کەجەکە: پێویستە هەموو کەسێک لە دژی هێرشە کیمیاییەکان دەست بە جموجوڵ و چالاکی بکات!

هاوسەرۆکایەتیی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە ڕایگەیاند، دەوڵەتی تورک بە چەکی کیمیایی بە هەموو شێوەیەک تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی ئەنجام دەدات و داوای لە هەمووان کرد، هەڵوێست وەربگرن. داواشی لە شاندە سەربەخۆکان کرد لێکۆڵینەوە بکەن.

هاوسەرۆکایەتیی دەستەی بەڕێوەبەریی کەجەکە، ڕاگەیەندراوێکی لەسەر هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بە چەکی کیمیایی بڵاوکردەوە.

کەجەکە ڕایگەیاند، "دوای ئەوەی هەپەگە ڕایگەیاند، لە زاپ و مەتینا و ئاڤاشین ١٧ گەریلا بە چەکی کیمیایی شەهیدکراون و چەند بەڵگەیەکی لەو بارەیەوە بڵاوکردەوە، هێرشی سوپای تورکی داگیرکەر بە چەکی کیمیایی دژی گەریلا بووەتە ڕۆژەڤ و بەرنامەی ڕای گشتی بووەتە بابەتی گفتوگۆ. هەندێک کەسایەتی و دامودەزگا دیموکراتییەکان بە هەستکردن بە بەرپرسیارێتییەوە لەسەر ئەو بابەتە هەڵوێستی خۆیان دەربڕی. یەکێک لەوانە، سەرۆکی سەندیکای پزیشکانی تورکیا بەڕێز شەبنەم کۆرور فینجانچی سەرۆکی گوێی لەدەنگی ویژدان و ڕاستی گرت و ڕایگەیاند، بەڵگەنامە بڵاوکراوەکان جددین و سوپای تورک چەکی کیمیایی لەدژی گەریلاکان بەکارهێناوە، بەڵام دەسەڵاتی ئاکەپە – مەهەپەی فاشیست لەەبر ئەوەی لە دژی مرۆڤایەتی تاوانی ئەنجامداوە، بە ئاشکراکردنی ئەو ڕاستییە تووشی شپرزەیی و ترسێکی زۆر بوو و دەستیکرد بە پەلاماردانی ئەو مرۆڤانە و ڕێکخراوانە، چونکا ئەو بابەتەیان کرد بە ڕۆژەڤ.

بەڕێز فینجانجیش کرایە ئامانج و دەستگیر کرا. زەحمەتکێشانی ڕۆژنامەگەریی ئازاد بەهۆی ئاشکراکردنی تاوانەکانی ئاکەپە – مەهەپە لە بابەتی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی و کارە گەندەڵی و نایاساییەکانەوە کرانە ئامانج و دەستگیرکران، بەڵام دەسەڵاتی فاشیستی ئاکەپە – مەهەپە لە کاتی تاوان و لەسەر تاوان دا گیراوە، بۆیە ناتوانێت لە ڕێگەی بێدەنگکردن و گوشارەوە تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتیی پەردەپۆش بکات. دەسەڵاتی فاشیستیی ئاکەپە - مەهەپە و سوپای تورکی داگیرکەر هەر لە سەرەتاوە لە شەڕی دژی گەریلادا چەکی کیمیاییان بەکارهێناوە و ئەوەش بە بەڵگە دەستنیشانکراوە. ئێمه؛ بزووتنەوەی ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان پێش ئێستا زۆر جار ڕایگەیاندبوو، سوپای تورکی داگیرکەر چەکی کیمیایی دژی گەریلاکان بەکاردەهێنێت و ڕاشیگەیاندبوو، پێویستە هەموو کەسێک سەرنجی لەسەر ئەو بابەتە هەبێت، بەڵام ئەو بابەتە وەک پێویست و بە تەواوی نەبوو بە ڕۆژەڤ و بەرنامەی کار.

هەندێک هێز و لایەن بە هەستکردن بە بەرپرسیارێتییەوە گوێیان لە ڕاگەیاندنەکان و بانگەوازەکانمان گرت و تاوەکو ئاستێک هەڵوێستیان نیشاندابوو و ئەم هێزانە دەیانویست شاند بنێرن بۆ مەیدانەکانی شەڕ، بەڵام ئەو بابەت وەک پێویست و بە تەواوی نەبوو بە ڕۆژەڤ و بەرنامەی کار تاوەکو تاوانەکانی شەڕی ئاکەپە – مەهەپە ئاشکرا بکات. ئەو شاندە بۆ ئەوەی خۆیان بگەیینە گۆڕەپانەکانی شەڕ هاتن بۆ باشوری کوردستان، بەڵام لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە)ەوە رێگرییان لێکرا، لەبەر ئەوەش فەرماندەیی بڕیارگەی ناوەندی پاراستنی گەل ناچاربوو، کە هەندێک بەڵگە لەبارەی بەکارهێنانی چەکی کیمیاییەوە بڵاوبکاتەوە.

دەوڵەتی تورک بە چەکی کیمیایی و چەکانی تریش هەموو جۆرە تاوانێک دژ بە مرۆڤایەتی بەرامبەر بە کورد ئەنجام دەدات

کەجەکە ڕاشیگەیاند: "دەسەڵاتی فاشیستی ئاکەپە – مەهەپە و هاوکارەکانی بە توڕەیی و شپرزەییەوە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی  ڕەتدەکەنەوە، کە ئەمەش لە دەرەئەنجامی سایکۆلۆژیای تاوان و شاردنەوەی ڕاستییەکانە. لە ڕاگەیاندراو و لێدوانەکانی بەرپرسانی سوپای تورکدا دەوترێت، کە هیچ چەکێکی کیمیایی لە عەمبارەکانیاندا نییە، بەڵام ئەوە بۆ شاردنەوەی ڕاستییەکەیە. نە گەلی کورد و نە هێز و دامەزراوە دیموکراتیکەکان باوەڕیان بەوە نییە. کاتی خۆیشی هیچ چەکێکی کیمیایی لە عەمبارەکانی دەوڵەتی عێراقدا نەبوو و کاتێکیش ئەمریکا عێراقی داگیرکرد چەکی کیمیایی نەدۆزیەوە، بەڵام ڕژێمی سەدام حوسێن چەکی کیمیایی لەهەڵەبجە بەکارهێنابوو، بۆیە ئەو لێدوانانەی دەسەڵاتدارانی سوپای داگیرکەر و فاشیست بێ بەهان. گەلی کورد باش ئاگاداری ئەوەیە، کە دەوڵەتی تورکی پاکتاوکار و بکوژ پێشتر لە چ ئاستێکدا و بە چ ڕادەیەک تاوانی دژ بە مرۆڤایەتیی ئەنجام داوە، چونکە ئەو ڕاستی و تاوانە لە دژی خۆی ئەنجامدراوە و بەسەر خۆیاندا هاتووە و بینیویانە و لێ تێدەگەن.

ئەمە یەکەم جار نییە، کە دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و پاکتاوکار و سوپای داگیرکەر چەکی کیمیایی لە دژی کورد بەکارهێنا بێت،  دەوڵەتی تورک پێشتر لە شەڕی دژ بە کورد دا بە چەکی کیمیایی و بە چەکەکانی تریشەوە هەموو شێوازێکی پیس و نائەخلاقی تاوانکارانە، تاوانی دژ بە مرۆڤایەتیی ئەنجام داوە. هەموو کەس دەزانێت، کە نەک هەر گەلی کورد، بەڵکو هەر ئەوانەی بە چەکی کیمیایی کۆمەڵکوژیان ئەنجامداوە خۆیان دانیان بەو تاوانەکانیاندا ناوە و باسی ئەو ڕاستییەی دەوڵەتی تورک-یان کردووە. هەموو ئەوانە بە بەڵگە هەیە و لەلایەن هەموانەوە دەزانرێت، بۆیە دەبێت بە هۆشیارییەکی مێژوویی ئاوا لە دەوڵەتی تورک و سوپاکەى نزیکبینەوە".

لێدوان و ڕاگەیاندراوەکانی سوپای فاشیست ڕاست نییە

لە درێژەی ڕاگەیاندراوەکەی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکەدا هاتووە:

دەوڵەتی تورک لە چەندین کۆمەڵکوژیدا چەکی کیمیایی لە دژی کورد بەکارهێناوە و بە پێویستی نەزانی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی و ئەو ڕاستییە بشارێتەوە. یەکێک لەو شوێنانە، کە بە چەکی کیمیایی کۆمەڵکوژیی تیادا ئەنجامدرا و ناسراوترینیان دێرسیمە. لە ساڵی ١٩٣٨دا چەکی کیمیایی لە هێرشکردنە سەر دێرسیمدا بەکارهێنا، کورد کۆمەڵکوژ کران و تاوانێکی گەورە لە دژی مرۆڤایەتی ئەنجامدرا. ئەو مرۆڤانەی لە دێرسیم لە کۆمەڵکوژییەکە هەڵهاتبوون و پەنایان بۆ چیاکان ئەشکەوتەکان برد بوو گازی کیمیاییان لە دژ بەکارهێنرا و لەناو ئەشکەوتەکاندا بە کۆمەڵ کوژران. ئێسکی ئەو کەسانە، کە بە چەکی کیمیایی کوژراون لەو ئەشکەوتانەدا دۆزرانەوە. ئەوانەی لە دێرسیم بە گازی کیمیایی کۆمەڵکوژییان ئەنجامدابوو بۆ خۆیان دانیان بەو تاوانەیاندا نابوو.

دەوڵەتی تورک لە ئاگری و دۆڵی زیلان و لە کاتی کۆمەڵکوژکردنی خەڵکی ئەو ناوچانەدا چەکی کیمیایی بەکارهێنابوو. لەو کاتەدا بەهۆی ئەوەی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی قەدەغە نەبوو، دەوڵەتی تورکی بکوژ و پاکتاکار بەکارهێنانی چەکی کیمیایی نەدەشاردەوە و ئاشکرای کرد و بە ئاشکرا ستایش و پەسنی خۆی پێ دەدا. تاکە شت، کە دەوڵەتی تورک لەم بارەیەوە کردی ئەوە بوو، کە پاساوێک بۆ کۆمەڵکوژییەکانی بدۆزێتەوە، لەو کاتەشدا ڕاپەڕینی کوردی بۆ خۆی کردبوو بەهانە و پاساو.

لەبەر ئەوەی لەم سەردەمەدا بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەتەواوی جیهان وەک تاوان لە دژی مرۆڤایەتی دەبینرێت و لەبەرامبەر ئەوانەی ئەم تاوانە دەکەن هەڵوێستی توند نیشان دەدرێت، دەسەڵاتداری ئاکەپە-مەهەپەی فاشیست هەوڵ دەدات بەکارهێنانی چەکی کیمیایی بشارێتەوە. هەوڵ دەدات ئەو مرۆڤانەی ئەوە ئاشکرا دەکەن و لەو بارەوە بیرکردنەوەی خۆیان باس دەکەن دەستگیر بکات. بابەتەکانی دەوڵەت، میللەت و وڵات بهێنێتە ناوەوە، هەستی نەتەوەپەرستی هان دەدات و بەم جۆرە هەوڵ دەدات ئەو مرۆڤانەی راستی دەڵێن بێدەنگ بکات. لە بەرامبەر ئەوە دەبێت دەنگی راستی زیاتر بکرێت و خاوەنداری لەو مرۆڤانە بکرێت کە باس لە راستی دەکەن. مرۆڤ هەموو شتێک بخاتە لایەکیشەوە، مرۆڤبوون بەسە بۆ ئەوە مرۆڤ بەرامبەر ئەو تاوانە بوەستێتەوە. لەبەر ئەوەی ئەو مرۆڤانەی هەڵوێستی بەم جۆرە ناگرنەبەر هەڵەیە کە باسی مرۆڤبوونیان بکرێت. تائێستا نەک هەر ١٧ هەڤاڵ،لە شەڕی ساڵێکدا ٨٠ شەڕڤانی ئازادی بە چەکی کیمیایی شەهید کراون. سوپای تورکی داگیرکەر بەر لە ئێستا لە وەرخەلێ، لە شاخی سور چەکی کیمیایی بەکارهێنابوو. هەپەگە هەموو ئەوانەی بە دیمەنی جیاجیاوە بۆ رای گشتی بڵاوکردبووەوە، لەبارەی جۆرەکانی  چەکی کیمیایی کە بەکارهێنراون، هەروەها سەبارەت بە رەنگ و کاریگەری ئەوانە زانیاری دراوە. بەپێی ئەو زانیاریانە ئەگەر لێکۆڵینەوە بکرێت دەردەکەوێت، ئاستی تاوانەکانی شەڕ کە کراون بە باشی درکی پێدەکرێت. هەر بۆیە لێدوانی نکۆڵیکردن لێیان لە لایەن بەرپرسانی سوپای تورکەوە راست نین. دەوڵەت و سوپای تورک تاوانە دژی مرۆڤایەتییەکانیان کە لە ساڵانی ١٩٩٠دا کرد و تۆڕەکانی کوشتنیان بۆ چەندین ساڵ شاردەوە. دوای ئەوەی ماوەیەکی زۆری بەسەردا تێپەڕبوو بەتایبەتی هەبوونی ژیتەم قەبوڵکرا و ئاشکرابوو کە ئەو شتانەی دەوتران راست بوون.

پەدەکەش هاوبەشی دەوڵەتی تورکی داگیرکەرە

پەدەکەش بە دەستبەسەرداگرتنی کەلوپەل و کەرستەکانی گەریلاکان کە بۆ خۆپاراستن لە شەڕی کیمیاییدا، هەر وەها بە رێگری کردن لەو شاندانەی دەیانویست خۆیان بگەیەننە گۆڕەپانەکانی شەڕ بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوە بکەن لە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی، دەریخست کە هاوبەشی تاوانە دژە مرۆڤییەکانە و قڕکردنەکانی کوردانە کە لەلایەن سوپای تورکی داگیرکەر و دەسەڵاتی ئاکەپە-مەهەپەی فاشیستی دوژمنی کوردان ئەنجام دەدرێن.

بەتایبەتی ئۆ پی سی دەبڵیو و نەتەوەیەکگرتووەکان، هەموو هێزەکان لە بەرامبەر تاوانەکانی شەڕی دەوڵەتی تورک هەڵوێست بگرنەبەر

هەڵوێستی هێزە نێونەتەوەییەکان کە تائێستا نیشانیانداوە، بەو واتایەیە کە هاوکاری تاوانەکانی شەڕی دەسەڵاتی ئاکەپە-مەهەپەی فاشیستن. سەرباری ئەوەی دەزانن دەوڵەتی تورک چەکی کیمیایی بەکاردەهێنێت، تا ئێستا هیچ هەڵوێستێکیان نیشان نەداوە. ئۆ پی سی دەبڵیو کە لە بابەتی بەکارهێنانی چەکی کیمیاییدا خاوەن بەرپرسیارێتیە، نەک هەر نیشاندانی هەڵوێست، تا ئێستا هیچ داواکارییەکیشی قەبوڵ نەکردوە. لەلایەکی ترەوە، چەکی کیمیایی، تەکنەلۆژیا و ئەو چەکانەی لە قڕکردنی کورداندا بەکاردەهێنرێن زۆرینەیان لەلایەن ئەمریکا، ئەوروپاو هێزەکانی ناتۆوە رادەستی هێزەکانی تورک کراون. ئەو هەڵوێست و مامەڵەکردنەی هێزە نێونەتەوەییەکان نە لە ناو گەلی کورد و نە لەناو مرۆڤایەتیدا قەبوڵناکرێت. گرنگە دەست لەو هەڵوێستە هەڵبگرن و نەبنە هاوبەشی تاوانە دژە مرۆڤییەکان کە ئاکەپە-مەهەپەی فاشیست بۆ دوژمنایەتی کوردان دەیانکات. بە تایبەتی ئۆ پی سی دەبڵیو و نەتەوەیەکگرتووەکان، دەبێت ئەمریکا، دەوڵەتانی ئەوروپی و هێزە پەیوەندیدارەکان هەموویان لەبەرامبەر ئەو تاوانانەی شەڕی دەوڵەتی تورک هەڵوێست نیشانبدەن. بەپێچەوانەوە لەلایەن گەلەکەمانەوە وەک تاوانبار دەبینرێن.

بۆ ئەوەی راستی ئاشکرا بێت دەبێت شاندی سەربەخۆ لێکۆڵینەوە بکەن

دەسەڵاتداری ئاکەپە-مەهەپەی فاشیست و بەرپرسانی سوپای داگیرکەر لەبەر ئەوەی تاوانبارن بە زمانێکی هێرشبەرانە رەتیدەکەنەوە کە چەکی کیمیاییان بەکارهێنابێت و ئەوانەشی کە ئەو راستیە باس دەکەن دەکەنە ئامانج. ئەو مامەڵەکردنەی ئاکەپە-مەهەپە بەتەنیا و لەخۆیدا راستی دەخاتەڕوو. مادام چەکی کیمیایی بەکارنەهێنراوە، ئەوکاتە بۆچی هێرش دەکەیتە سەر ئەو مرۆڤانەی باسلەوەدەکەم، بۆچی دەیانگریت. بەمجۆرە دەیەوێت رێگەنەدات راستییەکان ئاشکرا ببن. بەڵام ئەو بابەتە زۆر گرنگە و بۆ ئاشکرابوونی راستییەکان گرنگە هەموو کەس بکەوێتە خۆ. بۆ ئەوەی لە راستی تێبگەن و درکی پێبکرێت، دەبێت دەستە و شاندی سەربەخۆ بڕۆنە گۆڕەپانەکانی شەڕ و لێکۆڵینەوە بکەن. ئێمە داواکارییەکی بەم جۆرە هەم لە رێکخراوە فەرمییەکان و هەمیس لە رێکخراوە مەدەنییە دیموکراتیکەکان دەکەین. ئێمە ئامادەین بۆ ئەوەی شاندەکان خۆیان بگەیەننە گۆڕەپانەکانی شەڕ و لێکۆڵینەوە بکەن بە هەموو شێوەیەک پشتیوانیان لێبکەین و رێگایان بۆ بکەینەوە. هەپەگەش پێشتر ئاشکرای کردبوو کە بۆ ئەوەی شاندی سەربەخۆ بێن و لێکۆڵینەوە بکەن ئەوان ئامادەن هاوکاری بکەن.

دوژمنایەتی بەرامبەر بە کوردان و ئەو تاوانانەی بەهۆی ئەو دوژمنایەتیەوە دەکرێن نەک هەر ئاکەپە- مەهەپە تاوانبار دەکات، لەهەمان کاتدا وڵات و کۆمەڵگا بە تەواوەتی دەخاتە ژێرباری تاوانبارییەوە و ئەوان دەکاتە هاوبەشی ئەو تاوانە دژی مرۆڤایەتیە. هەر بۆیە نەک هەر تەنیا کورد دەبێت هێزە دیموکراسیەکانی تورکیا، رۆشنبیران، نوسەران، هونەرمەندا، ئەکادیمییەکان و هەموو کەسانی خاوەن بەرپرسیارێتی لە دژی ئەو تاوانە دژە مرۆڤایەتیەی ئاکەپە- مەهەپە هەڵوێست وەربرگن و کۆمەڵگاش لەم بابەتەدا باشتر بخەنە ناو جموجۆڵەوە. دەبێت رێگری لە ئاکەپە- مەهەپە بکرێت بۆ ئەوەی زیاتر تاوان ئەنجام نەدات و بە هۆی تاوانەکانی قڕکردنەوە لە دژی مرۆڤایەتی دادگایی بکرێت. ویژدان و ئایندەی کۆمەڵگا بە دادگایی کردنی ئاکەپە – مەهەپەی فاشیست و بە لێپرسینەوە لێی رزگار دەکرێت".

ژ. ت/ هـ . ب