سەرۆکی میت لەگەڵ بەرهەم ساڵح و کازمی کۆبووە

سەرۆکی دەزگای سیخوڕی میتی تورکیا لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراقدا کۆبویەوە و یەكێك لە تەوەرە سەرەكییەكانی كۆبوونەوەكە هێرشەكانی دەوڵەتی داگیركەری تورك بۆ سەر باشووری كوردستان بووە و داوای پشتیوانی زیاتریان كردووە بۆ هێرشە داگیركارییەكانیان.

باس لەوەدەكرێت سەرۆكی دەزگای سیخۆڕی توركیا بەجیا لەگەڵ هەریەك لە بەرهەم ساڵح و مستەفا كازمی و بەرپرسانی هەرێمی كوردستان كۆبووەتەوە و بەپێی زانیارییەكان، هاكان فیدان لە كۆبوونەوەكاندا لەگەڵ چەند پرسێكی جیاواز باسی داگیركارییەكانی باشووری كوردستانی كردووە و داوای پشتیوانی زیاتری لە لایەنە عێراقییەكان كردووە.

بەپێی میدیاكانی عێراق و باشووری كوردستان، لە ڕۆژانی ڕابردوودا هاكان فیدان، سەرۆكی دەزگای سیخۆڕی توركیا ناسراو بە میت لەگەڵ شاندێك سەردانی عێراقی كردووە و لەگەڵ لایەنەكانی سونە كۆبووەتەوە.

بە پێی هەندێك لە میدیاكان، هاكان فیدان نە تەنیا لەگەڵ لایەنە سوننەكان، بەڵكو لەگەڵ زۆرێك لە بەرپرسانی دیكەی عێراقیش، وەك بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عێراق و مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیران لە بەغدا كۆبووەتەوە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لە میدیاكاندا بڵاوبوونەتەوە، هاكان فیدان لەگەڵ فواد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق و بەشێك لە بەرپرسانی هەرێمی كوردستان دیداری هەبووە، بەڵام هیچ زانیارییەكی ڕوون لەبارەی كۆبوونەوەكان لەگەڵ دەسەڵاتدارانی هەرێم دەست نەكەوتووە.

هەر بە گوێرەی ئەو زانیارییانە، یەكێك لە تەوەرە سەرەكییەكانی كۆبوونەوەكە هێرشەكانی دەوڵەتی داگیركەری تورك بۆ سەر باشووری كوردستان بووە و هەواڵگری توركیا بە لایەنەكانی عێراق و هەرێمی كوردستانی ڕاگەیاندووە، كە بەردەوام دەبن لە هێرشە داگیركارییەكان و بۆ ئەمەش داوای پشتیوانی زیاتریان كردووە.

لەم كاتەدا كە ململانێ و شەڕێكی توند لەسەر پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق و هەڵبژاردنی سەرۆك وەزیران و سەرۆك كۆماری عێراق هەیە، پێشبینی دەكرێت لە میانی كۆبوونەوەكەدا ئەم تەوەرانە تاوتوێ كرابن.

بەڵام تائێستا نازانرێت وەڵامی بەرهەم ساڵح و كازمی بۆ ئەم داواكاریانەی میتی توركیا چی بووە.

جێی باسە، ڕۆژانە فڕۆكەكانی توركیا، ئاسمانی عێراق بەكاردەهێنن بۆ بۆردومانی كامپی پەنابەران و خەڵكی مەدەنی و شوێنە گەشتیارییەكان، لەوچوارچێوەیەشدا لە ئەنجامی هێرشێكی سوپای توركیا بۆ سەر گوندی پەرەخ لە زاخۆ نۆ كەس گیانیان لەدەستدا و ٣٣ كەسیش برینداربوون، هەروەها لە ١٧ی نیسانی ئەمساڵەوە هێرشێكی هەمەلایەنی بۆ سەر ناوچەكانی پاراستنی میدیا دەستپێكردووە، بەڵام سەرەڕای ئەمەش شاندێكی هەواڵگری و ئەمنیی توركیا لە بەرزترین ئاستدا پێشوازی لێدەكرێت.

ف.ق