پانۆرامای سەرهەڵدانی 'ژن، ژیان، ئازادی'
ساڵێک بەسەر سەرهەڵدانی 'ژن، ژیان، ئازادی' تێپەڕ دەبێت، ئەو سەرهەڵدانەی کۆڵەکەکانی دەسەڵاتی ئێرانی هەژاند و لە جیهاندا دەنگیدایەوە و جەختکردنەوەیەک بوو لەوەی ئەم سەدەیە دەبێتە سەدەی ژنان.
ساڵێک بەسەر سەرهەڵدانی 'ژن، ژیان، ئازادی' تێپەڕ دەبێت، ئەو سەرهەڵدانەی کۆڵەکەکانی دەسەڵاتی ئێرانی هەژاند و لە جیهاندا دەنگیدایەوە و جەختکردنەوەیەک بوو لەوەی ئەم سەدەیە دەبێتە سەدەی ژنان.
ڕۆژی ١٦ ئەیلوولی ٢٠٢٣ ساڵێک تێپەڕ دەبێت بەسەر كوژرانی كچە كورد، ژینا ئەمینی لە ئەنجامی ئەشكەنجەی پۆلیسی ئەخلاقی تاران، بە بیانوی ڕەچاونەكردنی پێوەرەكانی دەسەڵات بۆ حیجاب. مەرگێك، كە بووە هۆی ڕاچڵەكین و چەخماخەیەك بۆ ڕاپەڕینێك، كە بە سەرهەڵدانی 'ژن، ژیان، ئازادی' ناسراوە و بە درێژخایەنترین و بەربڵاوترین سەرهەڵدانی تەمەنی كۆماری ئیسلامیی دادەنرێت.
هەر لە یەكەم ساتی بڵاوبوونەوەی هەواڵی گیانلەدەستدانی ژینا، لە ١٦ی ئەیلولی ٢٠٢٢ بە پێشەنگایەتی ژنان لە تارانەوە تا ڕۆژهەڵاتی كوردستان، هاوڵاتیان كاردانەوەیان نیشاندا و ناڕەزایەتیان دەربڕی، یەكێك لەو هۆكارانەی وایكردووە، ئەو خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیانە بۆ ماوەیەکی درێژخایەن بەردەوام بن و كۆڵەكەكانی كۆماری ئیسلامی دوای تێپەربوونی ٤٤ ساڵ بهەژێنێت، دروشمی 'ژن، ژیان، ئازادیی'یە، كە نەك هەر ژنان، بەڵكو كۆی ئەو توێژو پێكهاتە و كەسانەی لە سیاسەتەكانی كۆماری ئیسلامی ناڕازی بوون، بەدەوری خۆی كۆكردووەتەوە.
ژن، ژیان ، ئازادی لە ئایچییەوە بۆ سەرتاسەری جیهان
ڕۆژی ١٧ی ئەیلول لە گۆڕستانی ئایچی سەقز تەرمی ژینا بە خاكسپێردرا، بەشێك لە ژنان وەك ناڕەزایەتیی سەرپۆشەكانیان لابرد و دروشمی 'ژن، ژیان، ئازادی'یان وتەوە، ئیتر لەوێوە ئەو دروشمە بووە ناسنامەی خۆپیشاندانەكان.
ئەو دروشمە کە هەڵقوڵاوی بزوتنەوەی ئازادی کوردستان بوو، لە چیاکانەوە بۆ شەقامەکانی باکوور و لەوێوە بۆ رۆژئاوای کوردستان پەڕیەوە و بە گوێی جیهان ئاشنابوو، لە رێگەی سەرهەڵدانی ژنانیشەوە لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران زیاتر لە جیهان دەنگیدایەوە.
هەمان ڕۆژی بە خاکسپاردنی تەرمی ژینا لە بەشێكی زۆری شارەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان و بەشێك لە زانكۆكانی ئێران خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیی بەڕێوەچوو.
لە ڕۆژی ١٩ی ئەیلولەوە خۆپیشاندانەكان بەرفراوانتربوون و تووندوتیژی هێزە ئەمنییەكانیش بەرامبەر بە خۆپیشاندەران ڕووی لە هەڵكشان كرد، لە ڕۆژی ٢٠ی ئەیلولیشەوە بەشێوەی سەرتاسەریی ئینتەرنێت لە ئێران پچڕا.
بۆردوومانی بارەگاكانی حزبەكانی ڕۆژهەڵات
بە تۆمەتی هاندان بۆ خۆپیشاندانەكان، سوپای پاسداران دوای چەند ڕۆژێك لە تۆپبارانی ناوچە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان، لە ڕۆژی ٢٨ی ئەیلولدا بنكە و بارەگای بەشێك لە حزبەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستانی لە سنووری پارێزگاكانی هەولێر و سلێمانی بۆردوومان كرد، كە بە هۆیانەوە ١٧ كەس گیانیان لەدەستدا و نزیكەی ٦٠ كەسیش برینداربوون.
هەینیی خوێناویی زاهیدان
ڕۆژی هەینی ٣٠ ئەیلول، كە بە هەینیی ڕەش یان هەینی خوێناویی ناسرا، لە درێژەی ناڕەزاییەتیەكانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی كوردستان لە شاری زاهیدان پێكدادان لە نێوان هاوڵاتیانی و هێزە سەركوتكارەكانی دەوڵەتی ئێران هاتە ئاراوە، بەپێی ئامارێكی كەمپەینی چالاكوانانی بەلوچ، لە ئەنجامی ئەو ئاڵۆزییانە ٩٦ هاوڵاتی گیانیان لەدەستداوە، كە لەو ژمارەیە ١٢ كەسیان منداڵی تەمەن ژێر ١٨ ساڵ بوون.
خۆپیشاندانەكانی زاهیدان دوای ئەوە دەستیپێكرد، كە عەبدولغەفار نەقشبەندی، مامۆستای ئایینی كاتی ڕەسك لە پارێزگای سیستان و بەلوچستان، لە ڕاگەیەندراوێكدا ڕایگەیاند، لە لایەن فەرماندەیەكی پۆلیسەوە دەستدرێژی كراوەتە سەر كچێكی تەمەن ١٥ ساڵى بەلووچ.
مانگرتنی سەرتاسەری لە رۆژهەڵاتی کوردستان
ڕۆژی ١ى تشرینی یەكەم لەسەر بانگەوازیی چالاكوانان و حزبەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان مانگرتنی سەرتاسەری لە دژی هێرشەكانی سوپای پاسداران و كوشتاری خۆپیشاندەران لە ڕۆژهەڵات بەڕێوەچوو.
هەمان ڕۆژ لە دەیان شار لە سەرتاسەری جیهان خۆپیشاندان بۆ پاڵپشتی لە خۆپیشاندەرانی ناوخۆی ئێران ئەنجامدران.
ڕۆژی ٣ی تشرینی یەكەم، هاوكات لەگەڵ بەردەوامیی خۆپیشاندان لە شارە جیاجیاكان، خوێندكارانی خوێندنگەكانی كچانیش هاتنە ڕیزی خۆپیشاندەرانەوە و لە چەندین خوێندنگە وێڕای لابردنی سەرپۆشەكانیان، بە ڕێپێوان و وتنەوەی دروشم ناڕەزایەتییان دەربڕی.
ڕۆژی ٢٦ی تشرینی یهكهم، كه هاوكات بوو لهگهڵ چلهی 'ژینا ئهمینی'، لهگهڵ بڵاوهپێكردنی هێزێكی زۆر له زێدی ئهو كچه كورده و شارهكانی تری ڕۆژههڵات و ئێران، مهراسیمی چلهكهی به بەشداری دەیان هەزار كەس لە گۆڕستانی ئایچی شاری سەقز بەڕێوەچوو و جارێكی تر بازنەی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانهكان فراوانتر بوون، بهپێی ئامارهكانیش لهو ڕۆژهدا لانیكهم شهش هاوڵاتی كورد له ڕۆژههڵات له ئهنجامی تهقهی هێزه سهركوتكارهكان گیانیان بهختكرد.
ڕۆژی ١٤ی تشرینی دووهم جارێكی تر سوپای پاسداران بنكه و بارهگاكانی حزبهكانی ڕۆژههڵات له ههرێمی كوردستان كرده ئامانج و له ئهنجامی ئهو هێرشانهش دوو كهس گیانیان لهدهستدا.
ڕۆژی ٢٠ی تشرینی دووهم سوپای پاسداران ڕایگهیاند، به ناردنی یهكهكانی هێزی زهمینی بۆ ناوچه كوردنشینهكانی ڕۆژئاوای ئێران، (كه مهبهست لێی ڕۆژههڵاتی كوردستانه) هێزهكانی لهو ناوچهیه زۆرتر كردوه.
لەئەنجامی توندوتیژی زۆری هێزەکانی دەوڵەت لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان زیاتر لە ٥٠ کەس لە ماوەی نزیکەی هەفتەیەکدا گیانیان بەخت کرد، کە زۆرینەیان لە شارەکانی مهاباد، بۆکان، جوانڕۆ، پیرانشار، سەقز و کامیاران بوون.
ڕۆژی ٢٤ی تشرینی دووهم، لە چوارچێوەی بانگەوازی حزبەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان لەوانە پارتی ژیانی ئازادی كوردستان (پژاك) لەپێناو سەركۆنەكردنی توندوتیژی و سەركوتی خۆپیشاندەران لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان و بۆ دەربڕینی پشتیوانی لە خۆپیشاندەرانی كورد، مانگرتنی سەرتاسەری بەڕێوەچوو.
ڕۆژی ٨ی كانوونی یهكهم، یهكهم خۆپیشاندهر بهناوی "موحسین شكاری" به تومهتی لێدانی چهقۆ له پۆلیسێك و ههروهها داخستنی شهقامێك، لهسێداره درا.
ڕۆژی ١٢ی كانوونی یهكهم، دووم خۆپیشاندهر بهناوی "مهجیدڕهزا ڕههنهوهرد"یش به تۆمهتی كوشتنی دوو ئهندامی هێزهكانی بهسیج لهسێداره درا.
ڕۆژی ١٤ی كانوونی یهكهم، بههۆی ئهو توندوتیژیانهی هێزهكانی ئێران بهرامبهر به ژنان، منداڵان و خۆپیشاندهران ئهنجامیان داوه، به زۆرینهی دهنگ ئێران له كۆمسیۆنی پێگهی ژن له نهتهوه یهكگرتووهكان كرایه دهرهوه.
ڕۆژانی ١٩، ٢٠و ٢١ی كانوونی یهكهم لەسەر بانگەواز چالاکوانان و بەشێک لە لایەنە سیاسییەکان جارێكی تر مانگرتن و ناڕەزایەتی سەرتاسەری لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بهڕێوهچوو .
ڕۆژی ٧ی کانوونی دووەم ٢٠٢٣، دەسەڵاتی دادوەری ئێران لە سێدارەدانی دوو خۆپیشاندەری دیکە بەناوی "محەمەد مەهدی کەرەمی" و "محەمەد حسێنی" ڕاگەیاند.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران ٢٧ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣ ڕایگەیاند، ژمارەی ئەو کەسانەی کە لە ماوەی سەرهەڵدانی 'ژن، ژیان، ئازادی' گیانیان بەختکردووە، گەیشتووەتە ٤٨٨ کەس، کە لەو ژمارەیە لانیکەم ٧٤ کەسیان منداڵن. بەڵام بە گوێرەی هەندێک ئامار نزیکەی ٥٥٠ کەس گیانیان بەخت کردووە.
هاوکات بە گوێرەی ئامارەکان پارێزگاکانی سیستان و بەلوچستان، مازەندەران، کوردستان، گیلان و ورمێ ئەو پارێزگایانەن کە زۆرترین ژمارەی گیانبەختکردوانیان هەبووە.
هێرش بە گازی ژەهراوی بۆ سەر خوێندنگەکانی کچان
ژنان لە شەقام و ناوەندەکانی خوێندن پێشەنگایەتی خۆپیشاندانەکانیان دەکرد، هەربۆیە لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠٢٢ەوە چەندین هەواڵ لەبارەی هێرش بە گازی ژەهراوی بۆ سەر خوێندنگەکانی کچان بڵاوکرایەوە، بە درێژایی وەزیری زستان و تا کۆتایی وەرزی خوێندنی ساڵی رابردوو، ئەو هێرشانە بۆ سەر خوێندنگەکانی کچان لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوام بوون.
لەسێدارەدان چەکی دەسەڵات بۆ تۆقاندن و سەرکوت
لە ١٩ی ئایاری ساڵی ٢٠٢٣، دەسەڵاتی داد ئێران لەسێدارەدانی سێ خۆپیشاندەری دیکەی بە ناوەکانی "ساڵح میر هاشمی، سەعید یەعقوبی و مەجید کازمی" راگەیاند، بەمەش ژمارەی ئەو خۆپیشاندەرانەی لەسێدارە دران گەیشتە ٧ کەس، ئەمە جیا لەوەی ١٠خۆپیشاندەریش سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندراوە و مەترسی سەپاندنی ئەو سزایە بە سەر ٨٢ خۆپیشاندەری دیکە لەئارادایە.
هاوکات لە دوای دەستپێکردنی سەرهەڵدانی 'ژن، ژیان، ئازادی'یەوە رێژەی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان لە ئێران بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کرد و بە وتەی چالاکوانان و رێکخراوەکانی داکۆکیکاری مافەکانی مرۆڤ ئامانجی دەسەڵاتداران لەو کارە ترساندن و تۆقاندنی خەڵکی راپەڕیوە.
بە گوێرەی ئامارێکی رێکخراوی مافەکانی مرۆڤی ئێران لە مانگی ئەیلولی ساڵی رابردووەوە تا ئەیلولی ٢٠٢٣ لانیکەم ٦٩٧ کەس لە ئێران لە سێدارەدراون، ئەوەش بەراورد لە گەڵ ماوەی هاوشێوەی ساڵی پێشتر بە رێژەی لەسەدا ٣٦ هەڵکشانی پێوە دەبینرێت. ئەو رێکخراوە جەختی کردووەتەوە ئامانجی لە زیادکردنی جێبەجێکردنی سزای لە سێدارەدان سازکردنی کەشێکی پڕ لە ترس و تۆقاندنە، بە مەبەستی کپ کردنی دەنگی شەقام.
دیواری ترسی ٤٤ ساڵە درزی تێکەوت
كۆماری ئیسلامی، كە بە درێژایی ٤٤ ساڵی تەمەنی، بە شێوەی جیاجیا دیوارێكی لە ترس و تۆقاندنی كۆمەڵگا بە دەوری خۆیدا هەڵچنیبوو و لە سایەی ئەو دیوارەوە درێژەی بە حكومڕانی خۆیداوە، بەڵام بەسەرهەڵدانی 'ژن، ژیان، ئازادی' ئەو دیوارە بە یەكجاری درزی تێكەوتووە و لوتكەی دەسەڵات لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەكاندا کرایە ئامانج.
بەشداری و پێشەنگایەتی ژنان، پێكهاتە نەتەوەییەكان، تەنینەوەی سەرتاسەری جوگرافیای ئێران، درزخستنە ناو ڕیزەكانی دەسەڵات، زیاتر گۆشەگیركردنی ئێران لە سەر ئاستی جیهان، لە دەستكەوتەكانی سەرهەڵدانی 'ژن، ژیان، ئازادی'ین، ئەمە جیالەوەی دروشمی سەرەكی سەرهەڵدانەكە بووەته هیوایەك بۆ ژنانی ناوچەكە و جیهان، بۆ ئەوەی بەگوڕتر كار بۆ دەستەبەركردنی مافەكانیان و كۆتاییهێنان بە ستەمی ڕەگەزی بهێنن.
لەلایەكی دیكەوە، بۆ یەكەمجار لە مێژووی كۆماری ئیسلامی لە دەرەوەی ئەو وڵاتە ڕەوەندی ئێرانی چەندین گردبوونەوەی دەیان هەزار كەسییان لە شارەكانی وەك بەرلین، ستراسبورگ، پاریس، ڤانكۆڤەر و هتد… بەڕێوەبرد.
بە درێژایی ئەو یەکساڵە لەپاڵ سەرکوت و گرتن و ئەشکەنجەدا، دەسەڵاتدارانی ئێران بەرێگەی خاوکردنەوە و سانسۆر لە سەر ئینتەرنێت، هەڕەشە لە رۆژنامەوانان و چالاکوانانی دەرەوەی وڵات، هێرش بە گازی ژەهراوی بۆ سەر خوێندنگەکانی کچان، دوورخستنەوەی خوێندکاران و مامۆستایانی زانکۆ، زۆر رێگەی دیکە هەوڵی دەدا کۆتایی بە سەرهەڵدانەکە بهێنێت، هەروەها بەئامانجی چاوترسێنکردنی ژنان گەڵاڵەی 'حیجاب و داوێنپاکی' خستەبەر باس کە تیایدا سزای قورس بۆ ئەو ژنانە دیاریکراوە کە پابەند حیجابی زۆرەملێ نابن.
رەشبگیری چالاکوانان و بنەماڵەی گیانبەختکردووانی سەرهەڵدانەکە
لەگەڵ نزیکبوونەوەی ساڵیادی سەرهەڵدانەکە هێزەکانی دەوڵەتی ئێران گوشارەکانیان بۆ سەر چالاکوانان و بنەماڵەی گیانبەختکردووان چڕکردووەتەوە بۆ ئەوەی رێگری لە سەرلەنوێ دەستپێکردنەوەی سەرهەڵدانەکە بکەن.
لەبەرامبەریشدا چالاکوانان، بنەماڵەی گیانبەختکردووان و حزبەکانی ئۆپۆزسیۆن بەتایبەتی لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە ئامدەکاریدان بۆ ئەوەی لە یەکەم ساڵیادی کوژرانی ژینا و دەستپێکردنی سەرهەڵدانی 'ژن، ژیان، ئازادی' بە بەرزکردنەوەی هاواری ناڕەزایەتی و خستنەڕووی داواکارییەکان جۆش و خرۆش بۆ شەقام و گۆڕەپانەکان بگێڕنەوە.
بانگەواز بۆ گوڕدان بە سەرهەڵدانی 'ژن، ژیان، ئازادی'
لەو چوارچێوەدا ڕۆژی ٦ی ئەیلوول لە راگەیەندراوێکی هاوبەشدا هەر یەک لە حزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، کۆمەڵە (رێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران)، پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)، سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران، پارتی ئازادیی کوردستان (پاک) و کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان داوایان کرد، رۆژی ٢٥ی خەرمانان لە ساڵیادی دەستپێکردنی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادیدا مانگرتنی سەرتاسەری بەڕێوەبچێت و لەو رۆژەدا دوکان و بازاڕەکان دابخرێن و هاوڵاتیان گڵکۆی شەهیدانی سەرهەڵدانەکە بەسەر بکەنەوە.
سەرباری گوشارەکانی هێزەکانی دەوڵەتی ئێران لە سەر بنەماڵەی گیانبەختکردووانی سەرهەڵدانی 'ژن، ژیان، ئازادی'، بە تایبەتی بنەماڵەی ژینا ئەمینی، کە هێمای سەرهەڵدانەکەیە، دایک و باوکی رایانگەیاند، مەراسیمی یەکەم ساڵیادی گیانلەدەستدانی کچەکەیان بەڕێوەدەبەن.
ژ.ن/ هـ . ب