پێشوازی سیاسی لە کۆنگرەی پەکەکە: کۆنگرەی پەکەکە دەرفەتی ئاشتییە

دوای ڕاگەیاندنی دیوانی کۆنگرەی ١٢ـەمینی پەکەکە بە ئەنجامدانی کۆنگرەی ١٢ـەمینی پەکەکە بە سەرکووتووی، بەستنی کۆنگرەکە لەسەر ئاستی سیاسی پێشوازییەکی بەرفراوانی لێکرا و پەرلەمانتارانی عێراق کۆنگرەکەیان بە گرنگ هەڵسەنگاند.

پەرلەمانتارانی عێراق لە لێدوانێکیاندا بۆ ئاژانسی هەواڵی ڕۆژنیوز بڕیارەكانی ئەم دواییەی پەكەكەیان بە ئەنجامدانی کۆنگرەی ١٢ـەمینی خۆی  بە گرنگ وەسف کرد و گوتییان: "لە چوارچێوەی ئەو پێشهاتە ئاڵۆزانەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕوو دەدەن، ئەم بڕیارەی پەكەكە هەنگاوێكی درووستە، ئەمە دەرفەتێكی ڕاستەقینەیە بۆ ئاشتیی و پێویستە دەوڵەتی تورکیاش هەنگاوی ڕاستەقینە بگرێتەبەر."

حسێن سەعباری ئەندامی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند: "ئەو دەستپێشخەرییە ئاشتییەی، كە بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان ڕایگەیاندووە، لە كاتێكی گرنگدایە، چونكە ئێستا ناوچەكە پێویستی بەو جۆرە دەستپێشخەرییانە هەیە، كە خزمەت بە بەرژەوەندییەكانی ئاشتی و پێكەوەژیانی ئاشتیانە دەكەن. پەكەكە ڕاگەیاندنی ئاگربەست و گواستنەوە كردەی سەربازی بۆ كرداری سیاسی پەیامێكی ڕوونە بۆ حكومەتی توركیا، بەڵام پرسیاری كۆتایی دەمێنێتەوە: ئایا ئەنقەرە وەڵامی ئەو دەستپێشخەرییانە دەداتەوە و ڕێگا بۆ خەباتی سیاسی دەكاتەوە، یان پشتگوێیان دەخات؟.

لە بەردوایدا دەڵێت: "هەڵوێستی حكومەت و پەرلەمانی عێراق لە پەیوەندییە ئەرێنییەكانیان لەگەڵ نیازە باشەكانی پەكەكەدا ڕوون بووە و بەردەوامە، پەرلەمان ستایشی دەستپێشخەریی ئاشتی دەكات، ئەمەش هەڵوێستی عێراقە لەسەر هەر هەنگاوێك، كە پاڵپشتی ئاشتی بكات."

لە کۆتایی قسەکانییدا دەڵێت: "دواخستنێكی ڕوون لە لایەن حكومەتی توركیاوە هەیە، سەبارەت بە دەستپێشخەرییەكەی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان، چونكە تورگیا بەردەوامە لە بۆردومانكردنی ناوچەكانی هەرێمی كوردستان، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی توركیا بە شێوەیەكی نەرێنی مامەڵە لەگەڵ عێراق دەكات و دەستبەرداری بنەماكانی دراوسێیەتی باش دەبێت."

هاوكات، كەریم محەممەداوی سەرۆكی لیژنەی ئەمنی و بەرگریی پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوەکرد: "پەكەكە هەوڵی هێوركردنەوەی دۆخەكە و بەدیهێنانی ئاشتی دەدات، بەتایبەتی لە چوارچێوەی ئەو ڕووداوانەی لە ناوچەكە ڕوودەدەن، ئەم دەستپێشخەرییە ئاشتییانە توركیای خستووەتە دۆخێكی شەرمەزاركەرەوە و هەموو ئەو ئارگیومێنتانەی تێكشكاندووە، كە بۆ پاساوهێنانەوە بۆ بۆردومانكردنی خاكی عێراق بەكاری دەهێنا."

محەممەداوی سەرنجی خستەسەر هێرشە بەردەوامەکانی دەوڵەتی تورک لەسەر باشووری کوردستان و عێراق گوتی: "توركیا ڕێز لە سەروەری عێراق ناگرێت و بەردەوامە لە هێرشە سەربازییەكانی، هەروەها لیژنەكەشمان لە پرۆسەی بڕیارداندایە بۆ كشانەوەی هێزەكانی توركیا لە هەرێمی كوردستان."