پارتی چەپی سەوز لە موش کۆنفرانسی بەست

پارتی چەپی سەوز پێش کۆنگرەی گشتی کە بڕیارە لە تشرینی یەکەم بەڕێوەبچێت، کۆنفرانسێکی بەست. لە کۆنفرانسەکەدا جەختکرایەوە لەسەر گرنگی ستراتیژی ڕێگەی سێیەم.

پارتی چەپی سەوز پێش کۆنگرەی گشتی، لە شارەکاندا کۆنفرانس ئەنجام دەدات. لەو کۆنفرانسەی لە موش بەڕێوەچوو، باس لە ستراتیژی سەردەمی نوێ کرا. کۆنفرانسەکە لە بینای ڕێکخستنی هەدەپە لەو شارە بەڕێوەچوو، پێش هەڵبژاردنی دیوان، بە خولەکێک ڕێزگرتن دەستی پێکرد.

لە کۆنفرانسەکەدا بابەتەکان بە ناونیشانی نرخاندنی پرۆسەی سیاسی و هەڵوێستی ستراتیژی و پێشنیارەکان بۆ کۆنفرانس خوێندرایەوە. بەشداربووان پێشنیارەکانیان بۆ ڕێگە و ڕێبازە ستراتیژییەکانی سەردەمی نوێ هەڵسەنگاند کە لە دەقەکاندا دەستنیشانکرابوون. موشییەکان بەشداری کۆنفرانسەکەیان کرد و ڕایگەیاند کە ئەو هەڵە سیاسیانەی لە ڕابردوودا کراون نابێت لە هەڵبژاردنە هەرێمییەکان دووبارە بکرێنەوە.

بەشداربووان ڕایانگەیاند، پێویستە لە ئێستاوە دەست بە کار بکرێت بۆ هەڵبژاردنە هەرێمییەکان و کاندیدەکان بە پێی پێشنیاری گەل دیاری بکرێن.

هەروەها لە کۆنفرانسەکەدا باس لە سیاسەتی هاوپەیمانییەکە کرا، دووپاتکرایەوە، سیاسەتی ئێستا لە ڕووی تیۆرییەوە ڕاستە بەڵام لە جێبەجێکردندا کەموکوڕی هەیە.

پەرلەمانتاری پارتی چەپی سەوزی موش، سومەیە بۆز، کە بەشداری کۆنفرانسەکەی کرد، باسی لە هەڵوێستەکان و ئەرکی بەشەکانی پارتەکە و شێوازی ڕێکخستن و پرۆسەی دیاریکردنی کاندیدەکان کرد.

سومەیە بۆز، گوتی: "سیاسەتی هاوپەیمانییەکەمان لەسەر بناغەیەکی دروستە. بەڵام زیاتر لە سیاسەتێکی تاکتیکی و هەڵبژاردن، پێویستە ببێتە سیاسەتێکی ستراتیژی. دەبێت سیاسەتی سەردەمی نوێ بە بەڵگەی هەڵوێست بە پێی ستراتیژی ڕێگەی سێیەم بکرێت. هەروەها دەبێت مۆدێلی ڕێکخستنمان لەگەڵ ئەم ستراتیژە هاوسەنگ بێت. پێویستە سەرنجمان لەسەر ڕەهەندی پەروەردەیی و سیاسی و جڤاکییەکان بێت. بەشەکانی حیزب بە پێی دەرئەنجامی ئەو ڕەهەندانە ڕەفتار بکەن، بیکەن بە هەنگاوی کردەیی سەردەمی نوێ".

کۆنفرانسەکە بە ڕاگەیاندنی پێشنیارەکان بۆ کۆنگرەی گشتی و هەڵبژاردنی نوێنەرانی بەشداری کۆنگرەکە کۆتایی هات.