خوێندکاران لە زانکۆکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لە خۆپیشاندان بەردەوامن
خوێندکاران ڕۆڵی یەکلاکەرەوە دەبینن لە خۆپیشاندانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دا و بەپێی دوایین ئامارەکانی رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران تا ئێستا ٢٧٧ کەس کوژراون.
خوێندکاران ڕۆڵی یەکلاکەرەوە دەبینن لە خۆپیشاندانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دا و بەپێی دوایین ئامارەکانی رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران تا ئێستا ٢٧٧ کەس کوژراون.
زانکۆکان لەخۆپیشاندانەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتدا بوونەتە گۆڕەپانی چالاکی. هاوکات لەگەڵ چالاکیی خوێندکاران لەشارەکانی سنە، مەریوان، سەقز و چەندین ناوچەی دیکە دووکان و بازاڕەکان داخران. گەنجان ڕژانە سەر شەقامەکانی سنە و ئاگریان کردەوە. هەرچەندە هێزەکانی دەوڵەت ویستیان بڵاوە بە چالاکوانان بکەن، بەڵام شکستیان هێنا.
لە شارەکانی کرماشان، مەریوان، سەقز، بۆکان، مەهاباد و چەند شارێکی دیکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە پێشەنگایەتی ژنان و گەنجان چالاکیی جۆراجۆر بەڕێوەچوون و دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" وترایەوە.
خوێندکارانی سنە و مەریوانیش بە شێوەی جیاواز چالاکیان ئەنجام دا. هێزەکانی دەوڵەتی ئێران هێرشیان کردە سەر خوێندکارانی زانکۆی پەیام نوور.
خۆپیشاندان لە زانکۆکانی ئێرانیش بەردەوامە و خوێندکارانی زانکۆکانی سیستان و بەلووچستان، ئیسفەهان، شیراز، هورمزگان، ڕەشت و چەندین شاری دیکە بەردەوام بوون لە چالاکییەکانیان. خوێندکاران داوایانکرد، لە هەموو زانکۆکان مانگرتن بکرێت و بایکۆتی وانەکان بکەن.
هەروەها خوێندکاران لەزانکۆکانی تاران، کەرەج، ئیسفەهان و شیراز لەسەر شەقامەکان بەردەوام بوون لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیەکانیان.
شەوی ڕابردوو لە تاران، تەورێز، ئیسفەهان، چالاکی ئەنجام درا و هاووڵاتییان ڕژابوونە سەر شەقامەکان و دروشمی 'ژن، ژیان، ئازادی'یان دەوتەوە.
بەپێی دوایین ئامارەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران تا ئێستا ٢٧٧ کەس لە خۆپیشاندانەکاندا کوژراون، کە ٤٠ کەسیان تەمەنیان لە خوار ١٨ ساڵییەوە. دەوترێت، ئەگەری زۆر ئەوەیە، کە ئامارەکە لەوە زیاتر بێت.
ژ.ت