کەنەکە ڕێککەوتنی تورکیا و ناتۆ شەرمەزار دەکات
کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) ملکەچبوونی ناتۆ و سوید بۆ ئەردۆگان و هەماهەنگیان لە تاوانی دەوڵەتی تورک دژی کورد، شەرمەزار دەکات.
کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) ملکەچبوونی ناتۆ و سوید بۆ ئەردۆگان و هەماهەنگیان لە تاوانی دەوڵەتی تورک دژی کورد، شەرمەزار دەکات.
کۆنسەی بەڕێوەبەری کەنەکە ناڕەزایەتی دەربڕی بە ڕێککەوتنی دەوڵەتانی ناتۆ لەگەڵ تورکیا، لەم بارەیەوە ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.
کەنەکە ڕوونی دەکاتەوە، قبووڵکردنی داخوازییەکانی ئەردۆگانی فاشیست لە لوتکەی ناتۆ، مانای ستەمکردن لە کورد و کوشتن و ئاوارەکردنیانە لە تەواوی کوردستان، دەڵێت: " پێش کۆبوونەوەی لوتکەی ناتۆ، یانس ستۆڵتەنبێرگ و سەرۆک وەزیرانی سوید ئۆلاف کریستیرسۆن و ئەردۆگان، ڕێککەوتنێکی حەوت خاڵییان واژۆکرد. ئەم ڕێککەوتنە یاسا و نەریتی دیموکراسی و پەیماننامەی نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤی نەپاراست. سوید و ناتۆ سەری خۆیان بۆ دەوڵەتی تورک چەماند. تورکیا هەمدیسان ئەندامبوونی لە ناتۆ بەکارهێنا بۆ هەڕەشەکردن لە نەتەوە دیموکراتیکەکان، کۆدەنگی بەدەستهێنا لەسەر سیاسەتە دیکتاتۆرییەکەی بە ئامانجی قڕکردنی کورد و هێرشی سەربازی و کۆمەڵکوژی".
ڕاگەیاندراوەکە ئاماژە بەوە دەکات، زۆرینەی وڵاتانی ناتۆ سوپاسی کورد و یەپەگە و یەپەژەیان کرد لە شکاندنی داعش، ڕوونی دەکاتەوە: "هەموو دەوڵەتانی ناتۆ دەزانن، تورکیای ئەندامی ناتۆ، دامەزرێنەر و هاریکاری داعشە.
ئەردۆگان یەپەگە و یەپەژە دەکات ئامانج، لەڕێگەی داعشەوە شەڕی کورد دەکات. دەبێت ناتۆ و هاوپەیمانی گرێدراو بە دیموکراسی و سەقامگیری و ئاسایشی نێودەوڵەتی، گرنگی بدەن بەم مێژووە نوێیە و دینامیکە هەرێمییە گرنگەکان".
کەنەکە ئاماژە بەوە دەکات، بەم ڕێککەوتنە، ناتۆ ڕەوایەتی دەدات بە هێرشی ٤٠ ساڵەی دەوڵەتی تورک دژی کورد، ڕازی دەبێت بە تاوانە نامرۆییەکانی، ئاماژە بەوە دەکات، سوپای تورک بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و چەکی کیمایی هێرش دەکاتە سەر گەریلا.
ڕاگەیاندراوەکەی کەنەکە، سەرکۆنەی سوید و ناتۆ دەکات بە ڕازیبوونیان بە داخوازییەکانی ئەردۆگان و بەشداربوونیان لە تاوانەکانی دەوڵەتی تورک دژی کورد.