ئاهی نیشتیمان دەبێتە ئاگرێک کە هەموو ڕۆژێک گڕ لە جەستە بەردەدات. بەڵام هیوای گەڕانەوە بۆ نیشتیمان هیوایەکە کە هەموو ڕۆژێک لە ژێر خاکدا سەوز دەبێتەوە، دڵ و ڕوحی مرۆڤ ئارام دەکاتەوە. لەبەرئەوە ئەگەر لە وڵاتانی جیاواز مرۆڤ دەرفەتیشی بۆ بڕەخسێت، هێندەی ژیان لە نیشتیمان مانادار و جوان نییە.
تاڤین تێکۆشین پشت بەم ژیانە دەبەستێت و لە هەمبەر سیستەمی کاپیتاڵیست ڕادەبێت، کە ژن وەکو کاڵایەک بەکاردێنێت و دێتە نێو تەڤگەری ئازادییەوە.
تاڤین تێکۆشین (سیبەل چەلیک) لەنێو بنەماڵەیەکی وڵاتپارێز لەدایکبوو. تاڤین کە خەڵکی چەولیگە، لە ئەڵمانیا لەدایکدەبێت و گەورە دەبێت. بنەماڵەکەی هەرچەندە لەنێو کلتووری کاپیتاڵیست و سیستەمی ئەسیمیلاسیۆندا بوو، کلتووری کوردی و وڵاتپارێزیی خۆیان پاراست. ئەمە کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر تاڤین هەبوو.
هێشتا گەنج بوو کاتێک ئاشنای فکری ڕێبەر ئاپۆ بوو و دەستیکرد بە لێگەڕین لە ژیانێکی ئازاد. لەسەر ئەو بنەمایە بە شێوەیەکی چالاک بەشداری ناو کاری گەنجان بوو. نزیکەی ساڵێک لەناو کاری ڕێکخراوەیی گەنجان و گەلدا مایەوە.
پەرۆشی بۆ نیشتیمان ڕۆژ بە ڕۆژ زیادی دەکرد. هەربۆیە بە ئامانجی گەڕانەوە بۆ وڵات تێکۆشا. هەر کە دۆخی وڵات و هێرشی دوژمنی بۆ سەر تەڤگەری ئازادی بینی، پەرۆشییەکەی گەورە بوو. وەکو ژنێکی گەنج بۆئەوەی بتوانێت باری شۆڕش هەڵبگرێت، بڕیاریدا بێتە نێو تێکۆشان و ڕووی لە چیا کرد.
وەکو ژنێکی گەنج و گەریلایەکی یەژا ستار، هاتنەناوەوە بۆ ناو تەڤگەری ئازادیی بۆ تاڤین بووە مایەی شانازی و دڵخۆشییەکی گەورە. بەتایبەت بۆ ئەوەی وەڵامی ئەو جەستانە بداتەوە کە لە پێناوی ئازادیدا گیانی خۆیان بەخشیوە، هیچ ئاستەنگییەکی لەبەرچاو نەگرت و بەشداری نێو ئەم تێکۆشانە بوو.
دوای گەیشتنی بە چیا، چووە ناو پەروەردەی بنەڕەتییەوە. لە چوارچێوەی ڕوانگە و پەروەردەی ڕێبەر ئاپۆدا، هەر زوو فێری ژیانی گەریلا بوو. لەناو تەڤگەری ئازادیدا پەیوەندی هاوڕێیەتی و ژیانی کۆموناڵ دەستپێکرد، تاوەکو لەو سنوورە تاکەکەسییانە ڕزگاریبێت، کە سیستەم لەسەری دەسەپاند. هەربۆیە لەنێو قورسترین هەلومەرجەکاندا هەوڵی زۆری دەدا و بەردەوامی بە تێکۆشانەکەیدا. بەم ڕەنج و هەوڵدانە بووە شەڕڤانێکی زانا و بەبڕیار.
ئەرک و بەرپرسیارێتیی خۆی بە سەرکەوتوویی بەجێهێنا
بەو ئەزموونەی لە ژیانی گەریلا وەریگرت و بەو ئاگایی و بڕیاردارییەی لە ژیانی کۆموناڵ بەدەستیهێنا، چووە گۆڕەپانی سەربازییەوە. بۆ ئەوەی شوێن ئامانجەکەی بکەوێت، لە پەروەردەدا سەرکەوتنی گەورەی بەدەستهێنا. بەم ئیرادە و بڕیاردارییەی کاریگەری لەسەر هاوڕێکانیشی دانا.
گەریلا تاڤین تێکۆشین دوای ئەوەی پەروەردەی سەربازیی خۆی بە سەرکەوتوویی تەواوکرد، بۆئەوەی بتوانێت لەدژی هێرشەکانی داعش لە ڕیزی هەرە پێشەوە تێبکۆشێت، ڕوویکردە هێڵی کەرکووک و مەخموور. لەوێ وەکو شەڕڤانێکی پێشەنگی ئازادیی یەژا ستار، بۆئەوەی گەل لە دڕندەیی داعش بپارێزێت فیداکارییەکی گەورەی کرد.
بەشداری گەلێک چالاکیی سەرکەوتووی کرد و ئەنجامی بەدەستهێنا. بە متمانەی خۆی بۆ سەرکەوتن هانی هاوڕێکانیدا و بردنیە شەڕ. نە هێزی دوژمن و نە هێرشەکانی داعش بەرخۆدانی ئەم شەڕڤانانەی نەشکاند. دوژمن هەرگیز نەیتوانی بە ئامانجی خۆی بگات.
تاڤین تێکۆشین کە ئەرکەکەی خۆی بە سەرکەوتوویی بەجێهێنا، جارێکی تر ڕووی کردە چیای ئازاد و چووە هەرێمی حەفتانین. بەو ئەزموونەی لە شەڕی داعش وەریگرتبوو، ڕۆڵێکی چالاکی بینی و پێشەنگایەتی لە هاوڕێکانی کرد. لەوێش بە ئیرادە و بڕیاردارییەکی جیاوازەوە لەبەرامبەر داگیرکاریی دەوڵەتی تورک تێکۆشا و بەشداری گەلێک چالاکی کرد.
لەمەودوا وەکو پێشەنگێکی گەنج و شەڕڤانێکی ئاپۆیی لەنێو سەختترین هەلومەرجەکاندا بە بەرپرسیارێتیی تێکۆشان هەستا و بە دڵسۆزی ڕووی لە ئەرکەکانی خۆی کرد. دواتر ڕۆیشتە کۆمیتەی ناوەندیی پەکەکە و لەوێش کاری کرد. کارە ڕێکخراوەیی، ئایدۆلۆژی و سەربازییەکانی ئەوێ کاریگەرییەکی زۆری لەسەر دانا.
بە باوەڕبەخۆبوون و تێکۆشان ڕۆڵی پێشەنگایەتیی خۆی لە پراکتیکیدا تادەهات بەهێزتر نیشاندەدا. بەم هەڵوێست و کارانەی بۆ هاوڕێکانی بووە سەرچاوەیەکی گەورەی هێز و مۆڕاڵ. لەبەرئەوەش هەموو ئەرک و بەرپرسیارێتییە شۆڕشگێڕییەکانی بە سەرکەوتوویی بەجێهێنا.
چیتر کەس نەمابوو خۆی لەبەر گەمارۆی قورس و هێرشە فاشیستییەکانی دەوڵەتی تورک ڕابگرێت. هەر گەریلاکانی ئازادی و شەڕڤانەکانی ڕێبەر ئاپۆ بۆ شکاندنی ئەم هێرشانە پێشنیار کران تا بچنە بەرەکانی جەنگ.
تاڤین تێکۆشینیش بۆئەوەی ببێتە بەشێک لەم شەڕە چووە گۆڕەپانەکانی عەگیدان و مزگینان. لە خاکی بۆتانی بەرخۆدان، بەردەوامیی بە تێکۆشانی شکۆ و ئەو شەڕەدا کە میراتی سەدان شەهیدە.
وەکو هاوڕێیانی تری ئەویش دەیویست بگەڕێتەوە باکوور. بۆ بەدیهێنانی ئەم ئامانجەی، کەوتە هەوڵدان و فیداکارییەکی گەورە و بەرەو گۆڕەپانی بۆتان ڕێی گرتە بەر. لە هەموو هەنگاوێکیدا بۆ بەدیهێنانی ئامانجی هاوڕێکانی ڕێیکرد. بە دڵسۆزیی خۆی بۆ هێڵی ئازادیی ژن، وەکو میلیتانێکی ئاپۆیی ڕوحی سەردەمی بۆ خۆی کردە ئامانج و لە دڵەوە بەشداری هەر کارێکی کرد.
ئەمڕۆ بە سەدان تاڤین لەسەر ڕێگەی حەقیقەتن
بە ڕێبازێکی ئەزمووندارانە لەبەرامبەر دوژمن چالاکی ئەنجامدا. تاوەکو ساتی شەهیدبوونی بە بڕیارداریی و بوێرییەکی مەزن شەڕی کرد.
لە ٢١، ٢٢ و ٢٣ـی کانووی دووەمی ٢٠٢٣ـدا دەوڵەتی تورکی داگیرکەر لەدژی سەنگەرەکانی گەریلا هێرشێکی بەرفراوانی دەستپێکرد. بە پێشەنگایەتیی تاڤین تێکۆشین و لەیلا سۆرخوین بۆ ماوەی سێ ڕۆژ تێکۆشانێکی گەورە بەڕێوەچوو. هەردوو شەڕڤانی ئازادی لەبەرامبەر تەکنیک و هێرشی دوژمن بەرخۆدانێکی مێژووییان نیشاندا. لە ئەنجامی ئەم شەڕەدا هەردوو گەریلا تاوەکو دوا هەناسە شەڕیان کرد و شەهید بوون.
شەهید تاڤین وەکو شەڕڤانێکی ئازادی و گەنجێکی پێشەنگ باوەڕی بە دۆز و تێکۆشانەکەی خۆی هەبوو؛ شوێنپێی هەزاران شەهیدی هەڵگرت. لەو یەکەم ڕۆژی بەشداربوونییەوە تاوەکو شەهیدبوون دڵسۆزی ئامانجەکانی بوو. بووە سیمبولی بەرخۆدانی گەریلای کوردستان و هەڵوێستی ژنانی کورد.
ئەمڕۆ لەسەر ڕێچکەی ئەم حەقیقەتە بە هەزاران ژن و گەنج ئەم ڕاستییەیان لەباوەش دەگرن و دێنە نێو تەڤگەری ئازادییەوە. ئێمە دەبینین کە تاڤینێک دەڕوات، بەدوایدا بە سەدان تاڤین دێنە سەر ڕێچکەی حەقیقەت، وەکو ئاگری ئازادی بە بڕیارداریی ڕووناککردنەوەی هەموو جێیەک دەجوڵێت.