ڕێپێوانکەرانی گەملیک گەیشتنە مێرسین: بێ سەرۆک ژیان نابێ

ئەو کەسانەی لە شارەکانی دەوروبەرەوە بۆ "ڕێپێوانی ئازادی" بەڕێ کەوتن، گەیشتنە مێرسین، چەندین جار درووشمەکانی "بێ سەرۆک ژیان نابێ" و "سڵاو، سڵاو، لە ئیمراڵی هەزار سڵاو" و "بە گیان بە خوێن، لەگەڵتین ئەی سەرۆک"یان بەرزکردەوە.

باڵی چوکورۆڤای "رێپێوانی ئازادی" کە بۆ هەڵگرتنی گۆشەگیریی سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و بەدیهێنانی ئازادی جەستەیی بەرەو گەملیک بەڕێوەدەچێت، گەیشتە شاری مێرسین. ئەو کەسانەی لە ئەدەنە و هاتای و عوسمانییە و دیلۆکەوە بەڕێ کەوتن سەرەڕای هەموو ئاستەنگەکانی پۆلیس گەیشتنە مێرسین. پاش ئەوەی شوێنی خوێندەوەی ڕاگەیاندراوەکە کە پارکی ئۆزگور کۆچوک بوو لەلایەن پۆلیسەوە گەمارۆدرا، جەماوەر لەبەردەم بینای هەدەپەی ناوچەی ئاکدەنیز، کۆبوونەوە.

جەماوەرەکە لەگەڵ هاوسەرۆکی گشتی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (هەدەپ) تولای حاتەم ئۆغۆللاری و پەرلەمانتاران پەریهان کۆجا و عەلی بۆزان و کاموران تانهان کۆبوونەوە. لە شەقامەکان دەستیان بە ڕێپێوان کرد و پۆلیس هەوڵیدا چالاکییەکە ئاستەنگ بکات، بۆیە ئاڵۆزی لەنێوان جەماوەر و پۆلیس دەرکەوت. پۆلیس جەماوەرەکەی گەمارۆدا، جەماوەریش درووشمی "بە بەرخۆدان سەردەکەوین" و "فشارەکانتان ڕامانناگرێت" و "بژی بەرخۆدانی زیندان" و "بە گیان بە خوێن، لەگەڵتین ئەی سەرۆک"یان بەرزکردەوە، خەڵکی نێو ماڵەکانیش لە باڵکۆنەکانەوە بە گوتنەوەی درووشم پشتگیری خۆیان دەربڕی.

تولای حاتەم ئۆغۆللاری ناڕەزایەتی دەربڕی بەرامبەر بڕیاری قەدەغەی چالاکی لەلایەن پارێزگای مێرسینەوە، گوتی: "ئەمڕۆ بۆ هەڵگرتنی گۆشەگیری ئیمراڵی و ئازادی جەستەیی بەڕێز ئۆجالان، لە هەموو لایەکی تورکیا ڕاگەیاندراو و ڕێپێوان و چالاکی ئەنجام دەدەین. سبەی بەرەو گەملیک دەڕۆین. تا شکاندنی گۆشەگیری ئیمراڵی نەشکێت، تێکۆشانمان بەردەوام دەبێت".

لەکاتی وتەکای تولای حاتەم ئۆغۆللاری، جەماوەر درووشمی "بێ سەرۆک ژیان نابێ" و "سڵاو، سڵاو، لە ئیمراڵی هەزار سڵاو"یان بەرزکردەوە.