ڕێپێوانانی ئازادی گەیشتنە گەملیک: با پێکەوە ئازادی جەستەیی عەبدوڵا ئۆجالان مسۆگەر بکەین

هاوسەرۆکی گشتی هەدەپ تولای هاتیمۆگولاری لە بەردەم گەملیک ڕاگەیاندراوێکی دا و وتی:"وەرن با پێکەوە گۆشەگیری لە ئیمرالیە هەڵبگرین، با پێکەوە ئازادی جەستەیی بەڕێز ئۆجالان مسۆگەر بکەین."

'رێپێوانی ئازادی' کە بۆ مسۆگەرکردنی ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و چارەسەری سیاسی پرسی کورد دەستیپێکرد، سەرەڕای بەربەستەکان بەردەوامی هەیە.

بە سەدان ئۆتۆمبێل لەلایەن پۆلیسەوە لە خاڵە جیاوازەکاندا ڕاگیراون. هاوسەرۆکی گشتی هەدەپ تولای هاتیمۆگولاری و جەماوەرێکی زۆر لەنێویاندا پەرلەمانتاران لە ڕێگای ئۆرهانگازی بە دوری ٢٠ کیلۆمەتر لە گەملیک ڕاگەیاندراویاندا.

'ئەگەر گۆشەگیری هەڵنەگیرێت، گەل دەدۆڕێت'

تولا هاتیمۆگولاری وتی:"ئێمە ئەمڕۆ لێرەین بۆ ئەوەی داواکارییەکەمان بۆ چوونە ئیمرالی دووبارە بکەینەوە، چەند ڕۆژێکە جەماوەری گەل، شۆڕشگێڕ، دیموکرات و وڵاتپارێزان لە چوارلای تورکیا وکوردستانەوە پشتیوانیان لە چالاکییەکانی گەلی کورد دەکەن، بۆ هەڵگرتنی گۆشەگیری لە ئیمرالیە و مسۆگەرکردنی ئازادی جەستەیی بەڕێز ئۆجالان بانگەوازی لە ڕای گشتی و جیهان دەکەین.

دوێنێ لە ئامەد، چوکورۆڤا، سەرحەد، لە چوارلای تورکیا و کوردستان چالاکیمان ئەنجامدا. لە دوێنێوە پۆلیس و ئاسایش کەوتوونە ئامادەباشی، لە هەموو شوێنێک هەوڵیانداوە ڕێگریمان بکەن. دوێنێ زۆرێک لە هەڤاڵانمان دەستبەسەر کران و دەستوەردانیان کرد و هێرشی جەستەیییان کراوە. ئەمڕۆیش هەڤاڵانمان لە ئەگە و ئزمیرەوە دەهاتن، ڕاگیران و دەستبەسەر کران. لە ئەستەنبوڵیش ڕێگریکی هاوشێوە دروست بوو. ئێستا لە  چوارلای تورکیاوە گەل دەیانەوێت بێن بۆ ئێرە. ئێمە ڕووبەڕووی گوشار و ئاستەنگی قورسی هێزە ئەمنییەکان بوینەتەوە. ئەو سیستەمەی کە گۆشەگیریی لە ئیمرالی دامەزراند، بە هەمان چەمکی گۆشەگیری، ڕێگری لە هێزە دیموکراسیەکانی دەرەوەی وڵاتیش دەکات. پێویستە ئەوە بزانێت ئیرادەی گەل لێرەدایە. سەرەتا گەلی کورد و گەلانی تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لێرەن. ئیرادەی گەل دەڵێت:" با پرسی کورد بە ڕێبازی دیموکراتیک و ئاشتیانە چارەسەر بکرێت.'

هەتا کێشەی کورد چارەسەر نەکرێت، هیچ دەرفەتێک لە دۆخێکی دیموکراسیدا بۆ گەلی تورکیا نامێنێت. بۆ ئەوەی شەڕی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کۆتایی پێبێت، بۆ ئەوەی پرسی کورد دەستبەجێ چارەسەر بکرێت، بۆ ئەوەی گەلی کورد لە ڕۆژائاوا خاوەنی کیانی خۆی بێت، بۆ ئەوەی مافی گەلان بدرێت، داواکانمان دەردەبڕین. بەهەمان شێوە تا پرسی کورد بەشێوەیەکی ئاشتیانە و دیموکراتیک لە تورکیا چارەسەر نەکرێت، ئێمە وەک گەلانی تورکیا دەبینە قوربانی سیاسەتی شەڕ و جیاکاری.

لێرەوە دووبارەی دەڵین:" وەرن با تێکۆشان لەسەر چارەسەری ئاشتیانە بۆ ئەم پرسە بکەین. با گۆشەگیری لە ئیمرالی هەڵبگرین. با پێکەوە کار بکەین بۆ ئازادی جەستەیی بەڕێز ئۆجالان. لێرەوە درێژە بە ڕێپێوانەکانمان دەدەین. پێویستە هێزە دیموکراتیکەکانی تورکیا و نێونەتەوەییەکان با لە چارەسەرکردنی ئەم پرسەدا بەشداری بکەن. بە گەلی تورکیا و کوردستان ڕادەگەیەنین:"ڕێپێوانەکەمان بەردەوام دەبێت."