خیانەتی پەدەکە لە مارسیلیا شەرمەزارکرا

دەکەتەمە لە مارسیلیا ناڕەزایەتی بەرامبەر خیانەتی پەدەکە دەربڕی و گوتی: "بانگەواز لە هەموو گەلی کوردستان دەکەین دژی خیانەت و پەیوەندییە قێزەونەکان هەڵوێست وەربگرن".

لە شاری مارسیلیای فەرەنسا بە ئامانجی شەرمەزارکردنی خیانەتی پەدەکە دژی تەڤگەری ئازادیی کوردان، بە پێشەنگایەتی ناوەندی جڤاکی دیموکراتیکی کورد لە مارسیلیا (دەکەتەمە) ڕاگەیاندراوێک خوێنرایەوە. لەسەر ناوی دەکەتەمە، فەتحی تاتۆش، ڕاگەیاندراوەکەی بە زمانی کوردی خوێندەوە، لەسەر ناوی تەڤگەری گەنجانی شۆڕشگێڕی ئەوروپا (تەجەشە) میشێلا ڕۆت قسەی کرد.

تاتۆش، لە وتەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد، گەلی کورد چەندین سەدەیە لە چوار پارچەی کوردستان ئازاری زۆری چەشتووە و شایەنی ئەم خیانەتە نین، گوتی: "تەڤگەری ئازادی کە لە دژی هێرشەکانی سەر کورد تێدەکۆشێت، گورزی مەزنی لە هێزە ستەمکارەکان و بەتایبەت دەوڵەتی تورکی فاشیست دەدات، هێشتاش بەردەوامە. لە دووەمین سەدەی پەیمانی لۆزان کە کوردستانی پارچە کرد، تەڤگەری ئازادیی کورد تێکۆشانێکی گەورە دەکات بۆ ڕێگریکردن لە لۆزانێکی تر، بۆ چەسپاندنی یەکێتی نەتەوەیی کورد و کوردستانی ئازاد. پەدەکە بە هاوکاری دەوڵەتی تورکی فاشیست دەیەوێت لۆزانێکی تر بەسەر کوردەکاندا بهێنێت.

"پەدەکە بەردەوامە لە خیانەت"

هەرچەند تەڤگەری ئازادی چەندین جار داوای لە پەدەکە کردووە پەیوەندییە قێزەونەکانی لەگەڵ دەوڵەتی تورک ڕابگرێت، بەڵام دەسەڵاتدارانی پەدەکە ئەو بانگەوازانەیان پشتگوێ خستووە و درێژەیان بە پەیوەندییە خیانەتکارەکانیان داوە. یەکێک لە بەرپرسەکانی پەدەکە، عەلی عەونی، کە بە تەواوی لە بەهاکانی کوردستان دابڕاوە و تەسلیمی دەوڵەتی تورک بووە، هەوڵیدا لەڕێگەی بەئامانج نیشاندانی نوێنەرانی تەڤگەری ئازادی، ڕەوایەتی ببەخشێتە هێرشەکانی دەوڵەتی تورک".

لە کۆتایی قسەکانیدا تاتۆش گوتی: "لە مەجلیسی مارسیلیاوە بانگەواز لە هەموو گەلەکەمان دەکەین، خاوەندارێتی لە تەڤگەری ئازادی و گەریلا بکەن، بە پێکهێنانی یەکێتیی نەتەوەیی لێپرسینەوە لە خیانەتی پەدەکە بکەن".