پارێزەران بۆ بینینی ڕێبەر ئاپۆ داواکاری نوێیان تۆمار کرد

پاریزەرانی نوسینگەی یاسایی سەدە بۆ ئەنجامدانی دیدار لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ و زیندانیانی دیکەی ئیمراڵی داواکاریی نوێیان تۆمار کرد.

لە پارێزەرانی نوسینگەی یاسایی سەدە ڕازیە ئۆزتورک، ڕەزان ساریجا، مەزڵوم دینچ و فایەق ئۆزگور ئەرۆل بۆئەوەی بتوانن موەکیلەکەیان ڕێبەر ئاپۆ ببینین، سەردانی داواکاری گشتی کۆماری بۆرسا و بەڕێوەبەرایەتی زیندانی ئیمراڵییان کرد.

هەروەها پارێزەران بە هەمان مەبەست بۆ بینینی موەکیلە زیندانیکراوەکانی دیکەیان لە ئیمراڵی؛ عومەر خەیری کۆنار، حامیلی یڵدرم و وەیسی ئاکتاش هەمان داواکارییان تۆمار کرد.

ماوەی چەندین ساڵە ڕێبەر ئاپۆ دیداری بنەماڵە و پارێزەرانی لێ قەدەغە کراوە. بەشێوەیەکی سیستەماتیکانە داوا تۆمارکراوەکانی پارێزەران و بنەماڵەکان وەڵام نادرێنەوە، لە ماوەی ٨ ساڵی کۆتاییدا لانیکەم ١٥ جار بڕیاری قەدەغەی دیداری پارێزەران بە پاسای بێ بنەما دەرچوێنراوە.

فایەق ئۆزگور کە یەكێکە لە پارێزەرانی نوسینگەی یاسایی سەدە، لە چوارچێوەی کۆتا سەردانی شاندی ئیمراڵی-دەم پارتییدا لە ٢٧ی شوبات بەشداری چاوپێکەوتنەکانی ئیمراڵی بوو، وە توانی موەکیلەکانی خۆی؛ ڕێبەر ئاپۆ، عومەر خەیری کۆنار، حامیلی یڵدرم و وەیسی ئاکتاش ببینێت.