لە یەنیکاپی ئیستەنبوڵ بە هەزاران کەس روویان لە گۆڕەپانی نەورۆز کرد

لە گۆڕەپانی یەنیکاپی ئیستەنبوڵ بە دروشمی "رابن، کات کاتی ئازادی و سەرکەوتنە" مەراسیمی پیرۆزبایی نەورۆز بەڕێوەدەچێت.

مەراسیمەکە لەلایەن کۆنگرەی دیموکراتیکی گەلان (هەدەکە)، بزوتنەوەی ژنانی ئازاد (تەژەئا) و پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) رێکخراوە و بە بەشداری هەزاران کەس دەستیپێکرد.

شانۆی مەراسیمەکە بە پلاکاردی "رابن، کات کاتی ئازادی و سەرکەوتنە" رازێنراوەتەوە. جەماوەرەکە لە دوو دەرگاوە دەجنە ناو گۆڕەپانەکە.

ئەو خەڵکانەی لەناوچەی جیاجیاوە روویان لە گۆڕەپانەکە کردووە بە جلوبەرگی نەتەوەیی و ئاڵای سەوز، سوور و زەرد بەشداری لە پیرۆزباییەکەدا دەکەن.

ئەو گەنجانەی لە سەر تیشێرتەکانیان نوسرابوو "کوردستان" لەلایەن پۆلیسەکانەوە راگیران. بەڵام بە هەوڵەکانی کۆمیتەی ئامادەکار رێگە بە گەنجان درا بچنە ناو گۆڕەپانەکەوە.

لە گۆڕەپانەکەدا بە وتنەوەی دروشمی "بژی سەرۆک ئاپۆ" گەل داوای ئازادی جەستەیی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دەکات و هەروەها دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" دەڵێنەوە.

جەماوەری گەل لە گۆڕەپانەکە هەڵپەڕکێ دەکەن.

هاوکات کرێکارانی بیناسازیش بە مەبەستی بەشداری لە ئاهەنگی نەورۆز بە چەندین پاس روویان لە گۆڕەپانەکە کردووە.

هـ . ب