لە ستۆکهۆلم چالاکی بۆ پشتیوانی لە ڕاپەڕینی ڕۆژهەڵات و ئێران ئەنجامدرا

لە شاری ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوید چالاکییەک بۆ پشتیوانی لە ڕاپەڕینی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران ڕێکخرا.

کوردستانیان و ئازادیخوازان کاتژمێر ١٦:٠٠ لە مەیدانی سێرگلس لە ناوەندی شاری ستۆکهۆلم پایتەختی سوید کۆبوونەوە و بە بەرزکردنەوەی دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" پشتیوانییان لە ڕاپەڕینی ژنان کرد و بە یەک دەنگ داوای پشتیوانیکردن و خاوەنداریکردنیان لە ڕاپەڕینی گەلانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستانیان کرد.

چەندین ڕێکخراو و دەزگای گەلی کورد، فارس، بەلوج و چەندین نەتەوەیی دانیشتووی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بۆ پشتیوانیکردن لە ڕاپەڕینەکانی گەلان بەشداری چالاکییەکە بوون.

ڕێکخستنەکانی پەژاک و کەژار بە ئاڵایی خۆیانەوە لە چالاکییەکەدا ئامادە بوون.

 هونەرمەندی ناوداری کورد نەجمەدین غوڵامیش بەگۆرانیەکانی داوای پشتیوانیکردن لە ڕاپەڕینی کرد.

هەروەها لەوتەکاندا پەیامی یەکخستن و بەهێزکردنی ڕاپەڕینەکان درا. داواش لە ڕای گشتیی جیهان کرا، کە بەرامبەر بە دەنگ و هاواری گەلان بە پێشەنگایەتیی ژنان بێدەنگ نەبن و هەڵوێستیان هەبێت. هاوات داوای یەکگرتنی هێزە کوردییەکانیش لە دەرەوەی وڵات کرا.

لە چالاکییەکەدا دروشمەکانی "بژی بەرخۆدانی گەل لە ئێران و ڕۆژهەڵات"، "ژن، ژیان، ئازادی" و "ڕژێم دەست لە خوێنی گەل هەڵگرە" بەبێ ڕاوەستان دەوترانەوە.

ژ.ت