پارێزەران بۆ رۆیشتن بۆ ئیمراڵی داواکاری نوێیان پێشکەش کرد

پاڕێزەرانی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و زیندانیانی دیکەی ئیمراڵی کە ماوەی ٤٢ مانگە هیج زانیارییەک لە بارەیانەوە بەردەست نییە، بە مەبەستی ئەنجامدانی دیدار داواکارییان پێشکەش کرد.

پارێزەرانی نوسینگەی یاسایی سەدە ئیبراهیم بیلمەز، جەنگیز یورەکلی، سوزان ئاکیپا و عەمران ئەمەکچی بە داواکاری ئەنجامدانی دیدار لەگەڵ موەکیلەکانیان سەردانی داواکاری گشتیی کۆماری بورسا و بەڕێوەبەرایەتی زیندانی ئیمراڵیان کرد.

هەروەها پارێزەران بۆ دیدار لەگەڵ موەکیلانی دیکەیان لە ئیمراڵی؛ عومەر خەیری کۆنار، حامیی یەڵدرم و وەیسی ئاکتاشیش داواکارییان بەرزکردەوە.

رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە دوای پیلانگێڕییە نێونەتەوەییەکەی ساڵی ١٩٩٩ لە ژێر گۆشەگیری دژواردا راگیراوە. سەردانەکان بۆ ئەنجامدانی دیدار بە شێوەیەکی هەڕەمەکی و بێ بنەما رەتدەکرێنەوە یاخود دوای چەند مانگ رادەگەیەندرێت کە سزای دسپلین سەپێندراوە و نازانرێت، سزای دیسپلین بە چ هۆکارێک سەپێندراوە.

بڕیاری قەدەغەی دیدار لەگەڵ پاڕێزەران کە بۆ ماوەی شەش مانگبوو، دوایین جار لە ٣ی ئایاری ٢٠٢٤ لەلایەن دادگای جێبەجێکردنی سزای بورساوە دەرکرابوو.

جیا لەو بڕیارەی قەدەغە، لە ماوەی ٨ ساڵی رابردوودا لانیکەم ١٣ جار سزای قەدەغەی دیداری شەش مانگە لەگەڵ پارێزەران لە دژی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دەرکراوە.