میتینگی ١ ی ئەیلول، ڕۆژی جیهانیی ئاشتی، بە پێشەنگایەتی پارتی چەپی سەوز و هەدەپە بە درووشمی "بۆ ئاشتییەکی جڤاکی و ژیانێکی یەکسان و ئازاد"، دەستی پێ کرد. گۆڕەپانی وێستگەی شەمەندەفەر کە میتینگەکەی تێیدا بەڕێوەچوو، بە ئاڵای ڕازێنرایەوە و پانکارتی "١ی ئەیلول ئاشتییە"، "ئێمە بەرامبەر شەڕەکان دەوەستینەوە، ئێمەی ژنان ئاشتیمان دەوێت"، "بە بەرخۆدان سەردەکەوین"، "ئێوەش بۆ ئاشتییەکی شکۆدار هەستنە سەر پێ"، "سووتاندنی دارستانەکان سیاسییە"، "دیسان ژن، دیسان ژیان" و "ژن گەرەنتی ئاشتییە" بەرزکرانەوە.
ژنان بە ڕێپێوان هاتنە گۆڕەپان
هاووتەبێژی پارتی چەپی سەوز، چیدەم کلیچگون ئوچار، هاوسەرۆکی گشتی دەبەپە، ساڵیحە ئایدەنیز، پەرلەمانتاران عەدالەت کایا و خالیدە تورک ئۆغلۆ و نەورۆز ئویساڵ و ئەندامانی تەژەئا، بە پانکارتەکانی "ژن، ژیان، ئازادی" و "ئازادی بۆ ژنانی زیندانی" بەرەو گۆڕەپانەکە بەڕێ کەوتن. لە ڕێپێوانەکە درووشمی "زیندانیانی سیاسی شکۆی ئێمەن" و "ژن، ژیان، ئازادی" و "بەرخۆدان ژیانە" بەرزکرانەوە.
پۆلیس نەیانهێشت ڕۆژنامەوانان پێنووسەکانیان لەگەڵ خۆیان هەڵگرن، سەرەڕای هەموو ئاستەنگەکان هەموو کەسێک لە تەمەنی حەوت ساڵەوە تا حەفتا ساڵان چوونە میتینگەکە. لە مەیدانەکەدا دروشمی "پێشەنگی ئاشتی لە ئیمرالییە" بەرزکرایەوە.
خولەکێک ڕێزگرتن پیشاندرا بۆ ئەو کەسانەی لە تێکۆشانی دیموکراسی و ئازادیدا گیانیان لەدەستدا. پاشان جەماوەری بە یەک دەنگ سروودی چەرخی شۆڕشیان خوێند، درووشمی "گەنجان فیداکاریی ئاپۆیین" لەلایەن گەنجانەوە بەرزکرایەوە.
لەکاتی گوتنەوەی درووشمەکاندا، پۆلیسەکان دەنگی سیستەمی دەنگییان بەرزکردەوە.
پاشان عەباس شاهین، هاووتەبێژی پارتی چەپی سەوز لە ئامەد، بەناوی کۆمیتەی ئامادەکارەوە قسەی کرد، گوتی: "ئێمە ویستمان لێرە شتی خۆش بڵێین، بەڵام دایکانی ئاشتی لە پێناو ئاشتیدا گیانیان دەبەخشن، زیندانییە نەخۆشەکانمان لە زیندانەکاندا گیانیان لەدەست دەدەن، ئێمە بەڵێنمان بەم گەلە داوە، ئاشتی بۆ ئەم خاکە دەهێنین".
دوای وتارەکە پەرلەمانتارانی هەرێمەکە یەک بە یەک سڵاویان لە گەل کرد.
"گەلی کورد سەدەیەکە بۆ ژیانی ئازاد بەرخۆدان دەکات"
پاشان هاوسەرۆکی کەجەدە، بەردان ئۆزتورک، گوتی: "ئەگەر لە وڵاتێک ئازادی و ئاشتی هەبێت، ١ ی ئەیلول واتایەکی مەزنی دەبێت".
پاشان ئۆزتورک باسی لە مێژووی ١ ی ئەیلول کرد و گوتی: " لەم شەڕەدا مرۆڤایەتی دۆڕاوە. ئەم ڕۆژە بۆ داننان بە بەهای ئاشتی ڕاگەیەنرا. لە کوردستان سەد ساڵە گەلەکەمان تێدەکۆشێت بۆ ژیانێکی ئازاد. لەم ٥٠ ساڵەی دواییدا گەلی کورد دەزانێت کە هەر جارێک بەڕێز ئۆجالان دەرفەتی بۆ ڕەخسابێت، هیوای گەورە بۆ تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دروست بووە. بەڵام ئاکەپە-مەهەپە بۆ لەناوبردنی ئەم ئومێدە گۆشەگیرییەکەیان توندتر کردەوە. چونکە دوژمنی دیموکراسی و ئاشتین، گۆشەگیرییەکەیان قووڵتر کردەوە. نەورۆزی ٢٠١٣ لە ئامەد لە یادی هەموو لایەکدایە. لە نەورۆزی ٢٠١٣ عەبدوڵڵا ئۆجەلان پەیامی خۆی پێشکەش کرد. قۆناغی ئاشتی دەستی پێکرد. کورد و تورک و لاز و چەرکەس هەموو گەلان ژیانیان بینی. ئەمڕۆ قەیرانی ئابووری دەستی پێکردووە. هۆکاری ئەم قەیرانە شەڕە. هۆکاری کۆتایی هاتنی دیموکراسی شەڕی دژی کوردە. ئەوان بۆ ئەوەی ئایدۆلۆژیای فاشیستی و سیاسەتە قێزەونەکانیان زاڵ بکەن، دەستیان کرد بە شەڕ دژی کورد".
ئۆزتورک دووپاتی کردەوە، کورد بە شەڕ و کوشتن و ئەشکەنجە لەناوناچن، گوتی: "دەبێت ئاشتییەکی شکۆدار لە تورکیا بێتەدی، ئەمە تاکە چارەسەرە".
"دەستی ئاشتی بۆ ڕێبەری گەلی کورد درێژ بکەن"
ئۆزتورک لە درێژەی قسەکانی گوتی: "ئەمڕۆ ڕامانەکانی بەڕێز ئۆجالان لە هەموو جیهاندا بڵاوبوونەتەوە. بەڕێز ئۆجالان دژی ئەم فاشیستانە تێکۆشان دەکات. ئێمە لەسەر ئەم ڕێگایەین بۆ ئاشتییەکی شکۆمەند. باجێکی زۆرمان داوە، بەڵام تا ئازاد دەبین باج و قوربانی دەدەین. ئەمڕۆ پرسی کورد نەک تەنها تورکیا، بەڵکو کاریگەری دەکاتە سەر ڕۆژهەڵاتی ناوین. ئەمڕۆ هۆکاری ئەوەی کە ناتوانیت عانەیەک ببەیتەوە ماڵەوە، دەگەڕێتەوە بۆ زیهنیەتی فاشیستی. دەستی ئاشتی بۆ ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان درێژ بکەن. بەم کارە ئاشتی دێتەدی. تا کۆتایی تێدەکۆشین بۆ ئاشتییەکی شەرەفمەندانە".