لە چالاکییەکان دژی دەستبەسەراگرتن، پەیامی مەزنکردنی بەرخۆدان درا
لە دژی دەستبەسەراگرتنی شارەوانییەکان و کودەتای قەیوم، لە چەند شارێک چالاکی ئەنجامدرا.
لە دژی دەستبەسەراگرتنی شارەوانییەکان و کودەتای قەیوم، لە چەند شارێک چالاکی ئەنجامدرا.
پاش جولەمێرگ و ئەسەنیورت و ئێلح و مێردین و خەلفەتی و دێرسیم و خۆزات، شارەوانی میکس لە وان دەستی بەسەردا گیرا، بەم بۆنەیەوە لە چەند شارێک چالاکی ناڕەزایەتی ئەنجامدرا.
شەرناخ
ڕێکخستنی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) دەستبەسەراگرتنی شارەوانی میکسی شەرمەزار کرد. چالاکییەکە لە شەقامی سانات لە جزیر ئەنجامدرا، پانکارت و درووشم دژی قەیوم بەرزکرایەوە.
هاوسەرۆکی دەم پارتی شەرناخ نورجەل ئالتورک بانگەوازی لە حکومەتی ئاکەپە کرد کۆتایی بەم سیاسەتە قێزەونانە بهێنێت.
پەرلەمانتاری دەم پارتی زەکی ئیرمەز گوتی: "لەلایەک باسی چارەسەر دەکەن، دەڵێن لەگەڵ دەم پارتی و بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان کۆدەبینەوە، لەلایەکی تر درێژە بەم سیاسەتە قێزەونانە دەدەن". گەل بە بەرزکردنەوەی درووشم تا بینای دەم پارتی لە جزیر ڕێپێوانیان کرد.
ئەنتاڵیا
ڕێکخستنی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە ئەنتاڵیا، لە بینای پارتەکەی کودەتای قەیومی شەرمەزار کرد. لە بەڕێوەبەرانی دەم پارتی ئەڤین ئاکداغ، گوتی: "ئەمە کودەتایە دژی ئیرادەی گەل. ئەمە فرت و فێڵە دژی هیوای ئاشتی. هەرگیز سەر نەوی ناکەین و درێژە بە تێکۆشان دەدەین".
وان
لە وان بە بەشداری چەندین کەس لە گۆڕەپانی شارەکە ڕێپێوان ئەنجامدرا، درووشمی "قەیوم دەچن و گەل دێت" و "بژی بەرخۆدانی میکس" و "بژی بەرخۆدانی ڕۆژئاوا" بەرزکرایەوە.
هاوسەرۆکی دەم پارتی وان گوڵشەن کورت گوتی: "گەل لە هەڵبژاردن ئیرادەی خۆی بەڕوونی نیشاندا، دەسەڵاتی ئاکەپە _مەهەپە کودەتای سیاسی بەرامبەر گەلی وان دەکات، گەل هەرگیز قبووڵی ناکات".
هاوسەرۆکی شارەوانی وان گوتی: "لەسەر ئەم خاکە قڕکردنی مەزن هەبوون، پێشەنگانی گەلی کورد لەسێدارە دران و بێسەروشوێن کران. بەڵام گەلی کورد بەرامبەر ئەم سیاسەتانە سەری نەوی نەکرد، گەلی کورد تێکۆشان و بەرخۆدانێکی مەزنی پیشاندا".
پەرلەمانتاری جولەمێرگ وەزیری جۆشکون ڕایگەیاند ڕۆژێک دێت لێپرسینەوە لە قەیومەکان دەکرێت، گوتی: "لەبەرئەوەی لە ئیمراڵی گۆشەگیرییەکی توند هەیە، ئەمڕۆ قەیوم دادەنرێت، نازانن بەم سیاسەتانە هیچ ئەنجامێک لە کوردستان بەدەست ناهێنن".
جۆشکون ڕایگەیاند پێویستە بۆ ڕاگرتنی زیهنیەتی قەیوم گەل ناڕەزایەتی دیموکراتیک نیشان بدات.