بەبۆنەی ساڵیادی کۆمەڵکوژی و کیمیابارانی ١٦ ی ئاداری هەڵەبجە لەلایەن ڕژێمی فاشیستی بەعسەوە، کۆنسەی بەڕێوەبەری کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) ڕاگەیاندراوێکی نوسراوی بڵاوکردەوە و دەڵێت: "کۆمەڵکوژیی هەڵەبجە لە مێژووی گەلی کورددا یەکەم کۆمەڵکوژی نیە و دوا کۆمەڵکوژیش نابێت! تاوانی بەو رەنگە دڕندانە و نامرۆڤانەیەی دەوڵەتانی داگیرکەر مەبەست و ئامانج لێی بشاڤتن و سڕینەوە و لەناوبردنی گەلی کوردە و دەیانەوێ کورد نەبێتە خاوەن قەوارەی سەربەخۆ و خاوەن ناسنامە".
کەنەکە ئاماژە دەکات بە ئاستی دڕندانەی کۆمەڵکوژییەکە و دەڵێت: "ئەو کۆمەڵکوژییە ئەوەی بە جیهان و مرۆڤایەتی نیشاندا کە دوژمنایەتی لەبەرامبەر گەلی کورد چەندە قووڵ و بێ سنوورە. بە هەزاران مرۆڤی کورد - ژن، پیاو، منداڵ و بەساڵاچوو بە چەکی کیمیایی بە شێوەیەکی دڕندانە گیانیان لەدەستدا. ئەم کۆمەڵکوژیە بەبەرچاوی هەموو جیهان ئەنجام درا، ئەو کات هیچ دەوڵەتێک دەنگی لێوە نەهات و لەدژی دەرنەکەوت".
هەروەها هەڵوێستی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپا شەرمەزاردەکات کە تا بەرژەوەندییەکانیان نەکەوتە مەترسییەوە بەرامبەر ڕژێمی سەدان نەهاتنە دەنگ.
کەنەکە ئاماژە بەوە دەکات هێشتا مەترسی کۆمەڵکوژی بەردەوامە و دەڵێت: "لەم رۆژانەدا کە 36 ەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژیی هەڵەبجەیە، دەوڵەتە فاشست و شۆڤینیستەکانی داگیرکەرانی کوردستان لە سەروویانەوە دەوڵەتی تورکیا ( رژێمی دیکتاتۆر و نەژادپەرستیی ئاکەپە-مەهەپە) سەرکێشی بۆ ئامادەکاری پلانی نوێ بۆ کۆمەڵکوژیکردنی گەلی کورد و کوردستان دەکات و دەیانەوێ حکومەتی عێراقیش بکاتە خۆی و بەشداری پلانەکانی بکات.
حکومەتی هەرێمی کوردستان - باشور و هێزەکانی پەدەکە خۆی لە خۆییدا بەشداری ئەو پیلان و هێرشانەدایە. ئەو پلانانەی کە ئامادە دەکرێن مەترسی و وێرانکاریەکی گەورە لە بەرامبەر هەر چوار پارچەی کوردستان، بەبێ چاوپۆشین بەدوای خۆیدا دێنێت و ئەنجامەکەی لە دژی بەرژەوەندی و دەستکەوتەکانی گەلی کوردستان دەبێت".
کەنەکە بانگەواز لە هێز و پارت و رێکخراو و ڕۆشنبیران و وڵاتپارێزان دەکات بەرامبەر پیلانەکانی داگیرکەران یەکبگرن و هەڵوێست وەربگرن.
لەکۆتاییدا کەنەکە بەڕێزەوە یادی قوربانیان دەکاتەوە و بەڵێن دەدات لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندییەکانی گەلی کورد و گەیشتن بە ئامانجەکان درێژە بە خەبات و تێکۆشان بدرێت.