کۆمەڵکوژییەکانی هەڵەبجە و بازید و غازی شەرمەزارکران

قوربانیانی کۆمەڵکوژی هەڵەبجە و بازید و غازی لە چەند شارێک بە چالاکی جیاواز یادکرانەوە.

قوربانیانی کۆمەڵکوژی هەڵەبجە و بازید و غازی لە شارەکانی ئەزمیر و ئەدەنە و ئامەد و سێرت و ڕحا و جولەمێرگ و ئیدر و وان و ئێلح و بەدلیس و شەرناخ، بە چالاکی جیاواز شەرمەزارکران. هەروەها لە ناوچەکانی سێوەرەگ و سەرێکانی و وێرانشار جورنە ڕەش و هەواگ و پیرسوس و بێرەجوک و خەلفەتی، پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) بۆ شەرمەزارکردنی کۆمەڵکوژییەکان ڕاگەیاندراوی خوێندەوە.

لە چالاکییەکاندا بە بەشداریی بەرچاوی جەماوەر و پارت و ڕێکخراو لایەنەکان، بەرزکردنەوەی پانکارتی "هەڵەبجە لەبیرناکەین" و خوێندنەوەی ڕاگەیاندراوەکان کۆمەڵکوژییەکان شەرمەزارکران و دژایەتی بۆ زیهنیەتی فاشیست و قڕکەر دووپاتکرایەوە.

لە ئامەد، وتەبێژی پلاتفۆرمی ڕەنج و دیموکراسی، باوەڕ بابور گوتی: "نەوەک هەر سەدام حوسەین، بەڵکو دەوڵەتانی هەرێمەکە و یەکێتی ئەوروپا و ئەمریکا و هەموو هێزە نێونەتەوەییەکان بەرپرسن. پێویستە بزانرێت تا پرسی کورد بە ڕێگەی دیموکراتیک چارەسەر نەکرێت، ئاشتی و ئارامی نایەتە ڕۆژهەڵاتی ناوین. هەڵەبجەمان لەیاد نەکرد، هەرگیز لەیادی ناکەین".

هاوسەرۆکی دەم پارتی ئامەد، پینار ساکیک ڕایگەیاند پشت لە ئێش و ئازار و بەهاکانمان ناکەین، هەڵەبجەش یەکێکە لەوانە.

لە سێرت هاوسەرۆکی دەبەپەی ناوچەکە، فەرهاد بۆزکورت ڕایگەیاند کۆمەڵکوژی هەڵەبجە بەبەرچاوی جیهانەوە ڕوویدا، ئەم کۆمەڵکوژییە بە ئامانجی کپکردنی کوردان بوو، هەروەها تیشکی خستەسەر شاڵاوی ئەنفال و کەمکردنەوەی ڕێژەی کورد، بێجگە لە گازی کیمیایی، بە بلۆدزەر گوندەکانیان ڕووخاند و لە پرۆسەی ئەنفالدا نزیکەی ١٨٠ هەزار کورد زیندەبەچاڵکران.

بۆزکورت ئاماژەی بەوە کرد، کوردان دەستبەرداری تێکۆشانی ئازادی و دیموکراسی نەبوون، لە ڕۆژهەڵاتی ناوین دەرفەتی ژیانی هاوبەشیان ئافراند، کۆمەڵکوژی هەڵەبجە لەبیرناکەین.

لە جولەمێرگ هاوسەرۆکی دەم پارتی ناوچەکە، حومەیرا ئارموت ڕایگەیاند کۆمەڵکوژی ناتوانێت ڕێگە لە تێکۆشانی ئازادی و یەکسانی گەلی کورد بگرێت.