عەلائەدین توغڵوک: خوشکەکەم ئیدی ناتوانێت کتێبیش بخوێنێتەوە

عەلائەدین توغڵوک برای ئایسەڵ توغڵوک ڕایگەیاند، ئایسەڵ توغڵوکی خوشکم ناتوانێت لە هەلومەرجی زینداندا بمێنێتەوە و راشیگەیاند: "ئیدی ناتوانێت کتێبیش بخوێنێتەوە و سەیری تەلەفزیۆن بکات. چەندین کاتژمێر لە جێگاکەیدا دەمێنێتەوە. بە دڵنیاییەوە دەبێت ...

عەلائەدین توغڵوک برای ئایسەڵ توغڵوک ڕایگەیاند، ئایسەڵ توغڵوکی خوشکم ناتوانێت لە هەلومەرجی زینداندا بمێنێتەوە و راشیگەیاند: "ئیدی ناتوانێت کتێبیش بخوێنێتەوە و سەیری تەلەفزیۆن بکات. چەندین کاتژمێر لە جێگاکەیدا دەمێنێتەوە. بە دڵنیاییەوە دەبێت چارەسەریی بۆ بکرێت".

ئایسەڵ توغڵوک هاوسەرۆکی پێشووی پارتی کۆمەڵگەى دیموکراتیک (دەتەپە /  DTP) و جێگری هاوسەرۆکانی پارتی دیموکراتیکی گەلان (هەدەپە / HDP) لە ساڵی ٢٠١٦ەوە لە زیندانی جۆری ئێفی کاندرا لە پارێزگای کۆجالی ڕاگیراوە و تاوەکو دێت دۆخی تەندروستیی خراپتر دەبێت.

ئایسەڵ توغڵوک لە دوای هێرشی ڕەگەزپەرستانە و فاشیستیانە بۆ سەر تەرمی دایکی هۆشی خۆی لە دەست دا، بەهۆی دۆخی زیندانەوە تاوەکو دێت بارودۆخی بەرەو خراپتر دەچێت. هەرچەندە بەشی پزیشکیی داد لە زانکۆی کۆجالی لە راپۆرتەکەیدا لەسەر دۆخی تەندروستیی ئایسەڵ تۆغڵوک رایگەیاندووە، "ناتوانێت لە مەرجی زینداندا درێژە بە ژیانی خۆی بدات"، بەڵام سەرباری ئەوەش ئازاد ناکرێت. سەرباری ئەوەش پزیشکیی دادی ئەستەنبوڵ ڕاپۆرتێکی پێچەوانەی ئامادەکردووە و بەو هۆیەوە ئازاد ناکرێت.

پێشبینی دەکرێت بۆ دیاریکردنی ناکۆکی نێوان هەردوو ڕاپۆرتەکە لەلایەن ئەنجومەنی باڵای دادوەرییەوە پشکنین بۆ توغڵوک بکرێت.  عەلائەدین توغڵوک برای ئایسەڵ توغڵوک، کە سەردانی خوشکەکەی لە زینداندا کردووە، قسەی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) کرد.

عەلائەدین توغڵوک دوو هەفتە پێش ئێستا سەردانی خوشکەکەی لە زینداندا کردووە و وتی، توغڵوک لە زیندانی تاکەکەسیدا نییە، بەڵکو لە ژووری سێ کەسیدا ڕاگیراوە.

توغڵوک وتی، دۆخی تەندروستیی بەرەو خراپتر ڕۆیشتووە، بەتایبەتی لە ماوەی ٤ مانگی ڕابردوودا.

عەلائەدین توغڵوک ڕایگەیاند، لەم بارودۆخەی ئێستادا تەنانەت ناتوانێت کتێبیش بخوێنێتەوە و وتی: "نەخۆشییەکەی لە شێوەی هۆشیاری و خەودا بەردەوامە. پێشتر کتێبی زۆری خوێندەوە، بەڵام چیتر ناتوانێت بخوێنێتەوە. ناتوانێت سەیری تەلەفزیۆن بکات. ناتوانێت سەرنجی بخاتەسەر. بۆ چەندین کاتژمێر لە ناو جێگاکەیدا دەمێنێتەوە. هۆشی دەڕوات و دێتەوە. هەندێکجار قسەکردنیشی لاواز دەبێت، هەندێک جار ناتوانێت وشەکان تەواو بکات، ناتوانێت وەڵامی پرسیارەکان بداتەوە. بۆ نمونە، تۆ باسی خزمێکی بۆ بکە ئەو ناوەکەی بیر ناکەوێتەوە. دۆستێک، یان سیاسەتمەدارێکی بیر ناکەوێتەوە. لەبەر ئەوەی تووشی دۆخێکی خراپتر نەبێت و دڵگران نەبێت، ئیدی من باسی وردەکاریەکان ناکەم، بۆیە ئێمە تەنها لێی دەپرسین چۆنیت و چی دەکەیت".

توغڵوک ڕاشیگەیاند، بەهۆی هێرشە نەژادپەرەستی و ڕەگەزپەرستانەکەوە بۆ سەر تەرمی دایکمان تووشی ئەو نەخۆشییە بوو، چونکە ئەوە تووشی شۆکێکی گەورەی کرد. خوشکەکەم لەو کاتەوە تووشی خەمۆکی و دۆخی خراپی تەندروستی بوو.

توغڵوک ئەوەشی ڕایگەیاند، نەیدەخواست ئەم دۆخە بکرێتە رۆژەڤ، بۆیە درەنگ نەخۆشییەکەی ئاشکرا بوو. ئایسەڵ چەند جارێک پێی وتم: 'کێشەی زۆر لە وڵاتدا هەیە، مرۆڤەکانمان کێشەیان هەیە، نەخۆشییەکەی من زەق نەکەنەوە، با مرۆڤەکان بە منەوە سەرقاڵ  نەبن'، لەبەر ئەوەش ئێمە بۆ ماوەیەکی زۆر هیچمان نەکرد".

عەلائەدین توغڵوک ئاماژەی بەوەشکرد، خوشکەکەی چەند هەفتەیەک پێش ئێستا گەیەندراوەتە نەخۆشخانە و چەند پشکنینێکی بۆ کراوە و چاوەڕێی ئەنجامی ڕاپۆرتە پزیشکییەکە دەکەین.

توغڵوک ئەوەشی وت: "داوام ئەوەیە خوشکەکەم  چارەسەر بکرێت، چونکە مەرجە و زۆر پێویستە، کە چارەسەر بکرێت. شوێنی ئەو زیندان نییە. بۆ ڕێگرتن لە تەشەنەسەندنی نەخۆشیی خوشکەکەم دەبێت شتە جۆراوجۆرەکان و کەلوپەلەکان و رەنگە جۆراوجۆرەکان ببینێت، ئەگەرنا ئێستا ئەوە شتێکی ڕوون و ئاشکرایە، کە نەخۆشییەکە خراپتر و قورستر دەبێت".

ژ.ت