مانگرتنی ئەر و داغ لە زیندانەکانی پەدەکە گەیشتە ٥٩ ڕۆژ

بەهۆی مامەڵەی خراپ و نامرۆڤانەی نێو زیندانی هەولێر، مەزڵوم داغ و عەبدولڕەحمان ئەر ماوەی ٥٩ ڕۆژە مانیان لە خواردن گرتووە.

پاش کوژرانی پلەدارێکی کۆنسوڵخانەی تورک بەناوی عوسمان کۆسە لە ١٧ ی تەمموزی ٢٠١٩، هەریەک لە مەزڵوم داغ و عەبدولڕەحمان ئەر تۆمەتبارکران و دادگا حوکمی لەسێدارەدانی بۆ دەرکردن. لەو ڕۆژەوە لە زیندان ڕووبەڕووی چەندین پێشێلکاری دەبنەوە، بۆیە لە ١٨ ئایارەوە دژی فشارەکان بۆ یەکپۆشی جلوبەرگ و مامەڵەی خراپ بەرامبەریان، مانگرتیان لە خواردن ڕاگەیاند.

ڕۆژی شەممە، مانگرتنی ئەر و داغ لە زیندانی هەولێری ژێردەستی پەدەکە گەیشتە ٥٩ ڕۆژ.

جێگەی ئاماژە پێدانە، داغ و ئەر لە ٢٨ ی ئەیلولی ٢٠٢٢ مانگرتنیان دەستپێکرد دژی مامەڵەی خراپ و ئەشکەنجە، بەڵام لەبەر جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان لە ڕۆژی ١٤ هەمین مانگرتنەکیان شکاند.

لەگەڵ ئەوەشدا لە ١٣ ی شوبات ٢٠٢٢ دژی پێشێلکارییەکان مانگرتنیان لە خواردن ڕاگەیاند، بەڵام لە ڕۆژی نۆهەمین پاش نەمانی پێشێلکارییەکان مانگرتنەکەیان شکاند.