لە وان گۆشەگیری ئیمراڵی شەرمەزارکرا

لە وان دژی گۆشەگیری سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ناڕەزایەتی پیشاندرا.

لە وان دژی گۆشەگیری سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، بە پێشەنگایەتی کۆمەڵەی هاریکاری و پشتیوانی گیراوان و حکومدراوان (TUHAY-DER) چالاکییەکی ناڕەزایەتی بەڕێوەچوو. لە گەڕەکی هونەر ڕاگەیاندراوێک خوێنرایەوە، نوێنەری ڕێکخراوەکانی جڤاکی مەدەنی و پارتە سیاسییەکان و چەند کەسی تر ئامادەبوون. چەند لافیتەیەک بەرزکرانەوە بە درووشمی "گۆشەگیری هەڵبگرن، دەرگای ئیمراڵی بکەنەوە، ئاشتی بەرقەرار بکەن" و "ئازادی بۆ زیندانییە نەخۆشەکان". هەروەها چەندین درووشم گوترانەوە: "بێدەنگ مەبن، نۆرەی ئێوەش دێت" و "بژی بەرخۆدانی زیندانەکان" و "بژی بەرخۆدانی ئیمراڵی".

سکرتێری (TUHAY-DER) لە وان، ئەمین شوکر، لە ڕاگەیاندراوەکە باسی لەوە کرد، ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە ١٥ ی شوباتی ١٩٩٩ ـەوە تا ئێستا لەژێر گۆشەگیرییەکی سەختە، گوتی: "ئەوە ٢٨ مانگە، هیچ زانیارییەکی لەبارەوە نازانرێت. ناهێڵن بنەماڵە و پارێزەران سەردانی بکەن. گۆشەگیری تاوانە دژی مرۆڤایەتی و ئێمە قبووڵی ناکەین. دەمانەوێت گۆشەگیری سەر بەڕێز ئۆجالان و هاوڕێکانی هەڵبگیرێت".

شوکر ئاماژەی کرد بە ڕەوشی زیندانییە نەخۆشەکان، لەکۆتایی قسەکانی گوتی: "هاوڕێمان بەشار یازجی هەفتەیەکە گیانی لەدەستداوە. وەزارەتی داد و ئیدارەی زیندان تاکە بەرپرسیارن لەم ڕەوشە. پێشێلکاری لە زیندانەکان گەیشتۆتە ترۆپک. دەبێت دەستوبرد ئەم پێشێلکارییانە کۆتاییان بێت".

پاش ڕاگەیاندراوەکە چالاکییەکە کۆتایی هات.