترەوە نزیکەی ٦٠٠ مامۆستای زانکۆ ناڕەزایەتیان بەرامبەر بە هەڵوێستی دەوڵەت نیشاندا و داوایان کرد هەموو ئەو خۆپیشاندەرانەی کە لە خۆپیشاندانەکاندا دەستگیرکرابوون ئازاد بکرێن.
گەنجان لە بۆکانیش رژانە شەقامەکان و لە گۆڕەپانی عەشایر ئاگریان کردەوە و رێگەی هاتووچۆی ئۆتۆمبێلەکانیان داخست.
لە زۆر شاری ئێرانیش خۆپیشاندان هەبوون و هاووڵاتیان رژانە شەقامەکان و ئاگریان کردەوە و هەڵوێستی خۆیان بەرامبەر بە دەسەڵات نیشاندا.
بەگوێرەی رێکخراوی مافەکانی مرۆڤی ئێران لە سەرەتای خۆپیشاندانەکانەوە تا ئێستا لانیکەم ٣٠٤کەس کە ٤١ کەسیان منداڵن لە ئێران رۆژهەڵاتی کوردستان کوژراون.
دەسەڵاتی ئێران بە دەیان هەزار کەسی دەستگیرکردووە لەوانە هەزاران کەسی رەوانەی زیندان کردووە. لەنێویاندا رۆژنامەوان، پارێزەر، چالاکوان، کەسانی بەناوبانگ و بەرگریکارانی مافەکانی مرۆڤیش هەیە.
زانیاری ئەوە بڵاوکراوەتەوە کە دەیان چالاکوانیش لە دانیشتنی چەند خولەکی دادگاکاندا سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوە.
هـ . ب