پارێزەران بۆ بینینی ئۆجالان و گیراوانی دیکە سەردانی بەرپرسانیان کرد

خانەوادە و پارێزەرانی عەبدوڵلا ئوجالان رێبەری گەلی کورد و گیراوانی دیکەی ئیمڕالی بۆ ئەوەی چاوپێکەوتن ئەنجام بدەن، سەردانی داواکاری کۆماری بورسەیان کرد.

رەزان ساریجا، رازیە ئوزتورک، فایەق ئوزگور ئەڕۆڵ و جەنگیز یورەکلی پارێزەرانی عەبدوڵلا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد، بۆ ئەوەی رۆژی دووشەمە چاوپێکەوتن لەگەڵ موەکیلەکەیان ئەنجام بدەن سەردانی داواکاری کۆماری بورسەیان کرد.

محەمەد ئۆجالان برای عەبدوڵلا ئۆجالان ڕێبەری گەلی کورد و پارێزەرەکەی مەزڵۆم دینچ بە مەبەستی بینینی ئۆجالان سەردانی داواکاری کۆماری شاری بۆرسەیان کرد.

هەروەها عەلی کۆنار برای عومەر خەیری کۆنار، پۆڵات یڵدرم برای هامیلی یڵدرم و مەلیحە چەتین خوشکی وەیسی ئاکتاش لە رێگەی پارێزەرانیانەوە سەردانی داواکاری کۆماری بۆرسەیان کرد.

داواکاری گشتیی کۆماریی لە بورسا بە پاساوی نووسینی “نەخشەڕێ”، کە ڕێبەر ئۆجالان لەگەڵ پارێزنامەکانی پێشکەشی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپای کردبوو، ڕایگەیاندبوو، لە ٢٣ی ئەیلولی ٢٠٢٠ـەوە بۆ ماوەی شەش مانگ هەموو چاوپێکەوتن و سەردانێکی پارێزەران بۆ ئیمرالی قەدەغە دەکەن، سەرباری ئەوەی ماوەی ئەو قەدەغەکارییە لە ٢٣ی ئازاری ٢٠٢١ـدا کۆتایی پێهاتووە، بەڵام وێڕای ڕۆژانە سەردانکردنی پارێزەران بۆ چوونە ئیمراڵی، داواکارییەکانیان بۆ ئەنجامدانی دیدار، ڕەت دەکرێتەوە.

پارێزەران دوای هەشت ساڵ ڕێگریی، لە ٢ی ئایاری ٢٠١٩ و لە دوایین جاریشدا لە ٧ی ئابی ٢٠١٩ دا توانیبویان چاویان بە موەکیلەکەیان بکەوێت.

ف.ق