لەبەردەم نەتەوە یەکگرتووەکان گەمارۆی سەر مەخمور شەرمەزار کرا

لە چالاکیی داواکردنی ئازادیی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە شاری ژنێڤ، گەمارۆی سەر مەخمور شەرمەزار کرا.

لە چوارچێوەی هەڵمەتی "کات کاتی ئازادییە"، چالاکیی دانیشتن لە ٢٥ ی کانوونی یەکەمی   ٢٠٢١ـەوە هەموو چوارشەممەیەک لەبەردەم نوسینگەی نەتەوەیە یەکگرتووەکان لە شاری ژنێڤ بەردەوامە، ئێستەش گەیشتۆتە مانگی ٢٩ یەمین. لە چالاکیی ئەم هەفتەیەدا بۆ داواکردنی ئازادیی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، گەمارۆکەی سوپای عێراق بۆ سەر کەمپی مەخمور شەرمەزار کرا.

لە چالاکییەکەدا، داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان کرا دژی هەوڵەکانی عێراق بوەستێتەوە لە گەمارۆدانی کەمپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی و گەمارۆکە کۆتایی پێ بهێنێت، چونکە کەمپەکە لەژێر چاودێری و پاراستنی نەتەوە یەکگرتووەکاندایە.

پاشان لە چواردەوری ئەو خێمەیەی لە گۆڕەپانی (place des nations) لە ژنێڤ دانراوە، لەبەردەم نوسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان، بە هەردوو زمانی ئینگلیزی و فەرەنسی، ڕاگەیاندراوێک خوێنرایەوە سەبارەت بە گۆشەگیریی سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان.

پاش خولەکێک وەستان بۆ گیانی شەهیدانی تێکۆشانی ئازادی، هاوسەرۆکی ناوەندی جڤاکی دیموکراتیکی کورد، محەمەد لەتیف چەلەبی، باسی لەوە کرد، لە هەموو ئەو شوێنانەی کوردەکان نیشتەجێن، هێرشەکان زیاتر بوون، ئاماژەی کرد بە دوایین هەوڵەکان بۆ گەمارۆدانی مەخمور. چەلەبی دووپاتی کردەوە، ئەم هەوڵە گرێدراوە بە گۆشەگیرییەوە و دەیانەوێت تۆڵە لە گەلی کورد بکەنەوە. چەلەبی جەختی لەوە کردەوە، گەلی کورد لە هەموو شوێن و دۆخێکدا خاوەندارێتی لە ڕێبەرەکەی دەکات. هەروەها ئاماژەی بە بایەخی چالاکییەکان کرد بۆ ئەم ئامانجە.

هـ . ب