لە ستۆکهۆڵم یادی شەهیدانی ٩ی ئایار کرایەوە
لە ستۆکهۆڵم بۆ یادکردنەوەی شەهیدانی ٩ی ئایار چالاکی ئەنجامدرا. لە چالاکیەکەدا سیاسەتی سێدارەی رژێمی ئێران و بێدەنگی نێودەوڵەتی شەرمەزارکرا.
لە ستۆکهۆڵم بۆ یادکردنەوەی شەهیدانی ٩ی ئایار چالاکی ئەنجامدرا. لە چالاکیەکەدا سیاسەتی سێدارەی رژێمی ئێران و بێدەنگی نێودەوڵەتی شەرمەزارکرا.
بە بۆنەی ١٢مین ساڵیادی لەسێدارەکانی تێکۆشەرانی کورد فەرزاد کەمانگەر، عەلی حەیدەریان، شیرین ئەلەمهۆلی و فەرهاد وەکیلی و چالاکوانی فارس مەهدی ئیسلامیان کە لە ٩ی ئایاری ٢٠١٠ لە زیندانی ئێڤینی تاران لەسێدارەدران، ئەمڕۆ لە ستۆکهۆڵم کوردستانیان چالاکیان ئەنجامدا.
چالاکیەکە بە پێشەنگایەتی کۆمیتەی ژنانی رۆژهەڵاتی کوردستان و پژاک، کاتژمێر ١٣:٠٠ لە گۆڕەپانی سیرگیلس تۆرگیت لە ناوەندی ستۆکهۆڵم دەستیپێکرد. بەر لە چالاکیەکە گروپێک لە هونەرمەندانی پاکستانی بە پێشکەشکردنی گۆرانی پشتگیریان لە چالاکوانان و تێکۆشانی ئازادی کورد کرد. چالاکیەکە بە خولەکێک رێزگرتن بۆ یادی شەهیدانی ئازادی کوردستان دەستیپێکرد.
لە چالاکیەکەدا ئاڵاکانی پژاک و کەژار و وێنەی ٤ شەهیدەکەی کورد بەرزکرانەوە و پانکارت لەبارەی کردەوە نامرۆڤانەکانی ئێران بەرزکرانەوە.
هەروەها لەسەر ناوی کەژار راگەیەنراوێک خوێندرایەوە کە تێیدا هاتبوو، " دەوڵەتی ئێران هەموو جارێک کە لەبەرانبەر تێکۆشەر و شۆڕشگیران تەنگەتاو دەبێت، سێدارە و ئەشکەنجە بەکاردەهێنێت. بەم شێوەیە دەیەوێت گەلەکەمان بترسێنێت.
ئەمڕۆ زەینەب جەلالیان هەڤاڵمان لە زینداندایە، یەکەم ژنە کە سزای هەتا هەتایی بەسەردا سەپێنراوە و لە هەموو مافێکی مرۆیی بێبەشکراوە. بە هەموو شێوەیەک پشتگیری لە بەرخۆدانی زەینەب جەلالیان دەکەین."
لە بەردەوامی چالاکیەکەدا، ئایشە دیدار وتەبێژی یەکێتی ژنانی کوردی ئەسکەندەناڤیا (یەژەکە – سوید) قسەی کرد و وتی، " ئەو هەڤاڵانەی کە لەسێدارەدران، هەر یەکەیان سمبوڵی بەرخۆدان و پێشەنگایەتی ئێمەن کە لەلایەن دەوڵەتی دڕندەی ئێرانەوە لەگەڵ هەموو ناڕەزاییەکان لەسێدارەدران. ئەمڕۆ ئێران هەمان رێ و رێباز بەکاردەهێنێتەوە. ئێدی ئێمە دەڵێین کە شەرمەزاری بەس نییە. پێویستە جیهان بە شێوەیەکی ئاشکرا لەبەرانبەر کردەوەکانی ئێران هەڵوێستی هەبێت. لەبەرئەوەی کە ئەمڕۆ بە هەزاران گەنج لە زیندانەکانی ئێراندان و بەرخۆدان دەکەین. شیرین ئەلەمهولی وەک ژنێکی کورد بووەتە سمبوڵی ژنان لە هەموو جێگەیەک. ئێمە لەسەر رێگەی شەهیدان خەبات دەکەین و لەبیریان ناکەین."
چالاکیەکە بە دروشمی ' ئێران فاشیست ، ئێران خوێنمژ' و ' بمرێت رژێمی تیرۆر و ئیسلامی ئێران' کۆتایی هات.
ف.ق