کوردانی ئەوروپا دژی شەهیدکردنی ڕۆژنامەنووسان ڕژانە گۆڕەپانەکان- نوێکراوەتەوە
کوردستانیان لە ئەوروپا دژی شەهیدکردنی ڕۆژنامەنووسان لە سلێمانی لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە ڕژانە گۆڕەپانەکان.
کوردستانیان لە ئەوروپا دژی شەهیدکردنی ڕۆژنامەنووسان لە سلێمانی لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە ڕژانە گۆڕەپانەکان.
لە ئەنجامی هێرشی دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە ناوچەی سەیدسادقی سلێمانی ڕۆژنامەنووسان گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین شەهیدبوون.
کوردستانیان لەسەر بانگەوازی دەکتەم و مەجلیسی ژنانی ئارین میرکان لە مارسیلیا کۆبوونەوە.
ڕاگەیاندراوێک لەلایەن یەعقوب سەرحەد خوێنرایەوە و ڕایگەیاند پێویستە ئەم هێرشە قبووڵ نەکرێت و هەڵوێستی هاوکاری پەدەکەی بۆ دەوڵەتی تورک شەرمەزار کرد.
دارمشتاد
لە شاری دارمشتادی ئەڵمانیا چالاکییەک لەلایەن تەژەکە-ئە ڕێکخرا و دەوڵەتی تورک و پەدەکە شەرمەزارکران.
لە چالاکییەکەدا پەیامدرا: "چاپەمەنی ئازاد هەرگیز دەستبەرداری پێنووس و کامێراکان نابێت".
زیوریخ
کوردستانیان لە زیوریخ لەسەر بانگەوازی مەجلیسی ژنانی بێریتان و ناوەندی جڤاکی کوردی دیموکراتیک کۆبوونەوە، داوایان کرد ئاسمانی هەرێم بەڕووی دەوڵەتی تورک دابخرێت.
لەسەر ناوی جەدەکە ئیمرا کارا ڕاگەیاندراوێکی بە زمانی ئەڵمانی خوێندەوە، ڕایگەیاند ئەم هێرشانە بە دەستووری هێزە نێونەتەوەییەکان ئەنجام دەدرێت کە ئاسمانی هەرێمەکەیان بەڕووی تورکیادا کردووەتەوە، ئەمەش هاوکاری قڕکردنی کوردە لەلایەن ئەو هێزانەوە.
ئەمروڵا بینگۆل لەسەر ناوی دیوانی هاوسەرۆکایەتی کۆنسەی کوردانی دیموکراتیکی سویسرا، گوتی: "بە هاوکاری ئیدارەی پەدەکە ئەمڕۆ ٢ هاوڕێی ژنمان کوژران".
تیچینۆ
کوردستانیان لە کانتۆنی تیچینۆی سویسرا لە ئاهەنگێکدا کۆبوونەوە، ئاهەنگەکە بە پێشەنگایەتی ناوەندی جڤاکی کوردی دیموکراتیکی بێلیزۆنا ڕێکخرا، مەجلیسی کوردی دیموکراتیکی سویسرا (جەدەکە-سە) و سیاسەتمەدار موسا فارسئۆغلو و بەڕێوەبەرانی ناوەندی جڤاک و زۆر کەس بەشدار بوون.
موسا فارسئۆغلو تیشکی خستەسەر گرنگی هەڵمەتی ١٥ ی ئاب، فەرماندە عەگید و هەموو شەهیدانی بیرهێنایەوە و گوتی: "بە فراوانکردنی تێکۆشان درێژە بە میراتەکەیان دەدەین، لە هەموو گۆڕەپانێک دژی فاشیزم تێدەکۆشین".
فارسئۆغلو شەهیدانی تێکۆشانی چاپەمەنی بیرهێنایەوە کە دوێنێ شەهیدبوون، گوتی: "ئەم هێرشە بە هێڵی خیانەتی پەدەکە ئەنجامدراوە. دەبێت بزانن ئێمە هەرگیز بەرامبەر ئەم هێرشانە بێدەنگ نابین. لە گۆڕەپانەکان دەنگ بەرزدەکەینەوە و وەڵامی کۆمەڵکوژییەکان دەدەینەوە. گەلی وڵاتپارێزی باشوورمان وەڵامی پێویستی خیانەت دەداتەوە".
ستۆکهۆڵم
کوردستانیان بە پێشەنگایەتی مەجلیسی ژنانی ئامارا کۆبوونەوە و بڵاوکراوەیان دابەشکرد.
لە بڵاوکراوەکان نووسرابوو: "هەردوو ڕۆژنامەوانەکە بۆ ئاشکراکردنی گەندەڵییەکانی بنەماڵەی بارزانی بەرخۆدانیان کرد و بە بوێرییەوە خیانەتی پەدەکەیان لە باشووری کوردستان ئاشکرا کردووە".
بازل
لەسەر بانگەوازی مەجلیسی ژنانی ڕوناهی و ناوەندی جڤاکی دیموکراتیکی کورد، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی بەسترا و کوردستانیان ئامادەبوون. وێنەی شەهید گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین بەرزکرایەوە و خولەکێک ڕێزگرتن پیشاندرا. پاش خوێندنەوەی ڕاگەیاندراوی تەژەکە-ئە بە زمانی ئەڵمانی، چالاکیەکە بە بەرزکردنەوەی درووشم کۆتایی هات.
پاریس
لە شاری پاریسی پایتەختی فەرەنسا کوردستانیان چالاکییەکیان ئەنجامدا.
لەسەر ناوی تەڤگەری ژنانی کوردی فەرەنسا و کۆنسەی کوردانی دیموکراتیکی فەرەنسا ڕاگەیاندراو خوێنرایەوە، دەوڵەتی تورک شەرمەزار کرا و گوترا: "ئەگەر هەموو جیهان هێرشمان بکاتە سەر ناتوانن فیکری ڕێبەر ئاپۆ لەناوببەن".
هەروەها سەرەخۆشی لە بنەماڵەی شەهیدان کرا و هیوای چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان خوازرا.
هەروەها هاوکاری و خیانەتی پەدەکە شەرمەزار کرا.
کێل
لە شاری کێلی ئەڵمانیا بۆ گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین چالاکی ناڕەزایەتی ئەنجامدرا. ڕاگەیاندراو بە زمانی ئەڵمانی خوێنرایەوە، دەوڵەتی تورک و هاوکاری پەدەکە شەرمەزارکرا.
فرانکفۆرت
دەیان کوردستانی بە پێشەنگایەتی یەکێتیی ژنانی کوردی ئەڵمانیا لە فرانکفۆرت کۆبوونەوە، هێرشی دەوڵەتی تورکیان بۆ سەر ڕۆژنامەنووسان شەرمەزار کرد.
لیماسۆل
کوردستانیان و دۆستەکانیان لە شاری لیماسۆلی قوبرس ڕێپێوان و گردبوونەوەیان ئەنجامدا.
لەبەردەم شارەوانی لیماسۆل ڕێپێوانەکە گۆڕا بۆ گردبوونەوە، درووشم دژی داگیرکاری و خیانەت بەرزکرایەوە.
پاش خولەکێک ڕێزگرتن لە شەهیدان، سیاسەتمەداری کورد لەزگین سەرحەد گوتی: "دەوڵەتی تورک بە تەنها هێرشی نەکرد، گەلەکەمان باش دەزانێت کێ دەستی لە هێرشەکەدا هەیە، بەدڵنیاییەوە پەدەکە بووەتە سیمبولی هێڵی خیانەت".
پاش ڕاگەیاندراو بە زمانی ئینگلیزی و بەرزکردنەوەی درووشم چالاکیەکە کۆتایی هات.