لەچوارچێوەی سەردانەكەیاندا بۆ لای لایەنە سیاسییەكانی باشووری كوردستان، شاندی كەنەكە بە سەرۆكایەتیی زەینەب موراد، هاوسەرۆكی كەنەكە لەگەڵ یەكێتیی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان، كۆبووەوە و باسیان لە ڕەوشی سیاسیی كوردستان و مەترسییەكانی دەوڵەتی تورك كرد لەسەر باشووری كوردستان و ڕۆژئاوای كوردستان.
دوای كۆبوونەوەكە، غەفوور مەخمووری، سكرتێری یەكێتیی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان وتی: “باسی ڕەوشی سیاسی باشووری كوردستان و پارچەكانی تری كوردستانمان كرد و هەردوولا كۆك بووین لەسەر ئەوەی كە دەبێت كورد یەكڕیز و یەكگرتوو بێت. وتیشی: “دەبێت كێشەو گرفتەكانی نێوان لایەنە سیاسییەكانی كوردستان بە دیالۆگ چارەسەر بكرێن، ئەمەش لەپێناو بەرژەوەندیی باڵای گەلی كورد و خەڵكی كوردستان."
غەفوور مەخمووری، ئاماژەی بەوەش دا: مەترسییەكانی دەوڵەتی تورك لەسەر باشوورو ڕۆژئاوای كوردستان، جددین و دەبێت كورد لەبەرامبەر ئەو مەترسیانەدا كۆدەنگ و هەماهەنگ بێت.
زەینەب موراد، هاوسەرۆكی كەنەكە وتی: “ئێمە لێرەین بۆ قسەكردن لەسەر پتەوكردنی یەكڕیزیی نێوان لایەنە سیاسییەكانی باشووری كوردستان و ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو مەترسییانەی لەسەر باشووری كوردستان هەن، بەتایبەت مەترسییەكانی دەوڵەتی تورك كەئێستا سەرقاڵی داگیركارییە لە باشووری كوردستان.
زەینەب مووراد وتی : :دەبێت كورد یەكڕیز بێت، ئەگینا ناتوانێت دەستكەوتە بەدیهاتوەكانی بپارێزێت و جەختیشی كردەوە: “مادام دەرفەتی دانیشتن و یەكتربینین هەیە، ئەوا دەبێت بە دیالۆگ كێشە ناوخۆییەكان چارەسەر بكەین و دەستكەوتەكانمان بپارێزین.
هەروەها بەپێی هەواڵێكی نووسینگەی سەرۆكی كۆمەڵی دادگەریی كوردستان، شاندەكەی كەنەكە، سەردانی كۆمەڵی دادگەریی كردووە و لەلایەن عەلی باپیر سەرۆك و ژمارهیهك له ئهندامانی ئهنجوومهنی باڵا و ئهنجوومهنی سهركردایهتییەوە، پێشوازییان لێ كراوە.
هەردوولایەنی كەنەكە و كۆمەڵی دادگەریی كوردستان، جەختیان لە یهكڕیزیی و تهبایی نێوان لایهنه سیاسییهكانی بهشهكانی كوردستان كردووەتەوە و كاری هاوبهش و بهردهوامیی و ههماههنگیی نێوان لایهنهكانیان بهپێویست زانیوە لهپێناو خزمهتكردنی پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەكاندا.
ک-ش