کۆنیچ نووسەری پۆڵۆنی: ئاشتی بە ئازادیی عەبدوڵا ئۆجالان بەدی دێت
نووسەر و بیرمەندی پۆڵۆنی تۆماس کۆنیچ رایگەیاند، چارەسەریی قەیرانەکانی کوردستان و تورکیا و ناوچەکە و بەدیهاتنی ئاشتی بە ئازادیی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد بەدی دێت.
نووسەر و بیرمەندی پۆڵۆنی تۆماس کۆنیچ رایگەیاند، چارەسەریی قەیرانەکانی کوردستان و تورکیا و ناوچەکە و بەدیهاتنی ئاشتی بە ئازادیی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد بەدی دێت.
نووسەر و بیرمەندی پۆڵۆنی تۆماس کۆنیچ (Tomasz Konicz) بە نووسینەکانی لەم سەردەمەدا لە جیهانی فەلسەفەی ئەڵتەرناتیڤی ئەڵمانیدا بووەتە یەکێک لە کەسایەتییە ناسراوەکان. کۆنیچ لە هەمان کاتدا یەکێک لە پسپۆڕە سەرەکییەکانی تێۆری سیستمی جیهانی ئیمانوئیل والیرشتاینە. تا ئێستا ئەم کتێبانەى نووسیوە، "سیاسەت لە پرۆسەى قەیراندا"، "ئایدۆلۆژیای قەیران"، هەستانەوە و رووخانی ئەوروپای ئەڵمان"، "کاپیتاڵکۆلپاس" ، "فاشیزم لە سەدەی ٢١دا" ، "سیستمی کاپیتال – ئابووری دوژمنی کەش و هەوایە، سەرچاوەکانی ژیانی ئێمەیان چۆن لەناوبرد؟".
تۆماس کۆنیچ لە میدیا ئۆپۆزسیۆنەکانی ئەڵمانیادا وەک (Telepolis)، (Neues Deutschland) ، (Kontret) ، (Background) ، (Streifzüge) و (Exit) نووسراو و شیکارییەکانی بڵاودەکرێنەوە. لەبارەی بێدەنگیی وڵاتانی رۆژئاوایی بەرامبەر بە گۆشەگیری و ئەشکەنجەی قورسی ئیمراڵی و کاریگەریی ئازادیی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد بۆ ئاشتی لە ناوچەکە و جیهان بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەی کرد.
'بەهۆی سەرمایەى ئەڵمانەوە لە بەرامبەر گۆشەگیریدا بێدەنگ دەبن'
کۆنیچ راگەیاند، سەرباری بڕیارەکانی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا و راپۆرتی کۆمیتەى رێگریکردن لەئەشکەنجەى سەر بە ئەنجوومەنی ئەوروپا (سی پی تی)، ئەوروپا بە تایبەتی ئەڵمانیا لە بەرامبەر تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتیی لە ئیمراڵی بێدەنگە و هۆکاری ئەوەش بۆ "هێز و بەرژەوەندیی ژئۆپۆلۆتیک" دەگەڕێتەوە.
بەپێی بۆچوونی ئەو بیرمەندە پۆڵۆنییە یەکێک لە هۆکارەکانی بێدەنگی بەرامبەر بە گۆشەگیریی ئیمراڵی ئەوەیە، کە دەوڵەتی تورک بۆ ئەڵمانیا لە ناوچەکەدا رۆڵی پرد دەگێڕێت، هاوپەیمانییەکی لەو شێوەیەیە لە نێوانیاندا هەیە و تورکیا بۆ سەرمایەی ئەڵمان وڵاتێکی سەرەکییە، کە سەرمایەگوزاریی تیادا دەکات.
تۆماس کۆنیچ ئاماژە بەوەکرد، بۆ بەڕێوەبەرایەتیی بەرلین لەهەمان کاتدا تورکیا بە مانای "پاسەوانی بەردەرگا"یە، کە رێگری لە پەڕینەوەى پەنابەران بۆ ئەوروپا دەکات و ئەوەشی وت، "لەبەر ئەو هۆکارانەی پەیوەندییان بە هێزەوە هەیە، دیموکراسی و پێوەرەکانی مافی مرۆڤ پێشێل دەکرێن و بە نەبوویان دەزانن. هەڵسوکەوت و نزیکایەتیی جووت ستاندار و بانێک و دوو هەوای حکومەتی ئەڵمانیای فیدراڵ لە بواری مافەکانی مرۆڤدا هەیە و ئەوەش بەرامبەر بە کێشەی کورد بە شێوەیەکی زەق و روون دەبینرێت. بێدەنگیی بەرامبەر بە بابەتی عەبدوڵا ئۆجالان چۆنیەتیی هەڵسوکەوتکردن و نزیکایەتی لە کێشەى کورد دەخاتە بەرچاو".
'کاتێک باسی مافی مرۆڤ دەکرێت، تەنها رووسیا و چین-یان لە بەرچاوە'
نووسەر کۆنیچ باسی ئەوەیکرد، کاتێک باس لە مافەکانی مرۆڤ دەکرێت دەوڵەتی ئەڵمان تەنها چاوی لەسەر رووسیا و چینە و وتی، "بەرێوەبەریی بەرلین لە دژی رووسیا و چین کارتی مافی مرۆڤ بە خێرای جێبەجێ دەکات، بەڵام کاتێک بابەتەکە دەبێتە عەبدوڵا ئۆجالان، داگیرکەریی باکووری سوریا و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لەلایەن تورکیاوە خۆی بێدەنگ دەکات".
کۆنیچ رایگەیاند، داوای ئازادیی عەبدوڵا ئۆجالان بەمانای چارەسەریی کێشەى کوردە لە رێگەى ئاشتییانەوە و وتی، "رژێمی ئەردۆغان بۆ ئەوە رێگری لە چارەسەرییەکی هەمیشەیی لە تورکیا بکات، رێگری ئازادیی عەبدوڵا ئۆجالان دەکات، چونکە ئەو پرۆسەیە کۆتایی بە دەسەڵاتی ئەردۆغان دەهێنێت. بە بڕوای من ئاشتی لە کوردستان و ئازادیی عەبدوڵا ئۆجالان دەبێتە سەرەتایەک بۆ کۆتایهێنان بە رێگا و شێوازەکانی جیاکاریکردن".
ژ.ت