دوای بڵاوبوونەوەى هەواڵی ئەوە، کە دەوڵەتی تورکی داگیرکەر لە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا چەکیی کیمیایی بەکاردەهێنێت، کوردانی سویسرا ڕژانە سەر شەقامەکان و بە ئەنجامدانی چالاکی تووڕەیی خۆیان بەرامبەر داگیرکەری و کوشتار و سیاسەتەکانی دەوڵەتی تورک نیشان دا.
سۆلۆتۆرن
لە شاری سۆلۆتۆرن چالاکیی دانیشتن بۆ ماوەی ٣ ڕۆژە دەستیپێکرد. ئامانجی چالاکییەکە ئیدانەکردنی داگیرکەری و کوشتار و سیاسەت و تاوانەکانی دەوڵەتی تورکە. هەروەها ڕەوابوونی تێکۆشانی گەلی کورد بە هاووڵاتییان و رای گشتیی سویسرا دەناسێنن.
لۆزان
کوردستانیان لە شاری لۆزان لە بەردەم بینای بەیو رۆڤاژ لە تەنیشت دەریاچەی ئۆچی کۆبوونەوە. چالاکوانان پۆستەرێکیان بەرزکردبووە، کە تاوان و کۆمەڵکوژیی دەوڵەتی تورکی تیادا نیشاندرابوو. هەروەها پۆستەرەکانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و ئاڵاکانی پەکەکەیان هەڵگرتبوو. چالاکوانان چالاکییەکەیان بە خولەکێک ڕێزگرتن بۆ یادی شەهیدانی ئازادی دەستپێکرد.
لە چالاکییەکەدا دروشم بە زمانی فەرەنسی و کوردی بۆ پشتیوانیکردن لە بەرخودانی گەریلا دەوترایەوە. ڕاگەیاندراوێکیش بە زمانی فەرەنسی بەناوی ناوەندی کۆمەڵگەی کوردیەوە خوێندرایەوە.
جنێڤ
کوردستانیان لە جنێڤ لەبەردەم پۆستەخانەی مۆنت بلان کۆبوونەوە. چالاکوانان بۆ ئیدانەکردنی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن دەوڵەتی تورکی داگیرکەرەوە جلی سپییان لەبەر کردبوو و ماسکی دژ بە گازی کیمیاییان بە دەموچاویانەوە بەستبوو و بە وتنەوەی دروشم دەستیان بە ڕێپێوان کرد. دوای ڕێپێوانەکە گردبونەوەیەک لە ناوچەی روئێ داست گرۆتیس بەڕێوەچوو.
لەناوچەکەدا بانگەوازێک کرا بۆ بەشداریکردن لەو چالاکییەدا، کە ڕۆژی چوارشەممە لە بەردەم نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بەڕێوەدەچێت. چالاکییەکە بە لێدوانێک بە زمانی فەرەنسی کۆتایی پێهات.
ژ.ت