پسپۆڕانی سەربەخۆی مافەکانی مرۆڤی کۆنسەی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان ناڕەزایەتییان دەربڕی بەرامبەر بڕیاری لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی.
مای ساتۆ، مۆریس تیدبال-بینز، ڕیم ئەلسالم، نیکۆلاس لێڤرات، جینا ڕۆمیرۆ، ئیرین خان، لاورا نیرینکندی، کلاودیا فلۆرێس، دۆرۆسی ئیسترادا تانک، ئیڤانا کرستیج و هاینا لو ڕاگەیاندراویان بڵاوکردەوە و گوتیان: "سزای لەسێدارەدانەکە، پێشێلکردنی یاسا نێونەتەوەییەکانی پەیوەست بە مافەکانی مرۆڤە".
هەروەها گوتراوە: "گرتن و سزادانی عەزیزی پەخشان هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ هاوکاریکردنی پەنابەرانی عێراق و سوریا و کارە پیشەییەکانی".
پسپۆڕانی مافەکانی مرۆڤ دووپاتیان کردەوە، چەند ئەندامێکی بنەماڵەی پەخشان عەزیزیش بەشێوەیەکی کاتی دەستبەسەرکراون و فشاریان لێ کراوە، بۆ ئەم مەبەستە لە پەیوەندیدان لەگەڵ بەرپرسانی ئێران و پێویستە سزای لەسێدارەدانی پەخشان هەڵوەشێتەوە.
پسپۆڕان جەخت دەکەنەوە چالاکوانانی کورد بەتایبەت بە تۆمەتی سیاسی دەکرێنە ئامانج، دادگاییکردنی پەخشان عەزیزی دەرخەری ئەوەیە فشارەکان بۆ سەر چالاکوانانی کەمەنەتەوەکان لە ئێران زیاتر بووە، بۆ بێدەنگکردنیان، سزایان دەدەن.
پارێزەری پەخشان عەزیزی ئەمیر ڕەئیسیان لە ٨ ی کانوونی دووەم ڕایگەیاند دادگای باڵای ئێران سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی پەسەند کردووە.
پەخشان عەزیزی لە ٢٣ ی تەمموزی ٢٠٢٤ دەستبەسەرکرا و لەلایەن لقی ٢٦ ی دادگای شۆڕشی تارانەوە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنرا.