پەرلەمانتارێکی سویسرا: دیدار بەس نییە، دەبێت عەبدوڵا ئۆجالان ئازاد بێت

پەرلەمانتاری سویسرا، لۆڕێنس فێلمان ڕیێل، سەرەنجی کێشایە سەر ڕۆڵی سەرەکی ڕێبەر ئاپۆ لە چارەسەرکردنی کێشەی کورد و ڕایگەیاند؛ "بۆ ئازادی عەبدوڵا ئۆجالان پێویستە هەڵمەتی ئازادی نێونەتەوەیی بەرفراوانتر بکرێت."

عومەر ئۆجالان پەرلەمانتاری دەم پارتی لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ کە ماوەی ٢٦ ساڵە لە زیندانی دوورگەی ئیمرالی لەژێر ئەشکەنجەی سەختدا ڕاگیراوە و بۆ ماوەی ٤٣ مانگ مافی دیداری لەگەڵ بنەماڵە و پارێزەرانی بە تەواوی ڕاگیرابوو، دیداری ئەنجامدا. دیدارەکە هەم لە بیروڕای گشتی ناوخۆیی و هەم لە ئاستی نێونەتەوەییدا دەنگدانەوەی بە خۆیەوە بینی. ڕێبەر ئاپۆ لە ڕێگەی برازاکەیەوە پەیامێکی بۆ ڕای گشتی نارد و وتی: "لە ئیمرالی گۆشەگیری بەردەوامە، ئەگەر هەلومەرج بڕەخسێندرێت، هێزی تیۆری و پراکتیکی ئەوەم هەیە کە ئەم پرۆسەیە لە زەمینەی شەڕەوە بگوازمەوە بۆ بواری سیاسی و یاسایی."

یەکێک لە پێشەنگەکانی هەڵمەتی 'ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەری سیاسی بۆ کێشەی کورد'، لۆڕێنس فێلمان ڕیێل، پەرلەمانتاری سۆسیالیستی سویسری لە پەرلەمانی فیدراڵی، دیدار و پەیامەکەی ڕێبەر ئاپۆی بۆ ئاژانسی فۆرات هەڵسەنگاند.

'وەرگرتنی زانیاری لە سەر عەبدوڵا ئۆجالان زۆر گرنگە'

لۆڕێنس فێلمان ڕیێل، پەرلەمانتاری سویسرا ڕایگەیاند، دیدارەکەی ڕێبەر ئاپۆ زۆر گرنگە و وتی: "دوای 44 مانگ لە گۆشەگیریی رەها، ئەم دیدارە جێگەی سەرنجە، چونکە لە مانگی ئاداری ٢٠٢١ـەوە عەبدوڵا ئۆجالان ڕێگری لێکراوە دیدار لەگەڵ کەسوکارەکەی ئەنجام بدات. بەتایبەتی نەیتوانیوە پارێزەرەکانی ببینێت". ئێمە دەزانین ئەم گۆشەگیرییە نیگەرانی لەبارەی دۆخی دەروونی و تەندروستی عەبدوڵا ئۆجالان لێدەکەوێتەوە.

عەبدوڵا ئۆجالان کە بە شێوەیەکی ئاسایی مافی ئەوەی هەیە ئازاد بێت، ماوەی ٢٥ساڵە لە زینداندا لە ژێر گۆشەگیریی ڕەهادایە. هەروەها دەزانین کە کۆمیتەی پێشگیری لە ئەشکەنجەی ئەنجوومەنی ئەوروپا (CPT) سەردانی ئیمرالی کردووە، بەڵام هێشتا لەوبارەیەوە ڕاپۆرتی کۆتایی خۆی بڵاونەکردووەتەوە و بۆ دەربڕینی بۆچوونەکانی سەبارەت بە مەرجەکانی گۆشەگیری ئۆجالان دەسەڵات و تواناییەکانی بەکار نەهێناوە. لەناو ئەم هەلومەرجانەدا دیداری ئۆجالان لەگەڵ برازاکەی دۆخێکی نوێ و گرنگە.

ئایا ئەم ڕووداوە نیشانەی ئەوەیە کە دەسەڵاتداران بەتایبەتی ئەردۆغان لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجالان دەستیان بە دیالۆگ کردووە؟ لەبەر ئەوەی عەبدوڵا ئۆجالان هێشتا لەناو گەلی کورددا خاوەن کاریگەرییەکی گەورە و کەسایەتیەکی سەرەکییە لە پرۆسەی ئاشتی و چارەسەریدا. ئایا ئەمە یەکەمجارە ئەم هەوڵە دەدرێت؟ ئایا عومەر ئۆجالان وەک ئەندامێکی بنەماڵە یان وەک نوێنەری دەم پارتی لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجالان کۆبووەتەوە؟ گرنگ ئەوەیە دەبێت گەشبین بین: ئەمە ئاماژەیەکی ئەرێنییە."

'عەبدوڵا ئۆجالان لە هەوڵی ئەوەدایە ڕێگا بۆ ئاشتی و چارەسەری بکاتەوە'

پەرلەمانتار فێلمان ڕیێل ئاماژەی بە پەیامەکەی ڕێبەر ئاپۆ کرد و ڕایگەیاند؛ پێویستە دەوڵەتی تورکیا وەڵامی ئەم پەیامە بداتەوە. بە بۆچوونی من عەبدوڵا ئۆجالان لە ڕێگەی پەیامەکەیەوە سەبارەت بە دانوستان و ئاشتی دەیەوێت دەوڵەتی تورکیا بخاتە هەوڵدانەوە، عەبدوڵا ئۆجالان سەرەڕای ئەوەی لە زینداندایە بەڵام لای گەلی کورد ئاکتۆرێکی مەزن و هێژایە. ڕەنگە بارودۆخی ناسەقامگیری جیهانیش فاکتەرێک بێت بۆ ئەم کۆبوونەوەیە: ڕەنگە تورکیا لە ژێر گوشاردا بێت. بۆ نموونە شەڕی نێوان ئیسرائیل و فەلەستین زۆر جێگەی نیگەرانییە و لەوانەیە ببێتە هۆی ئەوەی ئاڵۆزییەکانی نێو خۆی تورکیا زیاتر بکات بەڵام پێویسته بزانین ئایا ئەم کۆبوونەوەیه بەردەوام دەبێت یان نه، هەروەها ئەنجامێکی باشی لێدەکەوێتەوە یان نا، هەر هەوڵێک بۆ چارەسەری ئەم شەڕە درێژخایەنە ئەنجامێکی باشی دەبێت. لەبەر ئەوە ئەم شەڕە نە لە بەرژەوەندی گەلی کوردە نە لەبەرژوەندی تورکە."

'هێزی عەبدوڵا ئۆجالان ئاشکرا بوو'

پەرلەمانتار فێلمان ڕیێل بانگەوازیەکەی سەرۆکی مەهەپە دەوڵەت بەغچەلی هەڵسەنگاند و وتی: "داوای دیدار لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجالان هێزی سەفەربەری عەبدوڵا ئۆجالان و کوردان نیشان دەدات کە سەرەڕای گوشار و سەرکوتکردن هێشتا بەردەوامە و ناهەژێت.

دەزانین کە سوپای تورک هێرش دەکاتە سەر سوریا و عێراق هەروەها دەزانین کە دەیەوێت نوێنەرانی ڕۆژئاوا کە هەوڵی دامەزراندنی کۆمەڵگایەکی ئاشتیانە و یەکسان دەدەن، ئاستەنگ بکات. بەو شێوەیە هەوڵ دەدات هەرێمەکە بخاتە بن کۆنترۆڵی خۆیەوە. سەرەڕای ئەو گوشار و سەرکوتکاریی و ئاستەنگیانە، گەلی کورد و کوردانی دیاسپۆرا بەتایبەتی لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٣ەوە بۆ ئازادیی عەبدوڵا ئۆجالان بەردەوام چالاکی ئەنجام دەدەن. بێگومان ئەم چالاکیانە دەنگی داوەتەوە. بەدڵنیاییەوە ئەم دۆخە وای کردووە کە دەوڵەت و ئەردۆغان هەڵوێستەکانیان بگۆڕن."

'ئامانجی سەرەکی دەبێت ئازادی عەبدوڵا ئۆجالان بێت'

فێلمان ریێل پەرلەمانتاری سویسرا لە کۆتایی هەڵسەنگاندنەکانیدا ڕایگەیاند؛ دیدارەکە لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ بەس نییە، بەڵکو دەبێت ئامانجی سەرەکی ئازادکردنی بێت و وتی، کاتی ئەوە هاتووە هەڵمەتی نێونەتەوەیی بۆ ئازادیی عەبدوڵا ئۆجالان بەرفراوانتر بکرێت. زۆر گرنگە بە بیر بهێنرێتەوە؛ عەبدوڵا ئۆجالان ئاکتۆرێکی مەزنە لە چارەسەری کێشەی گەلی کورد و پێویستە هێزە پێشکەوتووخوازەکان لەو بارەیەوە سەفەربەری دەست پێ بکەن. چونکە ئەمە لە هەمان کاتدا بە مانای سەفەربەری بۆ سەربەخۆیی گەلی کوردە."