کۆنگرەی گەل: بەو پەڕی هێزەوە بەشداری لە رێپێوانی دۆسێلدۆرفدا دەکەین

کۆنگرەی گەل: بۆ ئەوەی بێدەنگی لەبەرامبەر بەکارهێنانی چەکی کیمیایی بشکێنرێت، ئێمە بەوپەڕی هێزەوە بەشداری لە رێپێوانی ١٢ی تشرینی دووەم لە دۆسێلدۆرف دەکەین.

لە راگەیەندراوی دیوانی هاوسەرۆکایەتی گۆنگرەی گەلدا هاتووە، "حکومەتی فاشیستی ئاکەپە-مەهەپە لەبەر ئەوەی بەرامبەر بە بەرخودانی گەریلاکانی ئازادیی کوردستان شکستی هێناوە، چەکی کیمیایی، ئەتۆمی تاکتیکی و تەرمۆباریک کە لەئاستی نێونەتەوەییدا قەدەغەن بەکاردەهێنێت.

'ئێمە بێدەنگی قەبوڵ ناکەین'

لە راگەیەندراوەکەدا ئەم شتانە هاتووە:

"بەکارهێنانی ئەو چەکانە تاوانە لە دژی مرۆڤایەتی و دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی وەک ئۆ پی سی دەبڵیو و نەتەوەیەکگرتووەکان لەبەرامبەر ئەوەدا بێدەنگن. بانگەوازی دامەزراوە کوردییەکان نابیستن، گوێ بۆ بانگەوازی پزیشکانی پسپۆڕی ئەندام لە ئای پی پی ئێن دەبڵیو ناگرن. سەرباری ئەوەش کە دیمەنی ئەو گەریلایانەی بە چەکی کیمیایی ژەهراوی بوون بڵاوکراوەتەوە، هێشتاش بێدەنگن.

حکومەتی تورک سود لەو بێدەنگییەی ئەو دامەزراوانە وەردەگرێت، هێرشە کیمیاییەکانی خۆی زیاتر کردووە و هەڵیانکوتایە سەر پ.د.شەبنەم کۆرور فینجانجی کە وتبووی دەبێت لێکۆڵینەوە لەبارەی بەکارهێنانی کیمیایی بکرێت و هەروەها ئەو هەڵیشیانکوتابووە سەر ئەو رۆژنامەوانە کوردانەی کە لەسەر ئەو هێرشانە هەواڵیان بڵاوکردبووەوە.

خۆشناو عەتا سێ مانگە لەبەردەم دەرگای ئۆ پی سی دەبڵیو ئێشک دەگرێت، بەڵام ئۆ پی سی دەبڵیو دەنگی ئەو نابیستێت. ئۆ پی سی دەبڵیو دەڵێت ئەگەر دەوڵەتێک داواکاری پێشکەش بکات، ئەوان دەتوانن ئەو بابەتە بخەنە بەرنامەی کارەوە. بەو قسەیەی ئۆ پی سی دەبڵیو راستەوخۆ هاوکاری تاوانە لە دژی مرۆڤایەتی، کە بەرامبەر گەلی کوردی بێدەوڵەت و گەریلاکانی دەکرێت.

ئێمە ناهێڵین گەلی کورد کە سەد ساڵە لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش لەگەڵ دەوڵەتی تورک کراوەتە قوربانی، جارێکیتر بکرێتەوە قوربانی. ئێمە هەرگیز بێدەنگی بەرامبەر بە کوشتنی بە نرخترین رۆڵەکانمان قەبوڵ ناکەین. گەریلا شکۆی گەلی کوردە. گەلی کورد ئەگەر شکۆی لەدەستبدات ناتوانێت بژیت.

'لە ١٢ی تشرینی دووەمدا تاکە کارمان دەبێت پاراستنی شکۆی خۆمان بێت'

ئەو دامەزراوە کوردیانەی لە دەرەوەی وڵاتن، ١٢ی تشرینی دووەمیان وەک 'رۆژی ئەرکی نەتەوەیی' راگەیاندوە و لە دژی هێرشەکیمیاییەکانی دەوڵەتی تورک هەوڵوێستێکی هاوبەشیان نیشانداوە. دەبێت لەو رۆژەدا کەس نەچێتە سەر کارەکەی، هەموو شتێک رابگرێت. لەو رۆژەدا تاکە کاری ئێمە دەبێت ئەوە بێت کە خاوەنداری لە گەریلا بکەین، پەیامی خۆمان بگەیەنینە دامەزراوەکان و رای گشتیی.

لە ١٢ ی تشرینی دووەمدا ئێمە دەوڵەتی تورک کە چەکی کیمیایی لە دژی گەریلا بەکاردەهێنێت و ئەو دامەزراوانەی کە بێدەنگن، بە گردبوونەوەیەکی ناوەندیی بەهێز لە دۆسێلدۆرف شەرمەزار دەکەین.

لە سکاندیناڤیا (ستۆکهۆڵم)، بەریتانیا (لەندەن)، باشوری فەرەنسا (مارسیلیا) و نەمسا(ڤیەننا) کە بە هۆی مەودای زۆرەوە ناتوانن بەشداری لە رێپێوانی ناوەندیدا بکەن، لە ١٢ی تشرینی دووەم گردبوونەوە ئەنجام دەدرێت و بێدەنگی لەبەرامبەر چەکی کیمیایی شەرمەزار دەکرێت.

ئێمە داوا لە گەلەکەمان و دۆستانمان دەکەین، وەرن لە ١٢ی تشرینی دووەمدا لە دۆسێلدۆرف بە بەشداری زۆر بەهێز و بە شکۆ دەنگ و هێزی خۆمان بکەینە یەک و بێدەنگی لەبەرامبەر چەکی کیمیایی بشکێنن. بۆ ئەوەی ئەو چاوانەی نابینن و ئەو گوێیانەی نابیستن بکەینەوە، دەبێت گەلەکەمان و دۆستانمان سەفەربەر بن و بکەونە ئامادەباشییەوە.

بۆ خاوەنداری لە گەریلا کە هۆکاری ئازادی گەلان، ژنان و هەموو چەوساوەکانە و بۆ ئەوەی ئێمە ببینە دەنگی گەریلا دەبێت هەموو کەس بە بنەماڵە و دەوروبەرییەکانیەوە بەشداری لە گردبوونەوەی دۆسێلدۆرفدا بکات. ئێمە ئەردۆغانی فاشیست کە تاوانی شەڕ دەات و ئەو کەسانەی کە بە بێدەنگییان پشتیوانی لێدەکەن، شەرمەزار دەکەین و ئێمە بێدەنگییەکە تێکدەشکێنین".

هـ . ب