لە لیۆن گوترا: ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان

هەزاران کوردستانی لە باشوری فەرەنسا و دۆستانی گەلی کورد لە شاری لیۆن کۆبوونەوە و بە درووشمی "ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، ستاتۆ بۆ کوردستان" ڕێپێوانیان کرد.

لە ڕێپێوانەکەدا بە پێشەنگایەتی مەجلیسی دیموکراتیکی کوردی فەرەنسا (جەدەکە-فە)، گرووپەکانی ئەنتیفا، بزووتنەوەی ئەنارکیستی فەرەنسی و گروپەکانی هاوپشتی بەشداربوون.

ڕێپێوانەکە لە (Place Jean Mace) دەستی پێکرد. لە میانی ڕێپێوانەکەدا کە نزیکەی کاتژمێرێکی خایاند، دروشمی "بژی سەرۆک ئاپۆ"، "فاشیست ئەردۆگان"، "بکوژ ئەردۆغان"، "ئازادی بۆ سەرۆک ئاپۆ، ستاتۆ بۆ کوردستان"، "ژن، ژیان، ئازادی" بەرزکرانەوە.

ڕێپێوانەکە لە (Place Bellecour) لە لیۆن گۆڕا بۆ گردبوونەوە. گردبوونەوەکە بە خولەکێک ڕێزگرتن دەستی پێکرد و بە وتاری هاوسەرۆکی کۆنگرەی جڤاکە دیموکراتییەکانی کوردستانیان لە ئەوروپا (کەجەدە-ئە)، زوبەیدە زومروت، بەردەوام بوو.

زوبەیدە زومروت گوتی: "هەموو جیهان و ئێمە تێگەیشتین، بەبێ ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، ئاشتی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوین و جیهان بەدی نایەت".

بە ناوی پارتی کۆمۆنیستی فەرەنسا، ڕافائیل دیبو، ڕایگەیاند، ئەوان بە هاوسۆزییەکی زۆرەوە چاودێری تێکۆشانی گەلی کورد دەکەن و پشتیوانی لە داخوازییەکانیان دەکەن.

لەسەر ناوی (جەدەکە-فە)، بێریڤان ڕۆزەرین، ئاماژەی بەوە کرد، پێویستە هەموو کوردێک بە هەستیار بێت سەبارەت بە ئازادیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان.

پاش وتەکان، هونەرمەندانی تەڤ_چاند، فارقین ئازاد و لاڤین پەرینچەک و سەیدا پەرینچەک هاتنە سەر شانۆ. گردبوونەوەکە بە گوتنەوەی درووشمەکان کۆتایی هات.