"ماکرۆن و حکومەتەکەى لەسەر داوای ئەردۆغانی دیکتاتۆر دەجوڵێنەوە"
حیزبی ئانتی کاپیتالیستی فەرەنسا هەڵکوتانی پۆلیسی فەرەنسای بۆ سەر کوردان ئیدانە کرد.
حیزبی ئانتی کاپیتالیستی فەرەنسا هەڵکوتانی پۆلیسی فەرەنسای بۆ سەر کوردان ئیدانە کرد.
حیزبی ئانتی کاپیتالیستی فەرەنسا (NPA) بە بڵاوکردنەوەى راگەیاندراوێک هەڵکوتانی پۆلیسی فەرەنسای بۆ سەر کوردان و زیندانیکردنی کوردان لەلایەن حکومەتی فەرەنساوە ئیدانە کرد.
لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە، "ئەو هەڵسوکەوت و رێوشوێنانەى پۆلیس لە دژی نوێنەرانی گەلێکی تێکۆشەر قبوڵ ناکرێت. روون و ئاشکرایە، کە ماکرۆن و حکومەتەکەى بە هەستیارییەکی زۆرەوە فەرمانەکانی ئەردۆغانی دیکتاتۆر جێبەجێ دەکەن".
لە راگەیاندراوکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، ماکرۆن بە شێوەیەک، کە بە هیچ شێوەیەک قبوڵ ناکرێت خزمەت بە دەسەڵاتی ئەردۆغان دەکات.
راشیگەیاندووە، گەلی کورد گەورەترین تێکۆشانی لە دژی داعش بەڕێوەبردووە.
لە راگەیاندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، "ئێمە ئەو رێوشوێن و هەڵسوکەوتە ئابڕوبەرانەیەی پۆلیس ئیدانە دەکەین و دەمانەوێت چالاکوانی کورد، کە ئێستا لێکۆڵینەوەى لەگەڵ دەکرێت و لە زینداندان بە خێرایی ئازاد بکرێن و هەروەها ناوی پەکەکە لە لیستی تیرۆر دەربهێنرێت".
پۆلیسی فەرەنسا لە ٢٣ی ئاداری ٢٠٢١دا لە شارەکانی پاریس و مارسیلیا و دراگونیگان هەڵیکوتایە سەر ناوەندەکانی کۆمەڵگەى دیموکراتیکی کورد (نەجەدەکە- فەرەنسا) و شەش ماڵی هاووڵاتییان و مارکێتێک و ١٣ چالاکوان و تێکۆشەری کوردی دەستگیرکرد. پۆلیس لەو هەڵکوتانەیدا هاوشێوەی پۆلیسەکانی دەوڵەتی تورک دەرگاکانی ناوەندەکەیان شکاندبوو. دوێنێ دەوڵەتی فەرەنسا سزای زیندانیکردنی بەسەر ٧ کەس لە دەستگیرکراوەکاندا دەرکرد.
ئەو هەڵکوتانەى پۆلیس و ئەو بڕیارەی دادگای دەوڵەتی فەرەنسا لە دوای چاوپێکەوتنی سازشکارانەى نێوان ئیمانوئیل ماکرۆن سەرۆک کۆماری فەرەنسا و رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری دەوڵەتى تورک روویدا، کە ماوەیەک بوو لە دژی یەکتر بەهۆی کێشەکانی نێوانیان لە دەریای سپیی ناوەڕاست، لێدوانیان دەدا.
تاوەکو ئێستا چەندین حیزب و رێکخراو و کەسایەتی ئەو پەلامارەی پۆلیسی فەرەنسا و حکومەتەکەى ماکرۆنیان بە توندی ئیدانە کردووە و ئەو پەلامارە و سزادانەى کوردان وەک بەرتیلێکی حکومەتی فەرەنسا بە تورکیا لێکدەدەنەوە بۆ ئەوەى لەسەر تورکیا گرژییەکانی لەگەڵ فەرەنسا کەم بکاتەوە.
ژ.ت