بە دیمەن

بۆ ئەوەی خەون و خەیاڵەکانمان بە نیوەچڵی نەمێننەوە، تێکۆشانی دادپەروەریمان بەردەوام دەبێت

ئەو ٣٣ گەنجەی کە لە ٢٠ـی تەممووزی ٢٠١٥ لە ناوەندی کلتووریی ئامارا لە پرسوس لە هێرشێکی داعشدا کۆمەڵکوژکران، لەو شوێنەی کە کوژران بە بانگەوازی 'دادپەروەری بۆ پرسوس' یادیان کرایەوە.

چالاکییەکی یادکردنەوە لەلایەن پلاتفۆڕمی دادپەروەری بۆ پرسوسەوە ڕێکخرا و هاوسەرۆکی گشتیی دەم پارتی تولای حاتەم ئۆغولاری، جێگری هاوسەرۆکانی گشتیی ئەسەپە بەیجان تاشکران، هاوسەرۆکی SGDF بەرفین پۆلات، سەرۆکی سەندیکای پارێزەران عەبدوڵا ئۆنجەل، دایکانی ئاشتی و گەلێک چالاکوان بەشدارییان کرد.

هاوسەرۆکی گشتیی دەم پارتی تولای حاتەم ئۆغولاری لە یادەکەدا قسەی کرد و ڕایگەیاند، بکوژەکە تەنها داعش نییە، لە هەمان کاتدا ئەو تێڕوانینە سیاسییەیە کە ڕێی بە داعش دا و وتی، "داعش بەرپرسیارێتیی کۆمەڵکوژییەکەی پرسوسی لە ئەستۆ گرت، بەڵام کێ ڕێی پێدا؟ کێ تا کۆتایی سنووری بۆ واڵا کرد؟ بەهۆی کۆمەڵکوژییەکەوە تەنها کەسێک گیرا. ئەمە قبووڵکراو نییە. بۆ دادپەروەریی ڕاستەقینە پێویستە تەواوی تاوانباران سزا بدرێن."

حاتەم ئۆغولاری ڕایگەیاند، بە کۆمەڵکوژیی پرسوس هێرش بۆ سەر ئەو خوشک و برایەتییە کرا کە لە نێوان بەرخۆدانی گەزی و ڕۆژئاوادا بونیات دەنرا و وتی، "خەون و خەیاڵەکانمان بە نیوەچڵی نەمێننەوە، تێکۆشانمان بۆ ئاشتی و دیموکراسی بەدڵنیاییەوە بە سەرکەوتن شکۆمەند دەکەین."

حاتەم ئۆغولاری لە کۆتایی قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد، ئاشتیی ڕاستەقینە تەنها بە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕابردوو بەدیدێت و وتی، " بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان لە ڕۆژەڤی تەواوی جیهاندایە. بۆ ئەوەی لە پەرلەمان کۆمیسیۆنی ڕووبەڕووبوونەوە دابمەزرێت، گەلێک جار ڕەشنووسمان پێشکەش کرد، بەڵام ڕەتکرایەوە. هەتاوەکو ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ڕابردوو ڕوونەدات، ئاشتی ڕوونادات."

ئەفە چاتاڵباش کە بە برینداری لە کۆمەڵکوژییەکەدا ڕزگاری بوو، ئاماژەی بەوە کرد: "ئازارەکەشمان وەکو ڕقەکەمان نوێیە. ئێمە باوەڕمان بە خوشک و برایەتیی گەلان هەبوو بۆیە لێرە بووین. ئێمە دووبارە لێرەین. کۆمەڵکوژیش ڕووبدات، زیندانیکردن و ئەشکەنجەش هەبێت، دووبارە لێرە دەبین."

دایکی ئاشتی مەیاسەر کۆرکماز، وتی: "با ئیتر ئاشتی بەدیبێت. ئێمە ئاشتیمان دەوێت."

سەرۆکی سەندیکای پارێزەران عەبدوڵا ئۆنجەل، داوای دادگاییکردنی ئەو بەرپرسانەی دەوڵەت کە بوونە هۆکار بۆ کۆمەڵکوژییەکە و دامەزراندنی "کۆمیسیۆنی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ حەقیقەت"ـی کرد و وتی: "خەیاڵی منداڵانی کۆبانێ بە نیوەچڵی مایەوە. ماوەی ١٠ ساڵە هەوڵی زۆرمان دا بۆ دەرکەوتنی ڕاستییەکان. بەڵام هەنگاوێکیش نەچووینەتە پێشەوە. لەم پرۆسەیەدا بانگەواز بۆ پارتە سیاسییەکان دەکین؛ با لەگەڵ حەقیقەتدا ڕووبەڕووبوونەوە ڕووبدارت."

ئەندامی MYKـی SDGF سەنەم نوور پەکتاش باسی لەوە کرد کە ئەو گەنجانەی کوژراون بۆ پشتیوانی لە گەلی کورد هاتوونەتە ئێرە و وتی: " ئێمە لە گەلێک لە شارەکانی تورکیا و کوردستانەوە هاتووینەتە ئێرە. ئامارا بۆ ئێمە ڕاوەستگە بوو. دەوڵەت ٣٣ کەسی لە ئێمە کوشت و ویستی پەیامێکمان پێ بدات. ویستی پەیامێک بداتە ئەو کەسانەی کە پشتیوانی لە کورد دەکەن. ئەمە ١٠ ساڵە ئێمە پەیامەکەمان پێگەیشت و لێرەین. تێدەکۆشین. گیانمان بەخشی بەڵام دەستمان لە تێکۆشانەکەمان بەرنەدا.

هاوسەرۆکی گشتی SYKP مەرجان تیریز ڕایگەیاند: " ئێمە دوێنێ ١٣ـیەمین ساڵیادی شۆڕشی ڕۆژئاوامان پیرۆز کرد. هەروەک چۆن ڕۆژئاوا و کۆبانێ لەناونەچوون، تێکۆشانی ئێمەش لێرە لەناوناچێت."

هاوسەرۆکی ئەسەپە سەزین ئوچار وتی: "سەرەڕای هەموو توندوتیژی و زۆردارییەکان ئێمە بۆ دادپەروەری تێدەکۆشین. با تاوانبارانی پرسوس دادگایی بکرێن."