سەرۆک کۆماری عێراق یاسای بودجەی پەسەندکرد
ئەمڕۆ سەرۆک کۆماری عێراق یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی پەسندکرد و رایگەیاند "پەسندکردنی بودجە، خاڵی وەرچەرخان دەبێت بۆ ئەوەی حکومەت دەست بە بەرنامەکەی بکات".
ئەمڕۆ سەرۆک کۆماری عێراق یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی پەسندکرد و رایگەیاند "پەسندکردنی بودجە، خاڵی وەرچەرخان دەبێت بۆ ئەوەی حکومەت دەست بە بەرنامەکەی بکات".
ئەمرۆ چوارشەممە لە راگەیەندراوێکدا نووسینگەی رۆژنامەوانی لەتیف ڕەشید سەرۆک کۆماری عێراق، رایگەیاند: "ئەمڕۆ چوارشەممە، ٢١ی حوزەیرانی ساڵی ٢٠٢٣ بەڕێز سەرۆک کۆماری عێراق یاسای بودجەی گشتیی دارایی فیدراڵی عێراقی پەسندکرد، سەرۆک کۆماری عێراق جەختدەکاتەوە لەوەی ئەمە "خاڵی وەرچەرخانە بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی هاووڵاتییان و پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی وەک تەندروستی و خوێندن و ژێرخانی ئابوری و پرۆژەی ستراتیژی کە بە ئەرینی رەنگدانەوەیان لەسەر ژیانی رۆژانەی هاووڵاتییان دەبێت" لەلایەن حکومەتی عێراقەوە".
جێگای باسە، پەسندکردنی بودجەی گشتیی کۆماری عێراق لەکاتێکدایە کە بەرەبەیانى رۆژی ١٢حوزەیران، پەرلەمانى عێراق پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی بۆ ساڵانی ٢٠٢٣، ٢٠٢٤، ٢٠٢٥ پەسدنکرد، ئەمەش بووە یەکەمجار لەدواى ساڵى(٢٠٢١)ەوە پەرلەمانى عێراق بودجەى گشتى پەسند بکات.
سەرۆک کۆمار بۆ ماوەی دوو هەفتە یاسای بودجەی لەبەردەست بوو بۆ ئەوەی یاسای بودجە پەسندبکات، دوای پەسەندکردنی یاسای بودجە یاساکە لە رۆژنامەی (الوقائع)ی فەرمی کۆماری عێراق بڵاودەکرێتەوە و دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە، بودجەکە پێش کۆتاییهاتنی وادەکەی لەلایەن سەرۆک کۆمارەوە واژووکرا.
جێگای باسە قەبارەی بودجەکە بۆ هەرساڵێک نزیکەی ١٩٩ تریلیۆن دینارە و ساڵانە ١٦ تریلیۆن دیناریش لەو بڕە، پشکى هەرێمى کوردستانە لەبەرامبەردا دەبێت رۆژانە ٤٠٠ هەزار بەرمیل نەوتى هەرێمى کوردستان رادەستى کۆمپانیاى بەبازاڕکردنى نەوتى عێراق (سۆمۆ) بکرێت.