قوربانیانی کۆمەڵکوژی گازی یاد کرانەوە
ئەوانەی لە ١٢ی ئاداری ١٩٩٥ لە گازی کۆمەڵکوژ کران، یادیان کرایەوە.
ئەوانەی لە ١٢ی ئاداری ١٩٩٥ لە گازی کۆمەڵکوژ کران، یادیان کرایەوە.
لە ١٢ی ئاداری ١٩٩٥ لە گەڕەکی گازی ناوچەی سوڵتان گازی ئەستەنبوڵ ٢٢ کەس لە هێرشێکدا کۆمەڵکوژ کران. بەو بۆنەوە لەبەردەم ناوەندی پەروەردە و کولتووری گازی چالاکی بەڕێوە چوو و بەسەدان کەس تێدا بەشدارییان کرد.
چالاکیی یادکردنەوەکە بە پەردەلادان لەسەر مێنومێنتێک کە بۆ یادی قوربانییەکان دروستکرابوو دەستیپێکرد. کەسوکاری کۆمەڵکوژییەکەی گازی و عومرانیە و زۆرێک لە لایەنە سیاسییەکان بەشدارییان لە یاد کردەنەوەکەدا کرد.
لە چالاکییەکەدا، قەدریە دۆغان، هاوسەرۆکی کۆمەڵەی دیموکراتیکی عەلەوییەکان (داد) قسەی کرد و سەرنجی دایە سەر ڕۆڵی عەلەوییەکان لە بەدیهێنانی ئاشتی کۆمەڵایەتی لە تورکیا.
پاشان جەلال فرات پەرلەمانتاری ئەستەنبوڵی دەم پارت قسەی کرد و وتی: "لە کەربەلاوە هەتا ئەمڕۆ ئازاری زۆرمان چەشتووە. بۆچی تووشی ئەم کاراساتانە دەبین؟ لە کاتێدا تا ئێستا هیچ کام لە ڕێکخراوەکانی ئێمە فەرمانی کۆمەڵکوژییان بۆ هیچ قەوم و نەتەوەیەک نەداوە."
دوای وتارەکان، جەماوەر بە ڕێپێوان بەرەو ئەو پۆستەخانەیەی کە کۆمەڵکوژییەکە تێدا ڕوویدا رێپێوانیان کرد. لەوێ سینەم گوندوز، کچی محەمەد گوندوز کە لە کۆمەڵکوژییەکەدا ژیانی لەدەستدا، بەیاننامەیەکی خوێندەوە و وتی: "ئامانجی بکوژەکان هاندانی گەل بوو بۆ ئەوەی شەڕ لە نێوان عەلەوی و سوننەدا هەڵگیرسێت. گەلی گازی لە ئامانجەکەیان ئاگادار بوو." گوندوز لە کۆتایی بەیاننامەکەدا داوای دادگایی کردنی بۆ بەرپرسیاران و تاوانبارانی ڕووداوەکە کرد.
دواتر، جەماوەر لە بەردەم پۆستەخانەکەوە بەرەو گۆڕستانی قوربانیەکان ڕێپێوانیان کرد و چالاکییەکە کۆتایهات.