سەرۆکی پەرلەمان: بانگەوازەکەی ئیمراڵی ئەرێنییە و زۆر بەسوودە

سەرۆکی پەرلەمان نوعمان کورتولموش ڕایگەیاند بانگەوازەکەی ٢٧ ی شوباتی ڕێبەر ئاپۆ "ئەرێنییە و زۆر بەسوودە".

سەرۆکی پەرلەمان نوعمان کورتولموش لە ئەنقەرە لە بەرنامەیەکدا دەربارەی بانگەوازی "ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک"ـی ڕێبەر ئاپۆ قسەی کرد.

ڕایگەیاند لە هەرێمەکەدا ڕووداوی نوێ ڕوودەدەن، گوتی: "ئێمە لە جوگرافیایەکی بەرفراوان لە خوشک و برایەتی کە تێیدا جیاوازی لەنێوان تورک و کورد و عەرەب و عەجەم و لاز و گورجو و ئەبازی و چەرکەزدا نییە، وەک هەمەڕەنگی نێو بنەماڵەیەک، دەژین و ماوینەتەوە و دەچینەپێش".

کورتولموش گوتی: "دەمەوێت بڵێم، ئێمە بانگەوازەکەی ئیمراڵی بە ئەرێنی و زۆر بەسوود دەبینین. بۆ ئەمەش، بە نیەتێکی باش و بەجدییتەوە پێکەوە کاردەکەین".

سەرۆکی پەرلەمان گوتی: "بەهیواین لەنزیکترین کاتدا ئەنجام بەدەست بهێنرێت، دوور لە هەر هەوڵێکی تێکدەرانە، خوشک و برایەتیمان تا هەتایە لەم خاک و جوگرافیایە بەردەوام بێت".

سەرۆکی پەرلەمان هیچ شتێکی نەگوت دەربارەی هەنگاوەکانی دەسەڵات بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەکە.